مەهاباد حەسەن عوسمان، لەدایکبووی شاری #کەلار#ە و قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری کەلار تەواو کردووە، دەرچووی بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی #سلێمانی#یە. لە ئێستاشدا وەک توێژەر و وەرگێڕ کاردەکات، مەهاباد حەسەن چەندین ساڵ کاری ڕێکخراوەیی کردووە وەک توێژەر و ڕاهێنەر لە بواری مافەکانی ژنان و کێشە خێزانییەکاندا، لە زۆربەی شارۆچکە و گوند و قوتابخانەکانی دەڤەری گەرمیاندا توێژینەوە، ڕاپرسی، سیمینار و کۆڕی تایبەتی لە بارەی هۆشیاریی کۆمەڵگە و ڕێنماییی ژیان و فاکتەرەکانی سەرکەوتنەوە گرتووە، هەروەها بۆ هۆشیارکردنەوەی کچان و ژنان هەوڵی بێ وچانی داوە، بە بەشداریکردن لە بەرنامە ڕادیۆییەکان و ئەنجامدانی توێژینەوە و ڕاپرسیدا. لە پای کار و چالاکییەکانی لە بوارەکانی نووسین، وەرگێڕان، مافەکانی ژنان و پەروەردەدا چەندان خەڵات و ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە.
سەرەتای نووسین و وەرگێڕانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007 ئه و کاتەی کە خوێندکاربووە، لەچەندین بڵاوکراوە و گۆڤار و ماڵپەڕ بابەتی بڵاو کردووەتەوە، لەساڵی 2008 دەستی کردووە بە وەرگێڕانی کتێب، لە ساڵی 2009 یەکەم کتێبی وەرگێڕدراوی لە زمانی فارسییەوە بڵاوکراوەتەوە. مەهاباد حەسەن، خاوەنی ئەم بەرهەمانەیە:
وەرگێڕانەکان:
1- ژنی نموونەیی - ئەم کتێبە لەلایەن مارابل مۆرگان نووسراوە و لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، چاپی یەکەمی ساڵی 2009 و چاپی دووەمی ساڵی 2013 لەلایەن خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما، لە دووتوێی 157 لاپەڕە بڵاوکرایەوە.
2- پرۆگرامی ئامانجە مەزنەکان - ئەم کتێبە لەلایەن برایان تریسی نووسراوە و لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، ساڵی 2013 خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما، لە دووتوێی شەست و چوار لاپەڕە هەزار دانەی لێ بڵاوکرایەوە.
3- ڕۆژێک 365 جار دووبارە نەکەینەوە- ئەم کتێبە لەلایەن مەسعود لەعلی نووسراوە و ساڵی 2014 خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما، لەدووتوێی 190 لاپەڕە هەزار دانەی لێ بڵاوکردەوە.
4- کاتێک تۆ دەگۆڕێیت جیهانیش دەگۆڕێت- ئەم کتێبە لەلایەن مەسعود لەعلی نووسراوە و لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، ساڵی 2014 خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما، لەدووتوێی 200 لاپەڕە هەزار دانەی لێ بڵاوکرایەوە.
5- لەشەپۆلەوە تا لوتکە - ئەم کتێبە لەلایەن مەسعود لەعلی نووسراوە و لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، ساڵی 2014 خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما لە دووتوێی 150 لاپەڕە هەزار دانەی لێ بڵاوکردەوە.
6- پێویستییەکانی مرۆڤی ئەمڕۆ - ئەم کتێبە لەلایەن دوکتۆر عەلی شەریعەتییەوە نووسراوە، ساڵی 2016 خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما لە دووتوێی پەنجا و دوو لاپەڕەدا هەزار دانەی لێ بڵاوکردووەتەوە.
7- دەروازەی بەدیهێنانی خەونەکان - ئەم کتێبە لەلایەن دبی فۆرد نووسراوە و لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، ساڵی 2016 خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما، لە دووتوێی 215 لاپەڕە هەزار دانەی لێ بڵاوکردەوە.
8- مۆدێل، بەئەمڕۆیی بوون یان پێشێلکردنی بەهاکان - مەهاباد حەسەن، ژمارەیەک نووسینی فارسی کۆکردۆتەوە و وەریگێراوەتە سەر زمانی کوردی، ساڵی 2017 لەلایەن خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما هەزار دانەی لێ بڵاوکرایەوە.
9- چۆن باوکتم ناسی - ئەم کتێبە لەلایەن مونا زارع بە فارسی نووسراوە و ساڵی 2017 لەلایەن خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما هەزار دانەی لێ بڵاوکرایەوە.
10- وەرگێری ئازارەکان- پەرتووکی وەرگێڕی ئازارەکان نۆبەرەی نووسەری هندی-ئەمریکی جومپا لاهیرییە، ساڵی 1999 دا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاپ و بڵاوکرایەوە. ساڵی 2018 خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما لە دووتووێی 302 لاپەڕەدا هەزار دانەی لێ بڵاوکردەوە.
11- خاوەن پێداویستی تایبەت - وەحید نەجەفی ئەم کتێبەی نووسیوە و ساڵی 2019 لەلایەن گروپی نما سێ هەزار دانەی لێ بڵاوکرایەوە.
12-بێشعووریی- دکتۆر خافێر کریمێنت ئەم کتێبەی نووسیوە و لە ساڵی 2020 لە دووتوێی 280 لاپەڕەدا لەلایەن خانەی چاپ و پەخشی ڕێنماوە هەزار دانەی لێ بڵاوکراوەتەوە.
13- گوتەکانت گۆچانی پەرجوویی تۆن - ئەم کتێبە لەلایەن فلۆرێنس سکۆڤێل شینی ئەمریکی نووسراوە.
14- دەرگای شاراوەی سەرکەوتن - ئەم کتێبە لەلایەن فلۆرێنس سکۆڤێل شینی ئەمریکی نووسراوە.
15-کاریگەری گوتە - ئەم کتێبە لەلایەن خاتوو فلۆرێنس سکۆڤێل شینی ئەمریکی نووسراوە.
16- بۆچی داماوین - ئەم کتێبە لەلایەن دوکتۆر حەسەن نەراقی نووسراوە و مەهاباد حەسەن لە زمانی فارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لەدووتوێی 250 لاپەڕەدایە.
17- یاری ژیان و ڕێوڕەسمی ئەم یارییە - ئەم کتێبە لەلایەن فلۆرێنس سکۆڤێل شینی ئەمریکی نووسراوە .
نووسین:
18- ناپاکی هاوسەرێتی و پەردەپۆش کردنی_ توێژینەوە:
هەڵکشانی ڕێژەی ناپاکيی هاوسەرێتی لە نێوان(ترس و عەیبە و نەبوونی یاسایەکی گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی) لە دەڤەری گەرمیاندا. ئەم لێکۆڵینەوەیە تایبەتە بە ژیانی هاوبەش و ناپاکيی ژن و پیاوان لەیەکتر، لەماوەی شەش مانگدا و لە درێژەی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی گەشەپێدانی خەڵک بۆ گەشەپێدان و بەسەرپەرشتی ڕێکخراوی فریاگوزاری نەرویجی ئەنجامدراوە و لە ساڵی 2011دا بە هەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە.[1]