هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، ئەمساڵیش خاوەنی باخە #هەنار#ەکانی سنووری پارێزگای #هەڵەبجە# دەستیان بە ڕنینی هەنارەکانیان و دروستکردنی ڕووبە هەنار کردووە.
ئەگەرچی دەوترێت، کە هەنار هەتا باران لێی نەدات تامی ڕاستەقینەوە خۆی وەرناگرێت، بەڵام لەو ناوچانەی، کە زوو هەنار پێدەگات، هەر لە سەرەتای وەرزی پایزەوە دەست بە ڕنینیان دەکرێت.
لە باشوری کوردستان هەڵەبجە و هەورامان ناوبانگێکی تایبەتیان هەیە لە بەرهەمی هەناردا، هەم لەڕووی باشی خۆشیی تامەکەیەوە، هەمیش لەڕووی زۆری بەرهەمەوە.
هەناری هەڵەبجە لە چەند جۆرێکی جیاواز پێکدێن، و ساڵانە لە ڕووبەری هەشت هەزار و 500 دۆنم زەوی زیاتر لە 20 هەزار تۆن باشترین جۆری هەنار بەرهەم دەهێدنرێت، بەشێکی زۆری ئەم هەنارە لە بازاڕەکاندا ساغ دەکرێنەوە و بەشێکی دیکەشی دەکرێنە ڕووبە هەنار و شەربەتی هەنار، هاوکات سوود لە ناوک و توێکڵی هەناریش وەردەگیرێت بۆ ئالیکی ئاژەڵ.
جۆرەکانی هەناری هەڵەبجە بریتین لە (ساڵەخانی، لاڕەشە، خۆفرۆشی، کەوە، بەلەسی، شیرنی ناوسپی، مێ خۆش) بەڵام لەناو هەموو ئەو جۆرانەدا ساڵەخانی خواستێکی زۆرتری لەسەرە، چونکە لەڕووی تامەوە تامێکی نەشیرینە و نەترشە(مێ خۆش)ە، هەروەها ڕەنگی دەنکی هەنارەکەش زۆر جوانە.
لەگەڵ هاتنی وەرزی ڕنینی هەنار دەرفەتی کار بۆ هاوڵاتیانی سنوورەکە دەڕەخسێت و لەو باخانەی، کە تیمی ڕۆژنیوز سەردانی کرد، نزیکەی 20 ژن بەیەکەوە هەناریان دەڕنی و لە کاتژمێر ڕۆژانە لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە تا کاتژمێر چواری سەر لە ئێوارە کار دەکەن.
بەهۆی ئەوەی وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران بەرهەمی هەناری کەمە و بڕێکی کەمی لێدەنێرێت بۆ ناو هەرێم، ئەمە دەرفەتێکی باشی بۆ جوتیارانی ناوچەکە ڕەخساندووە، کە بتوانن بەرهەمەکانیان بە نرخێکی باش ساغ بکەنەوە، بەڵام هەندێک ساڵ بەهۆی زۆری هەنار و نەناردنەدەرەوەی هەنار بۆ نرخێکی زۆر کەم دادەبەزێت..
فاتمە حەمە ساڵح، یەکێکە لەو ژنانەی کە ڕۆژانە وەک کرێکار ڕوو لە باخە هەنارەکانی سنووری هەڵەبجە دەکات بۆ ڕنینەوەی هەنار، باسی لەوەکرد، کە لە سەرەتای هەنار ڕنینەوە تا کۆتایی مانگی 11 لە #شارەزوور#ەوە ڕوو لە هەڵەبجە دەکات بۆ هەنار ڕنین بە کرێی ڕۆژانەی 20 هەزار دینار.
هەروەها، بیلال محەمەد، خاوەنی یەکێک لە باخە هەنارەکانی گوندی کوڵکنی لەناو باخە هەنارەکەیدا باسی لە تایبەتمەندیی ئەم وەرزە کرد بۆ باخەوانان و وتی: لەکاتی پێگەیشتنی هەنار ئێمەی جوتیاران دەست دەکەین بە ڕنینەوەیان و پاشان هەنارە چاکەکان جیا دەکەینەوە بەمەبەستی فرۆشتن دەیانبەین بۆ عەلوەی #سلێمانی# و بەشێکی زۆریشی هەر لە ناو بازاڕەکانی ناوخۆدا دەفرۆشین.[1]
#11-10-2018#