بە بڕیارێکی حکومەتی عێراق، سەرجەم ئەو کاڵایانەی لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل هاوردە دەکرێن، دوای ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەردەچن، لەلایەن بازگەکانی سوپا و حەشدەوە ناچار دەکرێن باج و گومرگ بدەن، ئەمەش بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی سەتا 40ی هاوردەکردن لەو دەروازە سنوورییە.
شۆفێری بارهەڵگرەکان دەڵێن، بەبێ ئەوەی پسوولە یان بەڵگەیەک وەربگرن، دەبێت بڕێکی زۆر پارە بە ناوی گومرگ بدەنە بازگەی سوپا و #حەشدی شەعبی#.
سلێمان ئالا کە شۆفێری بارهەڵگرە و لە تورکیاوە کەلوپەل بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەگوازێتەوە، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: ئێمە ناوێرین بچینە عێراق، بۆ ئێمە قەدەخەیە، بارهەڵگرەکانمان دەچنە هەرێمی کوردستان و لەوێوە بارەکانی ئێمە دەبەنە بەشەکانی دیکەی عێراق.
شۆفێرێکی دیکە بەناوی ویداد بایران بە ڕووداوی ڕاگەیاند: پێشتر کە دەچوومە عێراق زۆرجار تاوەکو 1500 دۆلار قازانجی بۆم هەبوو بەڵام ئێستا 500 دۆلاریشم بۆ نامێنێتەوە.
زیاتر لە 3700 بازرگان کەلوپەل لە وڵاتی تورکیاوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەهێنن. ئازاد نێروەیی کە لەنێوان تورکیا و عێراق بازرگانی دەکات بە ڕووداوی ڕاگەیاند: من دوو بارهەڵگرم بە ڕێگای #کەرکووک# بۆ بەغدا ناردووە، پێشتر کارتۆنێک جبس بە چوار دۆلار دەگەیشتە بەغدا کەچی ئێستا 7 دۆلاری تێدەچێت، بازرگانان بەو شێوەیە چۆن دەتوانن کار بکەن؟.
ساڵانە لەنێوان 7 بۆ 12 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنیوان هەرێمی کوردستان و تورکیا ئەنجام دەدرێت و بەپێی ئامارەکانی گومرگ، 75%ی ئەو کەلوپەلانەی لە سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە هاوردە دەکرێن بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دەنێردرێن.[1]
#07-10-2018#