بەهۆی دانانی خاڵی گومرگییەوە خۆراک و کەلوپەل لە #کەرکووک# گرانبووە، 53 پەرلەمانتاری کورد، عەرەب و تورکمان واژۆیان بۆ هەڵگرتنی خاڵە گومرگییەکانی #هەولێر# و بەغدا کۆکردووەتەوە و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقیش بڕیاریداوە کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەبارەی ئەو بابەتەوە بکات.
هاتنی هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بۆ کەرکووک دەبێت گومرگ بکرێت و وەک ئەوەی بچێتە وڵاتێکی دیکەوە، نوێنەرانی کەرکووک دەیانەوێت ئەو خاڵە کومرگیانە هەڵبگیرێن کە ماوەیەکی کەمە لەڕێگەی کەرکووک - هەولێر و کەرکووک-#سلێمانی# دانراون.
جەمال شکور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت: سەرۆکی پەرلەمان ڕەزامەندی لەسەرداوە و لەم ڕۆژانە دەخرێتە بەرنامەوە و گفتوگۆی لەسەردەکرێت، هەوڵدەین چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین، گومرگ تەنیا لە خاڵە سنوورییەکان دەبێت، ناکرێت بێتە نێوان شارەکانەوە، یان لەناوەڕاستی شارەکان دابنرێت، بەدڵنیاییەوە بەپێی یاسا هەوڵدەین و سەرکەوتوودەبین.
خاڵە گومرگییەکان ئێستا گومرگی هەموو شتێک دەکەن، تەنانەت کتێبیش، تاقانە کتێبخانەی کوردییە لە کەرکووک، بەهۆی ڕێگری خاڵە گومرگییەکانەوە پێدەچێت لەئێستا بەدواوە کتێبی کوردی پێنەگات.
هەموو کاڵاو خواردەمەنییەک لە بازاڕەکانی کەرکووک یان نرخیان زۆر زیادیکردووە، یان جۆرەکانی کەمبوونەتەوە و هاوردەناکرێن.
رۆستەم عەبدوڵڵا، هاونیشتمانی دەڵێت: بەهۆی ئەو گومرگەوە نرخ زۆر زیادیکردووە، 80% گران بووە و هەمووشتێک گرانبووە، شتێک بە 5 هەزار بوو بێت ئێستا بە 6 هەزار و 500ە، هەروەها ئەگەر کاڵایەک بە 7 هەزار بووبێت ئێستا بە 8 هەزار و 500 دینارە.
لەنگە یاخود کاڵای کۆنی ئەوروپی، بەهۆی هەرزانی نرخییەوە خواستی زۆری لەسەربوو، بەڵام ئێستا هێندە گومرگ دەکرێت نرخی لەکاڵای نوێ زیاترە.
بازاڕی کەرکووک بەوە بەنێوبانگە، هەم نرخ هەرزان و هەم کەلوپەلی هەمەجۆری تێدایە، بەڵام ئێستا هەم نرخ بەرزبووەتەوە و هەم زۆر پێداویستی هەن بەهۆی خاڵە گومرگییەکانەوە جۆریان بوونەتە دەگمەن و کەمبوونەتەوە.[1]
#13-10-2018#