دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی گەشتووگوزاری #سلێمانی# لە پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریدا نزیکەی 20 کورسی و مێزو سەلەی خۆڵ و خاشاکی لە چیای گۆیژە دانا، بەڵام پیسکردنی دەوروبەری پرۆژەکە و ڕێز لێ نەگرتنی لە لایەن هاووڵاتیان و گەشتیارانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەرایەکی زۆری نایەوە و بووە جێگەی مشتوومڕی هاووڵاتیان.
لەوبارەیەوە عەلی ڕەئوف بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی بە PUKmedia ی ڕاگەیاند: ئەو پرۆژەیەی لەسەر چیای گۆیژە دانراوە، کە بریتییە لە کورسی و مێز و سەلەی خۆڵ و خاشاک، بۆ خزمەتی هاووڵاتیان و گەشتیاران دانراوە تا بتوانن لەو جێگەیەدا پشوو بدەن.
وتیشی: بەداخەوە دوای دانانی پرۆژەکە لەگەڵ ئەوەی لە تەنیشت هەر کورسی و مێزێکەوە سەلەی خۆڵ دانراوە، بەڵام گەشتیاران و هاووڵاتیان زۆر بە پیسی و ناشرینی پرۆژەکە بەجێدەهێڵن، بەشێوەیەک ئەگەر وابڕوات پرۆژەکە لە جێگەیەکی گەشتوگوزارييەوە دەگۆڕێت بۆ شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاک.
لە کۆتایشدا بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی وتی: لە داهاتوودا پرۆژەی زۆر گەورەترمان لە شاخی گۆیژە بەدەستەوەیە بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان، بۆیە داواکارم لە هواڵاتیان ڕێز لە بوونی ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانە بگرن، چونکە دواجار بۆ سوود وەرگرتن و جوانترکردنی سیمای شوێنە گەشتوگوزارییەکان دروستکراوە.
PUKmedia تاژاو محەمەد[1]
#07-10-2018#