فینۆمینۆلۆجیی هۆش-ی هیگڵ بە کوردی
ئارام سدیق
چوار ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ برادەرێکی ئەڵمانیزاندا گفتوگۆمان لەسەر هەندێک چەمکی فەلسەفی و وەرگێڕانی تێکستی فەلسەفی دەکرد لە زمانە ئەوروپییەکانەوە و ڕاستەوخۆ بۆ زمانی کوردی. بیرمە ئەوکات من پێشنیاری دوو کتێبی کانت و کتێبی فینۆمینۆلۆژیی هۆشی هیگڵ-م بۆ ئەو برادەرە ئەڵمانیزانە کرد. بەڵام ئەو نەک ئامادە نەبوو کارەکە بکات، بەڵکو هەر بە مەحاڵی دەزانی و دەیگون بۆ ئەڵمانییەکان خۆیان بە باشی لە کانت و هیگڵ تێدەگەن تا ئێمە بیانکەینە کوردی.
خۆشبەختانە لە دوو ساڵی ڕابردوودا دوو کتێبی کانت، کە من ئەکات پێشنیارم کرد کرانە کوردی، کە ئەوانیش ڕەخنەی عەقڵی پەتی و ڕەخنەی عەقڵی پراکتیکی بوون، کە هەردووکیان لەلایەن سۆران عومەر حەمەوە لە ئەڵمانییەوە کراونەتە کوردی و جێگەی دەستخۆشییە. لەم ڕۆژانەی ڕابردووشدا چاپی کوردی فینۆمینۆلۆژیای هۆش-ی هیگڵ بە وەرگێڕانی د. محەمەد کەمال بڵاوبوویەوە، کە دەتوانم بڵێم بە بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە خەونی چوار ساڵ لەمەوبەری من هاتەدی. خەونێک کە لای برادەرە ئەڵمانیزانەکەم نەک مەحاڵ بوو، بەڵکو شایەنی بیرلێکردنەوەش نەبوو. بە کوردیکردنی ئەم شاکارە فەلسەفیانە لە چەند ئاستێکدا گرنگی تایبەتیان هەیە، کە من دەمەوێت بە کورتی ئاماژەیان بۆ بکەم:
یەکەم: دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمانی کوردی، بە وشەی نوێی فەلسەفی.
دووەم: زمان و ئەدەبی کوردی بەر لەوەی زمانێکی فیکریی و فەلسەفی بێت زمانێکی ئەدەبی و کشتوکاڵیانە بووە و پڕبووە لە موفرەدەی دەرەوەی ژیانی فیکر و شارستانیانە، کە ئەم جۆرە سەرچاوانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە زمانێکی فیکریی و فەلسەفی بەشێک لە ئەدەبی ئێمەش بگرێتەوە و زەمینە خۆشکەربێت بۆ داهێنانی تێکستی خۆماڵی فیکریی و فەلسەفی.
سێیەم: شکاندنی ئەو ترس و تابۆیەی کە پێی وایە زمانی کوردی دەرەقەتی تێکستی گەورەی فەلسەفی نایەت. وەرگێڕانی فینۆمینۆلۆژیی هۆش و ئەو دوو کتێبە نێوبراوەی کانت و (بوون و کات)ی هایدیگەر و (بوون و نەبوون)ی سارتەر، کە هەر لەلایەن د. محەمەد کەمالەوە کراون بە کوردی، گەواهیدەری ئەوەیە، کە ئەگەرچی زمانی کوردی بۆ ئەم شاکارانە لە کەموکوڕی بەدەر نییە، بەڵام ئەوەندە بێ هێزە و کەمتوانا نییە، کە دەستەوسان بێت لە ئاستی ئەم جۆرە تێکستانە و دەکرێت بە وەرگێڕانی ئەم تێکستگەلە دونیایەکی نوێ لەبەردەم زمانی کوردی و گەشەسەندنیدا بکەینەوە.
