کتێبی دیوانی هایکوی (کەوتنەخوارەوەی مەراق)
(سەردار نۆڕێ).
ئەم کتێبە لە زنجیرەی ژمارە (8)ی بڵاوکراوەکانی پرۆژەی کتێبی (نووسیار)ە، کە ژمارەی سپاردنی دانیمارکی بۆ وەرگیراوە. کاری دیزاینی بەرگ و نەخشەسازی محمد زاری کردوویەتی و بە بەرگی ڕەق و کوالێتیی بەرز لە پاییزی 2019 لە چاپخانەی تاران چاپکراوە.
ئەم دیوانە لە دووتوێی 464 لاپەڕەدا 600 هایکو دەگرێتەخۆ. لەناوەوە لە سێ کتێب پێکدێت:
کتێبی یەکەم: بەناونیشانی (پژمینی گوڵ) هایکو سروشتییەکان و ڕەگەزەکانی دەگرێتەوە،
کتێبی دووەم: بەناونیشانی (عاشقێک میزەڵان دەفرۆشێت) هایکو مرۆییەکان و پەیوەند بە مرۆڤ دەگرێتەوە.
کتێبی سێیەم: بەناونیشانی (هەنگێکم لەکاتی پێوەدان.) هایکو ئیرۆتیکی و پۆرنۆگرافییەکان دەگرێتەخۆ.
لەگەڵ باسێکی گرنگ لەسەر هایکو، بەناونیشانی: (باسێک لەسەر هایکو و ئەدەبی ژاپۆنی) کە سەردار نۆڕێ بە پشتبەست بە کومەڵێک سەرچاوە و ئەزموونی خۆی؛ نووسیوویەتی. ئەم بابەتە بۆ گشت خوێنەرێک پێویستە بیخوێنێتەوە، گەر بیەوێت لەسەر هایکو شارەزایی هەبێت.
هاوکات لەگەڵ خوێندنەوەیەکی (ملکۆ ئەحمەد)
سەرۆکی یانەی هایکوی کوردی بەناونیشانی (تەکنیک و بابەت لە هایکوکانی سەردار نۆڕێ)دا.
هەروەها هەندێ لە هایکوەکانی ناو دیوانەکە؛ لەلایەن ملکۆ ئەحمەد بۆ زمانی عەرەبی و لە لایەن ڕزگار جەباری و بۆ فارسی وەرگێڕدراون.
نیگارکیش و شاعیر و هایکونووس؛ سەردار نۆڕێ لەدایکبوی کەلار ساڵی 1985. خاوەنی کتێبێکی شیعرییە (پۆرترێتی ئەندێشەکانی فڕین) ساڵی 2014. بەڕیوبەری یانەی هایکوی کوردییە. بەڕێوبەری نووسینی گۆڤاری (هایکیست)ە.
نموونەی لە هایکوەکانی کتیبە:
(1)
هەڵاڵەباران،
باخچەی پڕ لە شیلە و بۆن-
پژمینی گوڵ!
(2)
خۆ بەردەکانیش مانەوە،
گوڵەکان هەڵوەرین و-
تۆویان جێهێشت!
(3)
ئەڤیندارانە،
لێکئاڵانی پەنجەکانیان-
درەختەکانی ئەمبەر و ئەوبەر شەقام!
(4)
چەشنی گەڵایێ،
زیندووم و ڕۆژێ دێم بۆ-
کەناری وەرین.
(5)
پاییز دەمرێ،
بەفر مەمکی دەنێتە دەم-
کۆرپەی لق!