قایمقامی #هەولێر# ڕایدەگەیەنێت: بەهۆی سەرپێچیکردن لە ڕێنماییەکانی لیژنەی چاودێری ژینگە و بازاڕ، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی تانکەری پاشەڕۆی ماڵان دەستیان بەسەرداگیراوە و ژمارەیەک جوتیاریش سزادراون.
ماوەی چەند ساڵێکە ئاودانی سەوزەکان لە گوندی توڕەق بوەتە دیاردەیەکی قێزەون و کاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان دروستکردووە، له و ماوەیەدا لەلایەن لیژنەکانی پاراستنی ژینگە و تەندروستی و قایمقامیەتی هەولێر، چەندینجار ئاگاداری ئه و جوتیارانە کراوەتەوە کە لەسەر ئاوەڕۆی هەولێر کاری کشتوکاڵی و سەوزەکان دەکەن، بەڵام بەشێک له و جوتیارانە پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون.
لە تازەترین حاڵەتیشدا تانکەرێکی بیری پاشەڕۆی ماڵان کە هاووڵاتیەک بە مۆبایلەکەی خۆی وێنەی گرتووە، دەردەکەوێت ئه و دیاردەیە بەردەوامە و خەڵکانێک بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیان بە ئاوی پیسی ماڵان ئاو دەدەن.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: دیاردەی ئاودانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی وەک سەوزەکان بە ئاوی پیسی ماڵان تائێستا بەردەوامە و سەرجەم لیژنەکانی چاودێری بازاڕ، ژینگەپارێز و تەندروستی ئاگادارکراونەتەوە کە بە توندی ئه و کەسانە سزا بدەن کە کاری له و شێوەیە دەکەن.
قایمقامی هەولێر وتیشی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی سەرپێچی ژمارەیەک شۆفێری تانکەر و بیر و ئه و جوتیارانەی کاری کشتوکاڵی بە ئاوی پیس دەکەن، نزیکەی 54 کەس سزادراون کە لەوانە 24 تانکەر دەستیان بەسەرداگیراوە و ژمارەیەک جوتیاریش بە بڕی یەک ملیۆن دینار سزادراون و هەندێکی تریشیان بۆ ماوەیەک زیندانی کراون و دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە ئازادکراون.
نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوەشکرد: ئەوان بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی ئه و کەسانەی ئه و کارانە دەکەن، هەر کەسێکیش کە پێشتر لەسەر ئه و بابەتە دەستگیر کرابێت یان سزادرابێت گەر جارێکی تر دەستگیربکرێتەوە بە دوو بەرامبەر سزادەدرێتەوە و دەستیش بەسەر تانکەرەکەیدا دەگیرێت و نایدرێتەوە.
لەبارەی زیانە تەندروستییەکانیشەوە سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو: بەکارهێنانی پاشەڕۆی ماڵان کە وەک پەین بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەکاردەهێنرێت زیانێکی زۆری تەندروستی بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی تووشبوونی جۆرەها نەخۆشی.
بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر ئەوەشی وت: دیارترین ئه و نەخۆشییانەی کە بەهۆی ئەم دیاردەیەوە تووشی هاووڵاتیان دەبێت، نەخۆشییەکانی (حومای ماڵتا و تیفۆ)یە، بۆیە لەگەڵ لیژنەکانی قایمقام و پۆلیسی شارەوانییەکان بەتوندی ڕێگری له و دیاردە نامرۆڤایەتییە دەکەین.[1]
#15-10-2018#