چەند ڕۆژێکە جوتیارانی گوندی #چەوتان#ی سەر بەشارەدێی #ناڵپارێز#-ی شارۆچکەی #پێنجوێن#، دەستیان بە دروێنەکردنی بەرهەمی #چەڵتوک# کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی ماوەی پێنج مانگ لە چاودێرییکردن و خزمەتی بەردەوامی بەرهەمەکەیان.
بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی گوندی چەوتان و لەباری کەشوهەواکەی ساڵانە باشترین جۆری برنجی کوردی بەرهەم دەهێنرێت، جوتیارانی گوندەکەش لە لێدوانیاندا بۆ ڕۆژنیوز باس لە وەرزی چاندن و بەرهەم هێنانی برنج دەکەن.
جەمال مەجید، یەکێک لەو جوتیارانەیە، کە ساڵانە مەرزە دەکات وتی:لە سنووری پارێزگای #سلێمانی# چەڵتوک و برنجی چەوتان ناوبانگی تایبەتی خۆی هەیە، ئەوەش بەهۆی لەباری کەشوهەواکەی و هەروەها ساردی ئاوەکەی، کە مەرجی سەرەکییە بۆ ئەوەی بەرهەمی برنج زۆر باش بێت، هەروەها ئێمە کڕیاری تایبەتیمان هەیە و ساڵانە لەکاتی پێگەیشتنیدا دێن لێمان دەکڕن.
ئەو جوتیارە، ڕەخنەی لە کۆمپانیاکانی بازرگانیی گرت و وتی: هەندێک کۆمپانیای بازرگانیی، برنج بەناوی گوندی چەوتانەوە دەخەنە بازاڕەوە، بەڵام لە ڕاستدا ئەوە برنجی چەوتان نییە، لەبەر ناوبانگی برنجی چەوتان ئەو ناوە لە برنجەکانیان دەنێن.
جوتیارانی چەوتان، دوای دروینەکردن، چەڵتوکەکان کۆدەکەنەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک جێی دەهێڵین بۆ ئەوەی وشک ببێت، دواتر بە تراکتۆر گێرەی دەکەن و شەنی دەکەن، ئەوەی دەمێنێتەوە پێی دەوترێت چەڵتوک کە برنجەکەی تێدایە.
بۆ ئەوەی بەرهەمێکی باشیان دەست بکەوێت، دەبێت جوتیاران زۆرترین ئاو بۆ مەرزە دابین بکەین، بۆیە بە درێژایی پێنج مانگ چاودێریی بەرهەمەکەیان دەکەن و ئاوی دەدێرن تا پێدەگات.
جوتیارانی چەوتان لە بەرهەمی ئەمساڵیش ڕازین چ لەڕووی جۆرە و چ لەڕووی بەرەوە، چونکە ئەمساڵ لە یەک تەنەکە چەڵتوک نزیکەی 70 تەنەکە چەڵتوکیان دەستکەوتووە.
محەمەد عەبدولقادر، یەکێکی تر لە جوتیارانی گوندی چەوتان، باسی لە گیروگرفتەکانی بەرهەم هێنانی برنج کرد وتی:برنج هاوشێوەی بەرهەمەکانی تر ڕووبەڕووی نەخۆشیی و لەناوچوون دەبێتەوە، بەتایبەت ئەگەر پلەکانی گەرما لە هاویندا زۆر بەرز ببن و هەروەها دەرد و نەخۆشیی کشتوکاڵیش مەترسی لەسەر چەڵتوک دروست دەکات، بەڵام ئێمە لەسەر ئەرکی خۆمان دەرمانی قڕکەر دابین دەکەین.
وەک محەمەد باسی کرد، ساڵانی ڕابردوو کیلۆیک چەڵتووک نزیکەی حەوت هەزار دیناری دەکرد، بەڵام ئەمساڵ کیلۆی بە چوار هەزار دینار دەکات.
ئەو جوتیارە، نیگەران بوو لەوەی، کە کاری هەرەوەزیی وەک ڕابردوو لەنێوان هاوڵاتیانی گوندەکاندا نەماوە، ئێستا دەبێت تەنها پشت بەخۆت ببەستیت، ئەمەش پەیوەندیی بەو گۆڕانکارییانەوە هەیه، کە بەشێوەکی گشتیی لە ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان هاتووەتە ئاراوە.
چەڵتوک چۆن دروست دەبێت؟
چەڵتوک، کە برنجی لێ بەرهەم دەهینرێت لەناوەڕاستی مانگی پێنج دەست دەکرێت بە چاندنی بۆ ئەوەی بە تەواوەتی پێبگات پێویستی بە پێنج مانگ هەیە و لە مانگی 10 بەرهەم دەدات، لە ماوەی ئەو پێنج مانگەشدا دەبیت بەردەوام ئاو لەژێر گۆلە مەرزەکاندا بێت بۆ ئەوەی بەرهەمێکی باش دەست جوتیاران بکەوێت.[1]
#07-10-2018#