بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
شازدەی ئۆکتۆبەر ڕۆژێکی تاریکە لە مێژووی میللەتەکەمان. لەو ڕۆژەدا بوو کە خیانەتی نامەردانە، لە ئومێد و ئاواتەکانی گەلێکی مەزڵووم کرا. بەهۆی دەستێکی ناوخۆییەوە یارییەکی بێویژدانانە بە چارەنووسی گەلەکەمان کرا و ئەو خاکەی بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانە پارێزرا بوو، لە چوارچێوەی پیلانێکدا کەوتە ژێر داگیرکاری و کاولکاری و سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی گەلی کوردستان.
ئەو پیلانە نەگریسە، سووکایەتی بوو بە سەت ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان. سووکایەتیکردن بوو بە خوێنی شەهیدان و ئەو #پێشمەرگە# قارەمانانەی لە شەڕی تیرۆریستانی #داعش#دا #کەرکووک# و ناوچە کوردستانییەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان پاراست و لە جیاتی هەموو مرۆڤایەتی شەڕی تیرۆریان دەکرد. هەروەها سووکایەتی بوو بە دەنگی ڕەوا و ئاشتییانەی گەلی کوردستان کە تەنیا تاوانی ئەوە بوو دەنگی ڕاستەقینەی خۆی بە گوێی جیهانییان گەیاند.
ئێمە پێشبینیی هەموو ئەگەرێکمان کردبوو، بەڵام هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نەبووین دەستێکی ناوخۆیی بەمشێوەیە خەنجەر لە پشتی گەلی کوردستان بدات.
ئەوان ویستیان بە ناپاکی و داگیرکاری و زەبروزەنگ، ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن کە ئازادیخوازی و پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانە، بەڵام ئیرادەی گەلەکەمان بە زیندوویی ماوەتەوە و بە دڵنیاییشەوە ئازادیخوازی و پەیامی ئاشتی، سەربەرزییە و ناپاکی و داگیرکاریش سەرشۆڕی و شوورەییە.
ئامانجی شازدەی ئۆکتۆبەر، نەهێشتنی کیانی هەرێمی کوردستان و بێماناکردنی مافەکانی گەلی کوردستان بوو. ئەگەرچی بە هاوکاری و چاوساغیی دەستێکی ناپاکی ناوخۆیی، پیلانێکی زۆر گەورە لەدژی گەلەکەمان لە ئارادا بوو، بەڵام کە پێشمەرگە بڕیاری بەرگری و کۆڵنەدانی دا، هاوکێشەکان گۆڕان و سەربەرزی بۆ گەلی کوردستان مایەوە.
لەو یادە تاڵەدا، داوا لە هەموو لایەک دەکەم ڕێز لە مێژوو و مافەکانی گەلی کوردستان بگرن، سیاسەتی شۆڤینی و ئینکارکردن هیچ ئەنجامێکی نییە و تەنیا شەڕ و دواکەوتوویی لێ دەکەوێتەوە. هەمیشەیش داوامان کردووە کە کەرکووک ببێتە نموونەی پێکەوەژیان، بەڵام مساوەمە لەسەر ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک ناکرێت. داوایش لە هاووڵاتیانی کوردستان دەکەم بە ئومێد و هێزەوە بڕواننە داهاتوو، دۆزی گەلی ئێمە ڕەوایە و بە شەڕ و پیلان و ناپاکی، کۆتایی نایەت.
شازدەی ئۆکتۆبەر ئەو ڕۆژە تاریکەیە لە مێژووی گەلەکەماندا کە هەرگیز لە یاد ناکرێت و دەبێ ببێتە وانە بۆ تاک تاکی گەلی کوردستان.
سڵاو بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی.
سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان.
سڵاو بۆ تێکۆشەران و نیشتیمانپەروەران.
#مەسعود بارزانی#
#16-10-2018#