ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژی فێستیڤاڵی هەنگەوانانی وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقییە لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان. ژمارەیەک هەنگەوانی هەرێمی کوردستانیش لە فێستیڤاڵەکە بەشدارن و، بەهۆی کوالێتیی هەنگوینەکەشیانەوە، کێبڕکێ لەگەڵ هەنگوینی ئەو وڵاتانە دەکەن.
بەگوێرەی ئاماری تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان، 700 هەزار پوورەهەنگ لە کوردستاندا هەن، ساڵانە 950 تۆن هەنگوین بەرهەمدێنن، کە بە یەکێک لە باشترین جۆرەکانی هەنگوینی جیهان دادەندرێت.
کەشوهەوای هەرێمی کوردستان لەبارە بۆ بەخێوکردنی هەنگ، هەر ئەوەش وایکردووە هەنگوینی هەرێمی کوردستان لە دوو کۆنگرەی وڵاتانی عەرەبیدا پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت.
وەلید خەلیل، یەکێکە لە هەنگەوانانی #شنگال#، کە ساڵی پێشوو لە کۆنگرەی دەیەمی هەنگەوانان لە وڵاتی میسر هەنگوینەکەی پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بەدەستهێنا، ئەمساڵیش لە فێستیڤاڵی هەنگەوانانی وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی بەشدارە و چاوی لەوەیە پلەیەکی باش بەدەستبهێنێت.
لە هەرێمی کوردستان 10 هەزار و 600 هەنگەوان ئەندامن لە تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان، ساڵانەش لە کۆنگرەی وڵاتانی عەرەبی بۆ هەنگەوانان بەشداری دەکەن، گرنگی ئەم جۆرە کۆنگرانە بۆ هەنگەوانانی کوردستان لەوەدایە کە دەتوانن پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی هەنگوین بکەن و هەنگوینەکانیان هەناردەی وڵاتانی دونیا بکەن.
فەتحی بحێری، سەرۆکی هەنگەوانانی عەرەب دەڵێ ئێمە هیوادەخوازین وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەین، لەبەرئەوەی جۆرەها هەنگوین لە کوردستان هەیە و داواکاریەکی زۆری لەسەرە، وەکو هەنگوینی سیدر و ڕەبیعی ئەو جۆرانە بۆ ئێمە پێویستن. هەروەها سەبارەت بە هەنگوین و بەشداریکردنی کوردستان لە یەکێتیی هەنگەوانانی عەرەب، ئەمەیان زۆر گەورەیە.[1]
#07-10-2018#