دروستکردنی بینای بازرگانیی لەناو شاری یاریی شارۆچکەی #کەلار#، ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە، بە بەقوربانییکردنی پرۆژەکە لە بەرژەوەندیی گشتییەوە بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی و بازگانیی ناو دەبرێت، خاوەنی پرۆژەکەش دەڵێت، کە ڕەزامەندییان لە حکومەت وەرگرتووە.
ئەمڕۆ لەبەردەم پارکی شاری یاریی کەلار، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی #گەرمیان#، هەردوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای #سلێمانی# محەمەد وەهاب و کەریم عەلی، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی سەبارەت بە دروستکردنی چەند بینایەکی بازرگانیی لەناو پارکەکەدا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.
ئەو دوو ئەندامەی ئەنجومەن لە کۆنگرەکەدا، ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، کە تاکە پرۆژەی گەشتیاریی و سەوزایی لە شارۆچکەکە شاری یاری کەلارە، لە ئێستادا ڕووبەری زیاتر لە هەزار و 500 مەتری پرۆژەکە، لەبری سەوزایی کراوە بە بینا و باڵەخانە و پرۆژەی بازرگانیی و هەفتە بازاڕ و چێشتخانە.
باسیان لەوەش کرد، کە ئەوە بەدەرە لە ڕێنمایی ژینگەیی و ماستەرپلانی شارۆچکەکە و کەمکردنەوەی ڕێژەی سەوزاییە، هەروەها بە قوربانیی کردنی پرۆژەکەیە لە بەرژەوەندی گشتییەوە بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی و بازگانیی.
هەروەها، وتیشیان، کە لە ڕابردوودا یاداشتیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کردووە، بەمەبەستی ڕێگرییکردن لەم پرۆژەیە، دواتر لە ڕێگەی لیژنەی شارەوانییەکانەوە لیژنەیەک پێکهێنرا و سەردانی پرۆژەکە کراو ڕاگیرا، بەڵام لەئێستادا جارێکی تر بە ڕەزامەندیی حکومەت پرۆژەکە کەوتووەتە کار.
وەک خۆیان باسیان کرد، ئەمڕۆ بۆ هەمان مەبەست سەردانی داواکاری گشتیی گەرمیان یان کردووە و بەڵێنیان لێوەرگرتووە، کە تانە لەم پرۆژەیە دەدەن لە ڕێگای دادگای ئیدارییەوە.
سەبارەت بەم بابەتە ڕۆژنیوز سەردانی عەبدوڵا ڕەحیم بەڕێوبەری پرۆژەکەی کرد و ناوبراو، لە بەرامبەردا ڕایگەیاند: هیچ کام لەم پرۆژانەی ئێمە بەدەر نییە لە پێکهاتەی شاری یاریی کەلار و هەموو پرۆژەکانمان فەرمییە و بە بەڵگەو نوسراوەوە ڕەزامەندیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانمان هەیە.
وتیشی: پرۆژەکە پێکهاتوون لە مارکێت و مەلەوانگە و چێشتخانە و دوو نافور و سەرجەم یارییەکانی ناو پارکەکە و دوای 15ساڵ لە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە پێشکەشی حکومەت دەکرێتەوە، بۆیە ئێمە بەشێوازی فەرمی براوەی کەیسەکەین.[1]
#14-10-2018#