دواڕۆژ، عیماد جەباری
مەڕوە وێڕای خراپی پیاوەکەی ئامادەنەبو ماڵ لەخۆی تێکبدات بەڵام دایکی هانیدەدا تەڵاق وەربگرێت تاوەکو بۆ بەرژەوەندی خۆی بازرگانی پێوە بکات، ئەمە چیرۆکی ژنێکە کە دۆخی ئابوری و سیاسی شیرازەی خانەوادەکەی لەرەچەڵەکەوە هەڵتەکاندوە.
مەڕوە عەزیز (تەمەن 31 ساڵ) ماوەی 6 ساڵە هاوسەرگیری کردووە و دوو منداڵی هەیە (کوڕو کچێک) خۆی لەگەڵ پیاوە خراپەکەیدا گونجانبو لەپێناو ئەوەی چاوی لە گەورەکردنی دوو منداڵەکەی بو تاوەکو ڕۆژێک دەرگای ڕوناکی لێبکرێتەوە.
بە درێژایی ئه و شەش ساڵە هەمیشە هاوسەرەکەم بەسەرخۆشی دەگەڕایەوە و ئەوەی بەڕۆژ دەستی دەکەوت بەشەوان لە قوماردا دەیدۆڕاند و کە دەگەڕایەوە تاوەکو ڕۆژ دەبویەوە ئاگای لەخۆی نەدەبو دواتریش دەستی دەکرد بە ئەشکەنجەدانم و توندوتیژی لەدژ بەکاردەهێنام مەڕوە بەدەم گریانەوە ئەم قسانەی بۆ دواڕۆژ دەکرد.
زۆرن ئه و کەسانەی ژیانی خۆشی خۆیان دەکەنە قوربانی لەپێناو مانەوە لەچوارچێوەی ماڵێکدا بۆ ئەوەی سەرەڕۆ و دەربەدەر نەبن، بەڵام مەڕوە لەدوو لاوە ژیان تەنگی پێهەڵدەچنێت تاوەکو دواجار چارەنوسێکی جیاواز بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت.
ئه و ژنە لەبارەی دایکیەوە دەڵێت: هەمیشە هانیدەدام تەڵاقی خۆم وەربگرم و بگەڕێمەوە ماڵ بەبیانوی ئەوەی پیاوەکەم خراپە، بەڵام لەبنەڕەتدا مەبەستی بو بۆ کاری لەشفرۆشی بەکارمبهێنێت لەپێناو پەیداکردنی پارەدا چونکە دۆخی ئابوریان تەواو تێکچوبو.
وتیشی: پیاوەکەم هیچ هەڵوێستێکی نەبو، چونکە ئه و بەردەوام سەرخۆش و بێ ئاگابو لەخۆی، تەنانەت هەموو کەلوپەلەکانی نێو ماڵەکەشی بۆ قومارکردن فرۆشت.
مەڕوە بڕیاردەدات لەدەستی خراپی پیاوەکەی و هەوڵەکانی دایکی بۆ بەرکارهێنانی لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا لەگەڵ هەردوو منداڵەکەیدا هەڵبێت و خۆی بگەیەنێتە شوێنێکی پارێزراو کە بەهۆی پاراستنی ژیانێوە دواڕۆژ ئاماژەی بۆ ناکات.
ئەگەر هەڵوەشانەوەی ژیانی مەڕوە هۆکارەکەی خراپی دۆخی ئابوری بێت، ئەوە چەند کەسێکی دیکە بەهۆی ململانێی سیاسی و نەتەوەیی و مەزهەبی نێوان یەک خێزانەوە دەربەدەربوون و لە مەرگ گەڕاونەتەوە.
ئامارە فەرمییەکانی پۆلیسی #کەرکووک# کە دەستی دواڕۆژ کەوتوون، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 330 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆمارکراون.
له و ژمارەیەش 276 حاڵەتیان ژنان سکاڵایان لەسەر پیاوەکانیان هەبووە، تەنها 28 سکاڵا لەلایەن پیاوەوە لەدژی ژن تۆمارکراون.
هەروەک حەوت سکاڵا لەلایەن منداڵەوە لە دژی باوک تۆمارکراوە و سێ سکاڵایش بەپێچەوانەوە بووە و سێ سکاڵای تریش بەهۆی توندوتیژی نێوان خوشک و براوەیە، 13 حاڵەتی موتەفەریقەیش هەبون.
بەڵام ڕێکخراوەکان تایبەت بەمافی ژنان کە لەکەرکووکدا کاردەکەن گومانیان لە ئامارەکانی پۆلیس هەیە و ئەوەدەخەنەڕوو کە ژمارەی توندوتیژییەکان لەماوەی ئەمساڵدا بەرێژەیەکی زۆر جیاواز لەرابردوو زیادیان کردووە.
سرود محەمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی هیوا لە کەرکووک بە دواڕۆژی وت: دۆخی خراپی سیاسی و ئابوری ئەمساڵانەی دوایی لە کەرکووک کاریگەری خراپی لەسەر کۆمەڵگا دروستکردووە بەشێوەیەک کە حاڵەتەکان باوەڕپێکراونین تەنانەت لەلایەن خۆشمانەوە چونکە هیچ بنەما و ڕێزگرتنێک لەنێو خێزانەکاندا نەماوە.
وتیشی: خەڵک زۆر دانی بەخۆیداگرت، بەڵام کە دەبینێت دۆخی ئابوری و سیاسی چەقبەستووە و ناگۆڕێت، بەشێکیان بەهۆی زۆری فشارەوە تاقەتیان لێبڕا و لەسەر ڕێڕەوی خۆیان دەرچوون.
لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر بەشێک لە کێشە خێزانییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناکۆکی مەزهەبی و نەتەوەیی لەنێوان هاوسەرەکاندا دروستدەبێت، بەتایبەت کە کەرکووک ناوچەیەکی فرە نەتەوەیە و زۆربەی خێزانەکان بەهۆی ژنهێناوە تێکەڵ یەکتربون.
بەپێی چەند سەرچاوەیەک لە دادگای کەرکووک دوو حاڵەتی نامۆی کێشەی خێزانی لەبەشی جیابونەوەیە کە هۆکارەکەی بۆ ململانێی مەزهەبی دەگەڕێتەوە و یەکێکیان بەجیابونەوە لە بەرژەوەندی ژنەکە کۆتایی هاتووە کە شیعە مەزهەبە و لەژێر فشاری کەسوکاریدا کە چەکداری #حەشدی شەعبی#ن لە هاوسەرە کوردەکەی جیابوەتەوە.
ئەگەرچی هێشتا حاڵەتەکان کەمن، بەڵام مەترسی پەرەسەندنی دەکرێت بەتایبەت کە دەسەڵاتی ڕەهای ئەمنی و ئیداری شارەکە بەلای تاکە هێزێکەوەیە.
بەوتەی شارەزایان ململانێی سیاسی و حزبی ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆمەڵگای کەرکووک دروستکردووە بەشێوەیەک کە هەندێ جار ئەندامانی یەک خێزان بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی نێوانی خۆشیان دیاردەی چەکداری یاخود فشاری حزبی وحکومی بەکاردەهێنن.
سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیەیش بۆ ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە کە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی شیعە و سونەوە خێزانی ناوچەکانی بەغدا و دیالەیان ناچاردەکرد ئه و ژنانەی لەسەر مەزهەبی بەرامبەرن تەڵاق بدرێن کە بەهۆیەوە ڕێژەیەکی زۆر جیابونەوه و تێکچونی شیرازەی کۆمەڵایەتی ڕویدا.[1]
#19-10-2018#