دواڕۆژ، نوسینگەی #هەولێر#
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە هەزار سکاڵا تۆمارکراوە و بەرپرسانی کۆمسیۆنیش ئاماژە بەوه دەکەن: تاوەکو سکاڵاکان بە تەواوی یەکلانەکرێنەوه، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ڕاناگەیەنرێت.
بەپێی دوایین ئامارەکان لیژنەی سکاڵا لەگەڵ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران زیاتر لە 1045 سکاڵای لەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان وەرگرتووە و 225 سندوقیش قردێلەی سووریان لەسەره، بەجۆرێک پارێزگای #سلێمانی#، 117 سندوق، لە پارێزگای هەولێر 57 سندوق و لە پارێزگای #دهۆک#یش 51 سندوق-ن.
ئیسماعیل خورماڵی، بڕیاردەری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لیژنەی باڵای سکاڵاکان بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها لەکۆبونەوەی دوێنێ هەینی 5ی تشرینی یەکەم 58 سکاڵای سور و زیاتر لە 50 سکاڵای سەوز و هەمان ژمارەش زەرد کە لەهەولێر بوون، تاووتوێیکردووە و دەیان هەزار دەنگی پوچەڵ کردۆتەوە.
وتیشی: بە یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان دەنگی ساختەکاران دەسوتێت و بەشێک لەمافی خەڵکی دەگەڕێتەوە، ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی زۆر جیاواز دەبێت لە ئەنجامە بەراییەکان واتە ژمارەی دەنگ و کورسیەکان گۆڕانکاری بەسەردا بێت و جۆرێک لە هاوسەنگی بۆ هاوکێشەکان بگەڕێتەوە.
لای خۆیەوە شێروان زرار، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ئاماژه بەوەدەکات: دەسەڵاتی پەسەندکردن و ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەدەستی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنە و دوای یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکان، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیار لە بارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دهدات.
لە ڕۆژی 30ی ئەیلولی مانگی ڕابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراو تاوەکو ئێستاش کۆمسیۆن ئەنجامی بەرایی بە ڕێژەی لە 85% ڕاگەیاندووە، بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی و پەسەندکردنیش پێویستی بە دەنگی 2 لەسەر 3ی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانە.[1]
#06-10-2018#