ڕۆژی یەکشەممە 22ی ڕەزبەری 1397ی هەتاوی، مانگرتنی گشتیی مامۆستایانی قوتابخانەکان لە بەشێکی زۆری شارەکانی ئێران و کوردستان بە سەرکەوتنەوە بەڕێوه چوو.
مامۆستایان ئەو توێژە کاریگەرەی کۆمەڵگان کە زۆرترین خزمەت بە ڕۆلەکانی گەل دەکەن. ئەوان شیاوی ژیانێکی زۆر باشن و لە سەرجەم کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا مامۆستایان وەک نموونە و پێشرەوی کۆمەڵگا سەیر دەکرێن، نەک هەر مافیان پێشیل ناکرێ، بەڵکوو دەرفەتی باشترین ژیانیان بۆ دابین دەکرێ، بەڵام لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەک پلەی مامۆستا ڕێزی لێ ناگیرێت، بەڵکوو مافە سەرەتایییەکانیشی کە دابینکردنی ژیانێکی سەردەمیانەیە لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بە هەند ناگیرێ و لە ژیانێکی کۆڵەمەرگیدا ڕایان دەگرن و ئەوە لە حاڵێکدایە کە مامۆستایان خزمەتی منداڵانی وڵاتەکەیان دەکەن و بۆ دواڕۆژ و داهاتووی وڵات ئامادەیان دەکەن، مانگرتنی گشتیی مامۆستایان بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە لایەک بە سیاسەتی هەڵە و شەڕخوازانه و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و یارمەتیگەیاندنی ماڵی و لوجیستێکی بە تاقم و گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچە، لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و لە لایەکی دیکەوە لە هەمبەر هەلومەرجی نالەباری ئابووریی مامۆستایان و کەمیی مووچە، چوونەسەری نرخەکان، بێبەها بوونی پووڵی میللی، سەرکوت و خەفەقان و نەبوونی ئازادیی بەیان و نەبوونی پلانێک بۆ خوێندن بە زمانی زگماکی، لەسەر ویست و داخوازیی کۆمەڵیک مامۆستای پێشڕەو، مانگرتنی گشتی لە ئاستێکی بەربەریندا بەڕێوه چوو. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانی لە ویست و داخوازییە ڕەواکانی مامۆستایانی قوتابخانەکانی سەنگەری پەروەردە و زانست لە ئێران و کوردستان، داوا لە گەلانی ئێران و بەتایبەت بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین، با هەموومان بە یەکگرتوویی و یەکدەنگییەوە پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی مامۆستایان بکەن. لە هەمان کاتدا داوا لە خەڵکی تێکۆشەر و خەباتگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی مامۆستایان کوردستان بکەن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
23ی ڕەزبەری 1397ی هەتاوی
#15-10-2018#