لێرەوە بە کوردیکردنی شاکاری فەلسەفی فینۆمینۆلۆجیی هۆشی هیگڵ، دەکرێت دەروازەیەک بێت بۆ وەرگێڕان و بە کوردیکردنی دەیان سەرچاوەی دیکەی فەلسەفی و چیتر پێویست بەوە ناکات، کە بەرانبەر هیچ تێکستێکی فەلسەفی دەستەوەستان بوەستین، بەڵکو من لاموایە بەشێک لە ئەرکی وەرگێڕ ڕیسک کردنە و هەوڵدانە بۆ دەوڵەمەندکردنی زمان و کردنەوەی ڕووبەری زیاتر بەڕووی زمانی نەتەوەکەی خۆیدا. ئەم هەوڵەی د. محەمەد کەمال بەر لەوەی کارێکی وەرگێڕان بێت، ڕیسکێکە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تێکستێکی گرنگی فەلسەفی و شاکارێکی فەلسەفی ئەڵمانی.
فینۆمینۆلۆجیی هۆش لە دوتوێی 874 لاپەڕەدا لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە و وەرگێڕ لە پێشەکی کتێبەکەدا باسی لە سەختی ئەم کتێبە کردووە و نووسیویەتی: ئەم پەرتووکە وەکو پەرتووکەکانی دیکەی هیگڵ سەختە و پێویستی بە خوێندنەوەیەکی قووڵ هەیە. کاتێک من خوێندکاری فەلسەفە بووم دووجار ئەم کتێبەم خوێندەوە و نەمتوانی دروست لە ناوەڕۆک و مەبەستەکەی بگەم، تاکو پەرتووکەکەی ئەلیکسەندەر کۆجێفم بە ناوی (پێشەکییەک بۆ خوێندنەوەی هیگڵ: وانەکانی لەسەر فینۆمینۆلۆجیی هۆش) بەردەست کەوت و لە ڕێگەی ڕاڤەکەی کۆجێفەوە لە مەبەستەکەی گەیشتم. ئەگەرچی ئەم ڕستانەی د. محەمەد کەمال سەرەتا وەکو جۆرێک لە ترساندنی خوێنەر دەربکەون، بەڵام هاوکات وشیارکردنەوەیەکیشە لەسەر ئەوەی کە ئەم کتێبە بە تەنها کتێبێکی فیکری و فەلسەفی نییە، بەڵکو شاکارێکی فەلسەفییە و بۆ تێگەیشتنی تەواوەتی لێی پێویستە خوێنەر وردبینانە و بە حەوسەڵە بێت تاکو خوێنەر لە تەواوی پاژەکانی کتێبەکە تێبگات.
وەرگێڕانی ئەم کتێبە بەتەنها تێکستەکەی فینۆمینۆلۆژیی هۆش لە خۆ ناگرێت، بەڵکو لە سەرەتای کتێبەکەدا شیکردنەوە و لێکدانەوەیەکی گرنگ هەیە، کە کۆمەکی زیاتری خوێنەر دەکەن بۆ تێگەیشتن لە تێکستەکە و هاوکات بۆ ڕوونکردنەوەی زۆرێک لە مەبەستە شاراوە و ناڕوونەکانی هیگڵ. بۆیە د. محەمەد بەم کارەشی شاکارەکەی هیگڵی بۆ خوێنەری کورد ئەوەندەی دیکە دەوڵەمەند کردووە. ئەمە بێجگە لەوەی هەر لە چەند مانگی ڕابردوودا کتێبێکی دیکەی د. محەمەد کەمال لەسەر هیگڵ بڵاوبوویەوە بەناونیشانی لۆجیکی هیگڵ، کە ئەویش دەکرێت هاندەرێکی دیکە بێت بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە بۆچوونەکانی هیگڵ و هێڵی فەلسەفی ئەم فەیلەسوفە.
دەستخۆشی بۆ د. محەمەد کەمال، کە وێڕای توێژینەوە فەلسەفییەکانی خۆی بە زمانی کوردی، هاوکات لە خەمی خوێنەری کوردزمان و دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردیدایە بەم جۆرە شاکارە فەلسەفیانە.