شاعیر و وەرگێڕ خاتوو، #شنە نووری#
پەرتووکێکی نوێی شاعیر و وەرگێڕ خاتوو “شنە نووری”یە و لەلایەن ماڵی وەفاییەوە چاپ و بڵاو کرایەوە.. ئەم پەرتووکە کۆی ئەو هەڵبەستە ورد و مرۆڤانانەن کە لەمساڵانەدا شنە نووسیوێتی و لەم پەرتووکەدا بڵاوکراوەتەوه…
پێشەکی ئەم پەرتووکه: شێرزاد حەسەن، نووسیوێتی و تیایدا دەربارەی ئەم هەڵبەستانە دەڵێت:
تووڕەبوونی (شنە) هەرگیز بە تەنیا هیی خۆی نییە، لە هەڵبەست و داستان و ڕۆمان و چیرۆک و شانۆدا ئەوەی دەدوێت بە تەنیا خودی نووسەر و شاعیر نییە، بەڵکوو ئەم نوێنەر و دەمڕاست و زمانحاڵی هاوڕەگەز و هاوتەمەن و هاودەردەکانی نەوەی خۆیەتی کە لە هەمان جوگرافیادا کۆ بوونەتەوە.
ئەم هەڵبەستانە خەون-ئامێزن، دنەمان دەدەن و دەمانووروژێنن، پەڕەی دڵ و ڕۆح دەکڕێنن و غەمگینمان دەکەن، لەژێر پەردەیەکی تەنکەوە چەشنێک لە هاواری ئیرۆتیکییانە و سۆزیارانە لێمانەوە دیارە، کە پتر ئیرۆتێکی کوژراوە، کە بە دیوی ئەودیودا داوایەکی شەرمنانەی لە خۆ گرتووە کە ئەو ئیرۆتیکایە شایستەی زیندووکردنەوەیە، بە گشتی هەڵبەستی هەر حەوت کێشوەرەکە یان ستایشێکی ئاهەنگسازانەی ئیرۆتیکایە و هەلگوتنە بەجوانی و خۆشەویستی (ئیرۆس)، یانیش لاوانەوە و شیوەنە بۆ مەرگی ئیرۆتیکا و کوشتنی ئیرۆس و زاڵبوونی (تاناتۆس): خوداوەندی مەرگ. سەرباری ئەم ئاوازە غەمهێنەی کە لە هەندێک لە هەڵبەستەکانیدا گوێبیستی دەبین، هاوکاتیش شنە شاعیرێکی درەوەشاوە و ڕۆشن و شادومانە، پڕ لە ڕۆناهی و پڕشنگە و ئاهەنگساز و سرووشتپەرستە و ستایشی ئەو جوانییە کێوییە دەکات کە لە چواردەوری خۆی هەستی پێدەکات، شاراوە و بزرە و کەسانێکی کەم خۆی ئاسا دەیبینن، بەڵام ئەم قرچۆک و دەستگرەوە و چاونووقاو نییە، بەڵکوو تا ئەوپەڕی مەستبوون و شەیدایی بانگمان دەکات کە دەگەڵ ئەودا سەرمەست و سەرگەرمی ئەو هەموو جوانییە بین کە ئەرک و ڕەنجی بێهوودە وای کردووە بێباک بین و نابینا بین بەرانبەر بەجوانی پەنهان. [1]