ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران دەستی بە چاندنی مینە پێداڵیەکان لە سنوورەکانی کوردستان کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سپای پاسداران لە سنووری ساوجی و باشماخ لە شاری #مەریوان# هەتا نزیکی #پێنجوێن# لە کوردستانی عێراق دەستی بە چاندنی مین لە جۆری پێداڵی (NO4)، کردووە.
بە وتەی کارناسێکی مینهەڵگرەوە لە وەزارەتی بەرگری حکوومەتی ئێران، ئەو جۆرە مینانە لە جۆری پێداڵی (NO4)، کوپی کراوە لە مینە پێداڵییەکانی وڵاتی ئیسرائیل و لە کەرەتی بەرەڤانی بەرهەم دەهێنرێت.
ناوبراو دەڵێت: ئەم جۆرە مینە مەترسی بۆ کەسی مین چێنەر نییە و سێ کاتژمێر پاش دانانی ئەو مینە لە شوێنی دیاری کراوە، ئامادەی لە سەر پێی (مسلح)، دەبێت.
ناوبراو هەروەها ئەوەشی خستەووەتەڕوو: لەم ماوەی دواییدا، چەندین #کۆڵبەر# بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری شاری مەریوان کوژراو و بریندار بوون.
ماوەیەک پێش، بێهنام سادقی چالاکی بواری خاوێنکردنەوەی مین لە پارێزگاکانی خووزستان و #ئیلام# بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لەژێر ناوی مین، دۆسییەکی هەمیشە کراوە لە بڵاوکراوەی ماف باسی لە ئاماری قوربانیانی مین و کەرەستە نەتەقێندراوەکانی سەردەمی شەڕ لە کوردستان دەکات.
ناوبراو هەروەها لەو بارەوە ئەوەشی خستووەتەڕوو: لە ئەمساڵدا هەتا کاتی نووسینی ئەم بابەتە و لە 18 ڕووداوی تەقینەوەی مین و کەرەستە بەجێماوەکانی شەڕ لە پارێزگا ئالوودەبووەکان بە مین، بەداخەوە 5 کوژراو و 22 کەس بریندار بوون، کە تەواوی ئەو ڕووداوانە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ڕووی داوە.
بوونی 20 میلیۆن مینی چێنراوی کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ئێران هەتا ئێستا چەندین ڕێوڕەسمی تایبەتیی لەژێر ناوی خاوێن کردنەوەی کێڵگە مینەکان بەڕێوە بردووە.[1]
#07-10-2018#