لێکۆلێنەر، موزیکژەن/ ئاوازدانەر
ساڵی (1349) 1970 ز چاوی بەدنیا هەڵ هێناوە.
کاوە فەقیەزادە خاوەنی بڕوانامەی ئۆستادیارییە لە بواری ئۆتنۆمووزیکولۆژی (ناسینی مووسیقی)
ناوبراو زانستی مووسیقی لە خزمەت یووسف ڕەبیعی لە ساڵی 1366ی هەتاوییەوە دەسپێکرد و لە ساڵی 1368ی هەتاوی لەسەر ڕینێمایی مامۆستا ڕەبیعی بۆ فێربوونی تکنیکی ئامێرە مووسیقاییەکان دەچیتە تاران و لە قوتبخانەی مامۆستا فەرامەرزپایوەر، و لە ژێر چاوەدێریی ئەودا و بە ڕا هێنانی مامۆستا سەعید سابت خولی تایبەتی بۆ ناسینی ئامێرە مووسیقاییەکان و ئامێری (سەنتوور)بۆ ماوەی 8 ساڵ تێپەڕاند.
لە ساڵی 1378ی هەتاوی چالاکییە هونەرییەکانی خۆی لە بواری کۆکردنەوەی ئەلفوبێیی مووسیقی(نۆت نووسی) و نوێکردنەوەی بەرهەمە کلاسیک و ڕەسەنەکانی کەڵە موسیقدان و گۆرانیبێژانی کوردستانی و دابەشکردنی بۆ ئامێری سەنتوور دەسپێکرد و لە نێوان ساڵەکانی 1384 تا 1388ی هەتاوی بۆ ماوەی 4 سڵ لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان لەسەر مووسیقی کوردی لێکۆڵینەوەو توێژینەوی بۆ ئەنستیتۆی کورد کردووە.
هاوکات وەکوو مامۆستایەکی مووسیقی ناس لە زانکۆی هونەرەجوانەکانی وەزارەتی ڕۆشنبری حکوومەتی هەرێمی کوردستان وانەی گوتوتەوە.
ڕاهێنان بۆ ئامێری سەنتوور، تیوری و زانستی مووسیقی و سوڵڤێژ و چاودێری بۆسەر ئۆڕکێسترا و ڕیبەری ئۆڕکێسترا بەشێک لە چالاکییەکانی بووە.
کاوە فەقیەزادە دامەزرێنەر و مامۆستا و بەڕیوەبەریی خولە فێرکارییەکانی مووسیقی کوردی بۆ سەنتوور بووەو خاوەنی 31 ساڵ ئەزموونی و ژیانی هونەرییە و هەروەها تا ێستا 15 کتێبی تایبەت بە هونەری مووسیقی لە چاپ داوە و بە هەموو توانایەوە لە خزمەتی پاراستن و گەشەی مووسیقی کوردیدا بووە
ناوبراو لە درێژەی چالاکییەکان و خەمخۆرییەکانی بۆ مووسیقی کوردی لە ڕیکەوتی 10/7/1388 بە مەبەستی تەکووزی و ڕیکخستنی کەسانی خاوەنی بەهرەی مووسیقایی لە ناوچەی موکریان ئۆرکێسترای فیلارمۆنیکی موکریانی دامەزراند و توانی بە یارمەتی وەرگرتن لە هۆگرانی مووسیقی و ژەنیارانی ناوچەکانی مەهاباد، بۆکان، پیرانشار و سەردەشت و شنۆ، بە شێوەی لۆژیکی لە چالاکییەکانی خۆیدا بەردەوام بێ[1]