دواڕۆژ، ڕاپۆرت، پشتیوان جەمال
یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان ئاشکرایدەکات، کارکردن لە 200 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سنوری پارێزگای #سلێمانی# دەستیپێکردۆتەوە کە پێشتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوون.
میران کامیل، وتەبێژی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دواڕۆژ ڕایگەیاند، نزیکەی 200 پڕۆژە لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستیان پێکردۆتەوە کە زۆر پێویست و ستراتیژین و ئێستا کاریان تێدا دەکرێت، پرۆژەکانیش لەبواری ڕێگەوبان و شەقام، نەخۆشخانە و قوتابخانەن.
روونیشکردەوە: دەستپێکردنەوەکە ئەو پڕۆژانە دەگڕێتەوە کە 70% بۆ 80%یان تەواو بووە و کارکردن تیایدا وەستابوو.
بەپێی ئاماری لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەران، نزیکەی چوار هەزار پڕۆژە هەیە، لەو ژمارەیەش هەزار و 200 پڕۆژە لە سلێمانییە.
ئیبراهیم عەزیز، بەڕێوەبەری ڕێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی بەدواڕۆژ ڕایگەیاند: لەساڵی ڕابردووەوە دەست بە قیرتاوکردنی چەندین شەقام لە سنوری پارێزگای سلێمانی کراوە لەوانەش (فراوانکردنی دەربەندی #ڕانیە#، دووسایدی حاجیاوا، قۆناغێکی دوکان- چوارقوڕنە، شەقامی سلێمانی- عەربەت، شەقامی عەربەت- سەیدسادق، شەقامی وارماوا- #دەربەندیخان#، شەقامی سەیدسادق- #هەڵەبجە#، شەقامی #کەلار#- دەربەندیخان بە دوو قۆناغ، شەقانی کەلار- #کفری# بە یەک قۆناغ).
ئاماژەی بەوەشکرد: بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن لەو پڕۆژانە ڕاگیرابوون، بەڵام بەدەستپێکردنەوەیان ڕەنگە لە ساڵی داهاتوو یان دوو ساڵی دیکە تەواو بکرێن.
هەر لەو بارەیەوە ئەبوبەکر تەیب، بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بەدواڕۆژی وت: ئەمساڵ سێ پڕۆژەی ساڵانی ڕابردوومان دەستبەکاربوونەتەوە لەوانە کۆنکرێتی گەڕەکی کوردسات، کۆنکرێتی کوردسات بۆ گوندی کەڵەکن، تەواوکردنی ئاو و ئاوەڕۆی گەڕەکی قڕگە.
مانگی شوباتی 2014 قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەو هۆیەشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوکردنی پڕۆژەکانی وەستاند.[1]
#12-10-2018#