گۆڕانی شێوازی ژیان و زیادبوونی گوشارە جۆراوجۆرەکانی سەر مرۆڤی کورد، له و هۆکارە سەرەکییانەن کە جەڵتەی دڵ و نەخۆشییەکانی دیکەی دڵیان لە کوردستاندا زیادکردووە.
مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە، بە تایبەت نەخۆشییەکانی تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکانی دڵ، لە ڕیزی پێشەوەی نەخۆشییەکانی سەردەمی ئەمڕۆماندان. نەک هەر ئەوە بەڵکو تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکانی دڵ و تووشبوون بە جەڵتەی کوشندەی دڵ کە جاران لە تەمەنی هەڵکشاودا ڕوویاندەدا، ئەمڕۆ ئەم نەخۆشییە مەترسیی بۆ سەر ژیانی گەنجانیش دروست کردووە.
بەپێی ئامارێکی سەنتەری بووژانەوەی دڵ لە #سلێمانی#، تەنها له و سەنتەرەدا مانگانە نزیکەی (40) کەس بە جەڵتەی دڵ گیان لەدەستدەدەن و ئەگەر ئه و حاڵەتانەش لەبەرچاوبگرین کە لە سەنتەرە پزیشکییەکانی دیکە و لە دەرەوەی ئه و سەنتەرانەش ڕوودەدەن، ئەوا ژمارەکە زۆر بەرزتر دەبێتەوە.
دکتۆر ئارام جەمال، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ، پێیوایە هۆکاری ژینگەیی، وەک دڵەڕاوکێ و سترێس و هەروەها وەرزشنەکردن و زیادبوونی ڕێژەی جگەرە و نێرگەلەکێشان، ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لەسەر تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان.
هۆکارێکی دیکە بە بڕوای دکتۆر ئارام جەمال ئه و خواردنانەن کە لە کوردستاندا هەن و کەس نازانێت سەرچاوەی دروستکردنەکەی چۆنە.
هەرچەندە جاران ئەم نەخۆشییە زیاتر تووشی ڕەگەزی نێر دەبوو، بەڵام ئێستا ئه و جیاوازییە ڕەگەزییە ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە، ئەوەیش بەهۆی چوونیەکبوونی ژیان و خواردن لە نێوان نێر و مێ-دا.
خۆشبەختانە، کردنەوەی بەشی قەستەرە و بەشی نەشتەرگەریی کراوەی دڵ لە سلێمانی و شارە گەورەکانی دیکەی کوردستان ڕۆڵێکی باشی هەبووە لە کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن.
داتاکان پێماندەڵێن کە لە سەنتەری قەستەرەی دڵ، ڕۆژانە تێکڕا دە پرۆسەی دانانی شەبەکە و باڵۆن بۆ نەخۆش ئەنجام دەدرێت و ئەم سەنتەرە تاکە سەنتەرە لە عێراقدا کە بە بەردەوامیی شه و و ڕۆژ پێشوازی لە نەخۆش دەکات، تەنانەت لە ڕۆژانی هەینی و پشووەکانیشدا. ئەمە جگە له و نەخۆشخانە و سەنتەرە ئەهلییانەی دیکە کە هەمانە خزمەتگوزارییان هەیە.
بە ڕای دکتۆر ئارام جەمال هێشتا ژمارەی پزیشکی پسپۆڕی ئه و بوارە لە کوردستاندا کەمە و پێویستە سەنتەری هاوشێوەی ئەوەی سلێمانی لە هەموو شار و شارۆچکەیەکی دیکەی کوردستاندا دابین بکرێت، چونکە ئەنجامی چارەسەرکردنی جەڵتەی دڵ تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە خێرایی چارەسەرەکەیەوە.
ئه و پەندە باوەی کە دەڵێت (خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن) نەخۆشییەکانی تەسکبوونەوەی بۆرییەکانی دڵ-یش دەگرێتەوە. لەم ڕووەوە دکتۆر ئارام جەمال ئامۆژگاریی هاووڵاتیان دەکات کە شێوازی ژیان و خواردنیان بگۆڕن و یەکەمین مەسەلە کە پێویستە بکرێتە نەریت، وەرزشکردنە. پێویستە هەفتەی 5 جار وەرزش بکەیت کە هەرجارەی 15-20 خولەک بەردەوام بیت. هەروەها دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی گوشاری خوێن و شەکرە گرنگن بۆ ڕێگریی لە ئاکامە خراپەکانی جەڵتەی دڵ.
داتاکان پێماندەڵێن کات ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە ئەنجامی چارەسەرکردنی جەڵتە و ڕاوەستانی دڵ.
لەم ڕووەوە بەشی بوژاندنەوە و قەستەرەی دڵ لە ماوەی ڕابردوودا توانیویەتی سەدان نەخۆش لە مردن ڕزگار بکات، ئەویش لەڕێی شۆکی کارەبایی و دانانی ڕاستەوخۆ و خێرای شەبەکە و باڵۆن. کە تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (50) نەخۆشی جەڵتەی دڵ ڕاستەوخۆ قەستەرەی چارەسەرییان بۆ ئەنجامدراوە.
سەبارەت بە نەشتەرگەرییەکانی دڵ، ئامارەکان نیشانیدەدەن کە لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (183) نەشتەرگەریی دڵ لە سلێمانی ئەنجام دراوە، واتە بە تێکڕایی دەکاتە نزیکەی (23) نەشتەرگەریی لە مانگێکدا.
قەیرانی دارایی لە دوای ساڵی (2014)ەوە، زەبرێکی توندی لەم جومگە هەستیارەی کەرتی تەندروستی وەشاندووە کە لە وڵاتانی دیکەی جیهاندا ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەکردندایە، بەڵام وا نزیکەی چوار ساڵە لە کوردستاندا مانگ بە مانگ لە پاشەکشێدایە.[1]
#04-10-2018#