یەکێک لەو کتێبانەی کە ئەرستۆ بیروبۆچوونە تیۆرییەکانی خۆی سەبارەت بە ئەدەب تیا خستووەتە ڕوو، کتێبی (هونەری شیعر)ە، کە تاکو ئێستاش لە مێژووی تیۆرییە ئەدەبییەکاندا گرنگی و بایەخی خۆی هەیە و گەلێ لەو مەسەلانەی لەو کتێبەدا باسی لێ کردوون، مایەی گفتوگۆکردن و مشتومرکردنن.
هەر لەم کتێبەدا ئەرستۆ بیروڕاکانی خۆی سەبارەت بە دراما بە گشتی و تراجیدیا بە تایبەتی دەربڕیوە. گەرچی کتێبی شیعر چەند جارێک کراوە بە کزردی و دەقەکەی لە بەردەستی خوێنەری کورددا هەیە، بەڵام تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی وەها سەبارەت بەم کتێبە بە زمانی کوردی نابینرێت.
وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی
شەش هەمین کتێبی زنجیرەی بنیاتنەرانی کلتوور
لە بڵاوکراوەکانی زنجیرەی کتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم 2015
زۆربەی ڕەخنەنووسانی شانۆیی لەسەر ئەوە ڕێکن کە یۆنان لانکی ڕاستەقینەی دراما بووە و سەرهەڵدان و فراژیبوونیشی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو کەشە ئایینییانەوە هەبووە کە لەو دەمەدا بۆ ئەو خواوەندانە سازکراون، کە گریکە کۆنەکان باوەڕیان پێیان هەبووە و بەتایبەتییش دیۆنیزیۆس یا باخۆس خواوەندی پێدەشت و دەوەن و بەروبووم و ڕەز.
گریکەکان بۆ ئەم خواوەندە ساڵی دوو ئاهەنگیان گێڕاوە، یەکەمیان لە سەرەتای زستاندا؛ واتە دوای ترێڕنین و مەی دروستکردن. لەو دەمەدا شادی و خۆشییەکی ئێجگار دایدەگرتن و بە کەیفەوە سروودی ئایینی و گۆرانییان دەچڕی و سەمایان دەکرد. لەم جۆرە ئاهەنگەیانەوە کۆمیدیا Comedy هاتە گۆڕێ، لە ئاهەنگەکەی تریشیانەوە کە پاش ئەوەی ڕەز وشک دەبوو و ڕووی سروشت گرژ و مۆن دەبوو، تراجیدیا Tragedy هاتە گۆڕێ.
کەواتە دراما واتە شانۆیی ڕاستەوخۆ لەو ئاهەنگ و جەژنە دیۆنیزیۆسیانەوە پەیدابوو... لەو کەش و سەما و سروودانەی پیایدا هەڵیان دەدا... لەو کەژاوانەی بۆ ڕێزلێنان و شکۆلێنانی دادەبەستران و بەشداران سەرنجیان لێ دەدا و شاپڵیتەیان هەڵدەگرت و دەمامکیان دەپۆشی، ئەو شوێنەی بۆ ئەم ئاهەنگەیش تەرخان دەکرا، پێی دەگوترا شانۆ و ئەوانەی لە ڕێزلێنانی خواوەندا بەشدارییان دەکرد لەپێشدا بە زێوان الکاهن و پاشانیش بە ئەکتەر ناسران، ئەوانەی پێشەنگیی سروودوتنەکەیان دەکرد و دەیانتوانی سروودی نوێ بهۆننەوە بە شاعیر ناودەبران و وردەوردە بواری ئەم کارەیان فراوانتر بوو، تا ناوی درامانووسیان بەسەردا دابڕا، هەروەها ئەوانەی کە تەنها بە گیان و سۆزەوە بەشداریی ئاهەنگەکەیان دەکرد، ناویان نرا بینەران]. (تاریخ المسرح فی پلاپە ێ لاف سنە، شلدون تشینی)
کۆنترین پیەسی شانۆیی گەیشتبێتە دەستمان، پیەسەکانی درامانووسە گریکەکانن و بەتایبەتی شانۆنامەکانی ئەسخیلیۆس (525 – 456ی پ.ز) و سۆفۆکلیس (495 – 405ی پ.ز) و یۆرپیدیس (480 – 405ی پ.ز) لە بواری تراجیدیادا و ئەریستۆفانیس (444 – 388ی پ.ز) و میناندەر (342 – 292ی پ.ز) لە بواری کۆمیدیادا. بابەتی زۆربەی ئەو شانۆنامانەش لە ئەفسانە و داستانە گریکەکانەوە وەرگیراون. ئەو شانۆنامانەش بەڵگەن بۆ بڵندی و نەمریی ژیاری دێرینی یۆنان و ئەو قسەیەی ئەلاردایس نیکۆڵ دەسەلمێنن کە دەڵێت: [یۆنانیەکان یەکەم کەس بوون بایەخیان بە شانۆ داوە و سیستمێکی تایبەتیان بۆ داناوە و جیهانیش ئەم هونەرەیان لەوانەوە وەرگرتووە]. (المسرحیە: نشاتها و تاریخها و اصولها، ص8).
هەروەک چۆن کۆنترین پیەسی شانۆیی ڕاستەقینە بۆ یۆنان دەگەڕێتەوە؛ هەر بەو جۆرە یەکەم تیۆریی درامایش کە مەنهەجیانە و زانستیانە لە درامای تۆژیبێتەوە، تیۆرییەکەی ئەریستۆتاڵیس (384 – 322ی پ.ز)ە لە کتێبەکەیدا بە ناوی هونەری شیعرەوە، کە تیایدا بەرهەمی هونەریی سەردەمەکەی شی دەکاتەوە و بنچینە و ڕێساکانی داهێنان و ئافراندنی هونەرییان لێ هەڵدەهێنجێت. بۆ ئەم مەبەستەیش زۆر بە وردییەوە ڕوانیویەتە شانۆنامەکانی ئەسخیلیۆس و یۆرپیدیس و سۆفۆکلیس و داستانەکانی هۆمیرۆس و چەندان بەرهەمی هونەریی تری ئەو دەمە.
ئەریستۆ نەهاتووە لەخۆڕا یاسای هونەری دابنێت و بەسەر کاری هونەریدا بیسەپێنێت، بەڵکو ئەو ڕێسایانەی وەکو ئەنجامێک پێیان گەیشت زادەی ئەزموونێکی زۆر و بایەخ و سەرنجی وردن. کتێبەکەشی (واتە شیعر) یەکێکە لە نووسراوە گرنگەکان لە مێژووی ئێستاتیکا و ڕەخنەی ئەدەبیدا و [نەک بە تەنها بەڵگەنامەیەکی تیۆریی گرنگە، بەڵکو گەواهینامەیەکی ڕاستگۆیشە لەسەر پەرەسەندوویی هونەری گریکی] (موجز تاریخ النڤریات الجمالیە، ص23).
کەواتە با وردەوردە بکەوینە تاوتوێکردنی کتێبی شیعر ئەوەندەی کە پەیوەندیی بە تیۆرییە دراماییەکەی ئەریستۆوە هەیە و شیکردنەوە و لێدوان لەو چەمکە هونەرییانەی لە تیۆرییەکەیدا بەکاری هێناون.