نرخی #تەماتە# لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، نرخی کیلۆیەک تەماتە لە عەلوەکان بە 750 دینار بۆ 1100 دینار دەفرۆشرێت، بەڵام لەبازاڕەکاندا بە 2000 دینار دەگاتە دەستی کڕیاران. ئەمەش نیگەرانی زۆری لای هاونیشتمانییان دروستکردووە.
هۆکاری بەرزی نرخی تەماتە ئەوەیە کە ماوەی چەند ڕۆژێکە ئێران هەناردەکردنی تەماتەی بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگرتووە و هۆکارێکی دیکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەرهەمی نێوخۆ پێداویستی بازاڕ پڕناکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی هەناردەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت.
سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی سەندیکای عەلوەکانی #سلێمانی# دەڵێت: هۆکاری گرانبوونی تەماتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە هاوردەکردن لە ئێرانەوە قەدەخەکراوە و بەلێشاویش بەرەو شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەڕوات، بەرهەمی ناوخۆش بەشی هەموو عێراق ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمساڵ بەهۆی نەخۆشییەوە تەماتە کەمبوو، بەهۆی ئەوەی ساڵی ڕابردوو جووتیاران زیانیان کرد، ئەمساڵ بەرهەمی تەماتەیان کەم چاندووە.
نرخی کیلۆیەک تەماتە لە عەلوەکاندا بە 750 دینار بۆ 1100 دینار دەفرۆشرێت، بەڵام لەبازاڕەکاندا بە 2000 دینار دەگاتە دەستی کڕیاران.
محەممەد عەزیز، کاسبکار، دەڵێت: لە ڕابردوودا سێ بۆ چوار کیلۆ بە هەزار دیناربوو، ئێستا گرانبووە و وەک جاران نافرۆشرێت.
عیماد جەلال، وەک کڕیارێک لە بازاڕە و دەڵێت: پێشتر تەماتەی زۆر جوانت هەڵدەبژارد، بە 750 بۆ هەزار دینار بوو، ئەمڕۆ هاتوومەتە بازاڕی شێخەڵڵا تەماتە بووەتە 2000 دینار، ناشکرێت تەماتە نەکڕین، چونکە هەموو خواردنێک تەماتەی پێویستە.
بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێیانوایە بۆ ئەوەی نرخی بەرهەمی تەماتە لە ئاستێکدا جێگربکەن، چارەسەر لەوەدا دەبینن کە ئاستی هەناردەی ئەو بەرهەمی خۆماڵییە، بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق کەمبکرێتەوە.
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی بە ڕووداوی ڕاگەیاند: ''ئێمە باجمان لەسەر تەماتە هەڵگرت بۆ ئەوەی هانی بازرگانان بدەین تاوەکو زوو تەماتە بهێنن، تۆنی 350 هەزار دیناری لەسەر بوو لامانبردووە، تاوەکو نرخی تەماتە لەسەر هاووڵاتیان زۆر نەبێت، ئەگەر بێتوو زیاتر گران بێت، دەتوانین ڕێژەی هەناردەی تەماتە بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کەمبکەینەوە.
ئاستی بەرهەمی هاوردە و بەرهەمهێنانی تەماتە لە دوو ساڵی ڕابردوودا:
2016:
86 هەزار و 205 تۆن تەماتە لەنێوخۆدا بەرهەمهاتووە
102 هەزار 862 تۆن تەمانە هاوردەکراوە
2017:
83 هەزار و 107 تۆن تەماتە بەرهەمهاتووە
87 هەزار 86 تۆن تەمانە هاوردەکراوە[1]
#05-10-2018#