کوردستانیانی ئازیز
جەماوەری دڵسۆز و کۆڵنەدەری پارتیمان..
هەروەک پێشبینی دەکرا، وا ئەمجارەش ڕێبازی کوردایەی ڕاستەقینە، ڕێبازی پارتی و بارزانی، سەرکەوت و هەر بە پێشەنگی کوردستان مایەوە. خەونی نەزۆکی نەیارانی کۆن و نوێی پارتی نەهاتەدی. بانگەشەی شەڕانگێزانە و تۆمەتهەڵبەستن و چەواشەکاری نەیانتوانی خەڵکی هۆشیاری کوردستان بە لاڕێدا ببەن و ئەمجارەش گەل متمانەیەکی لە جاران بەهێزتری بۆ پارتی نوێکردەوە و باوەڕێکی پتەوتری بە ڕێبازە نەتەوەیی و ئامانجە کوردستانییەکانی بەخشی.
ئەم سەرکەوتنە مەزنەی پارتیمان کە بەشێوەیەکی ئارام و ئازاد، بە هیممەت و دڵسۆزیی نیشتمانپەروەرانی #پێشمەرگە# ئاسا و خەمخۆرانی سەرکەوتنی حەق و ڕاستی بەدیهات. بە کۆشش و شەونخونی ماندونەنەناسانەی پارتییە دڵسۆزەکان و جەماوەرە وەفادارەکەی بەدیهات، کە هەمووان وەک یەک تیم هاتنە مەیدان هەر لە بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان تا سەرۆک بارزانی و جێگری سەرۆک و هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی، کۆی لق و ئۆرگانەکان، سەرجەم کادیر و ئەندامان، پێشمەرگە و فەرماندە دلێرەکان، تەواوی دەزگا ئەمنیەکان، ڕێکخراوەکانی ئافرەتان، قوتابیان، لاوان، زانایانی ئایینی و مامۆستایان و ئەکادیمی و ڕۆشنبیران، پیاوماقوڵ و ڕیشسپی و خزمانی بە ئەمەکی خێڵ و تیرە و عەشرەتەکانی کۆی دەڤەرەکانی کوردستان، چالاکە پارتییەکانی نێو سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەییەکان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کچان و کوڕانی خوێن گەرم و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، فەرمانبەر و کاسبکار و کرێکار و جوتیار، ئەندام و لایەنگر و پشتیوانانی پارتی و ڕێبازەکەی لە نێو کۆی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاکانی کوردستان بە #موسڵ#مان و مەسیحی و ئیزدییەوە، لە کۆی شار و شارۆچکە و گوندەکانی سەرتاسەری کوردستان.
ئەم سەرکەوتنە مەزنەی پارتی کە بەهیممەت و ئیرادەی خەڵک بەدەستهات، سەرکەوتنە بۆ کۆی گەلی کوردستان و ئەوانەی چاویان لە کوردستانێکی بەهێز و ئاوەدان و خۆشگوزەرانترە، بۆیە پیرۆزبایی گەرممان ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و جەماوەری پارتیمان بە تایبەتی دەکەین. بەو ئومێدەی ئەم سەرکەوتنەی پارتی وەک هەمیشە بەخێر و قازانجی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بکەوێتەوە و کۆتایی بە فەوزاری سیاسی بهینێ و لە سایەیدا پەرلەمانێکی کارا و حکومەتێکی تۆکمە و مونسەجیم و خزمەتگوزارتر بێتە ئاراوە و چاکسازی و گۆڕانکارییەکی گەورە بێتەدی.
سوپاس و پیرۆزبایی و دەستخۆشی گەرممان بۆ هەموو لایەک، بۆ هەموو ئۆرگانەکانی پارتیمان کە بەوپەڕی دڵسۆزی و هەستکردن بە مەسئولیەت ئەرکی خۆیان بەجێگەیاند و هەموو توانای خۆیان خستەگەڕ تا ئەم سەرکەوتنە مەزنەیان بەدیهێنا.
سوپاس و دەستخۆشی گەرم بۆ بنکە و بازنە و ڕێکخراوەکان، لیژنە ناوچەکان، لقەکان و ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارێزگاکان، مەکتەبە ناوەندییەکانی ڕێکخستن، پەیوەندییەکان، دارایی، دیراسات و تۆژینەوە و ئەکادیمیای پارتی، دەزگای هەڵبژاردن، دەستەی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان، دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بە هەموو کەناڵەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەکانەوە، شێرە کچان و کوڕانی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا و یەکە یەکەی بەربژێرەکانی پارتیمان، سوپاس بۆ چاوکراوەیی و خەمخۆری چاودێرانی سەرسندوقەکان و ویستگەکانی دەنگدان. سوپاس بۆ یەک بەیەکی ئەو جەماوەرە بەئەمەک و وەفادارەی بە هەر جۆرێک بەشداربوون لە بەدیهاتنی ئەم سەرکەوتنە مەزنەدا.
پارتیمان جارێکی دیکە دڵنیایی و بەڵێن و پەیمان بۆ خەڵکی هۆشیاری کوردستان و جەماوەر و دەنگدەرانی نوێدەکاتەوە کە وەک هەمیشە لە ئاستی متمانە و دەنگ و چاوەڕوانی میللەتدا بێت. هەمیشە خەمخۆری سەربەرزی و شکۆی ئینسانی کورد و کوردستانی بێت. هەموو تواناکانی بخاتەگەڕ بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز و ئاوەدان و خۆشگوزەران.
مەکتەبی سیاسی
#پارتی دیموکراتی کوردستان#
#04-10-2018#