لقی شاری #وان#-ی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (IHD) لە بینای ڕێکخراوەکە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی ساز کرد و ڕاپۆرتی 9 مانگی ئەمساڵی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی لە شاری وان ئاشکرا کرد.
مەلەت گوتی: (لەم ماوەیەی دواییدا، بەهۆی قەیرانی ئابووری پێشێلکارییەکانیش زیاد دەبن. بەهۆی ئەوەی کولتووری دیموکراتی ڕۆژ بە ڕۆژ لاواز دەبێت، قەیرانی ئابووریش زیاتر تەشەنە دەکات. ئیدی گوێیەکان کەڕ بوون و زمانەکان لاڵ بوون. کەوتووینەتە نێو زەلکاوی ڕۆژهەڵاتی ناوین. تا لەم وەڵاتەدا یاسا سەروەر نەبێت، مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤیش پێشناکەون. پێویستە کەناڵەکانی سیاسەتی دیموکراتیک بکرێنەوە. پێویستە مافەکانی ئازادیی مرۆڤ بەبنەما بگیرێن. هەتا سیاسەتی دیموکراتیک و ئازادیی مافەکان پێشنەکەوێت، پێشێلکردنی مافەکانیش زیاد دەبن. هۆکاری سەرەکیی کێشەی ئابووری، نەبوونی کولتووری دیموکراتییە.)
لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا موراد مەلەت سەرۆکی لقی وانی ڕێکخراوەکە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی لە ماوەی 9 مانگی ڕابردوودا خستەڕوو و گوتی: (لە سنووری شاری وان 8 هەزار و 536 پێشێلکاریی لە بەرانبەر مافەکانی مرۆڤ کراوە. هەروەها تاوانێکی کوشتنی بکەر نادیار تۆمار کراوە و 2 کۆچبەریش ژیانیان لەدەستداوە.)
(لە ماوەی 3 مانگی ڕابردوودا 3 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و 10 میلیتانی ڕێکخستن ژیانیان لەدەستداوە. هەروەها 3 کەس بەشێوەیەکی گوماناوی ژیانیان لەدەست داوە. ژنێک و منداڵێک خۆیان کوشتووە. 2 حاڵەتی تووندوتیژیی نێو ماڵیش تۆمار کراوە.)
لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر ماڵاندا 282 کەس دەستگیر کراون
سەرۆکی لقی وان-ی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، (لە بەندیخانەکانی شارەکە 11 کەس بەهۆی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ سکاڵایان لای کۆمەڵەکەمان تۆمار کردووە. لە ماوەی 3 مانگدا 282 کەس دەستگیرکران و 73 کەس زیندانی کران. لەم پڕۆسەیەدا پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر 237 ماڵ. 7 هەزار و 148 پەنابەر دەستگیر کراون. مافی تەندرووستیی 6 بەندکراوی بەندیخانە پێشێل کراوە. 2 بەندکراو لە کاتی گواستنەوەدا مافەکانیان پێشێل کراوە. 741 کارمەند و کرێکار لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.)[1]
#12-10-2018#