ئایدزی تەکنەلۆژیا..
لە کتێبی (ڕۆژەکانم بە ڕیمۆت کۆنتڕۆڵ دەگۆڕم)
نارین ڕۆستەم
بەنرخترین کامێرا وێنەی نەگبەتییەکانمانی پێنەگیرا!
ئەوەی هەیە نەگبەتییە.. کە هەمووان بەشی خۆیان لەو نەگبەتییە وەرگرتوە، پێشکەوتن و گۆڕانی سەردەم و تەکنەلۆژیا خۆیشی نەیانتوانیوە نەگبەتی مرۆڤ وەکو خۆی نیشانبدەن.
نەگبەتی مرۆڤ لەم کتێبەدا فڕیوەتە ئەو ئاستەی کە کەس (ناوی یەکەم و دوایین مردوو نازانێت) جیهانێکی پڕ لە مردوو کە پێویست دەکات قوتابخانە و ئارایشتگا و مزگەوتەکانیش بکرێن بە گۆڕستان بۆ ئەوەی چیتر مردوەکان لەسەر زەوی نەژین.
گۆران نووسەری ئەم کتێبە وەک ئەوەی لەگەڵ تاریکییەکانی کتێبەکەی ژیابێت، کحول لە خوێنی و بەچاو نوقاوی بێ ماناییەکانی جیهان دەگێڕێتەوە. ئەو شتانەی کە بینیویەتی ئەوانەش کە بە زۆر پێشانیانداوە.
جیهان لە کتێبێکی گچکۆڵەی 120 لاپەڕەییدا؟ بەڵێ زۆریشە، کێشەکانی مرۆڤ زۆرن بەڵام کێشەکانی مرۆڤایەتی کەم و بێ چارەسەر!
نووسەری ئەم کتێبە ڕاستگۆیە، بێ سنوورە.. ژیان بۆ خوێنەرەکانی ماکیاژ ناکات و سەتڵە بۆیاغی ڕەشیشی هەڵنەگرتوە.
لەم سەر زەمینە خاوەن نادیارەدا بۆ هەموو شتێک سنوور هەیە. شێتی من و پووچیی بوون نەبن.
یان لەشوێنێکی دیکەدا دەڵێ:
ئێرە پان وبەرینە، ئازادیی لە ناویدا جێی نابێتەوە.
لە شیعری (لەکۆتاییدا) جەنگ و خراپی دنیا وایان لە نووسەر نەکردوە ئەوینی لەبیربچێتەوە، نووسەر لەبارەی ئەوین و چێژەوە دەدوێت بێ ئەوەی لەگەڵ دێرەکانی دیکەی شیعرەکە پارادۆکس دروستبکەن.
نووسەر، ئاین وخواکان،ئیمپریالیزم و ئیمپراتۆرەکان بەدرۆ دەخاتەوە و بە دڵدارەکەی دەڵێ: ماچم بکە.
نووسەر دڵنیایە ئەم ماچکردنە پەلناهاوێژێ بۆ ئۆرگازم، شەڕ بەردەوامە و زەوی هەر وەکو خۆیەتی بەڵام لە تەواوی کتێبەکە دەیەوێ خۆی جیا بکاتەوە لە کەسایەتی سەرباز و قوربانی.
هەموویان درۆ بوون ئازیزم، درۆ! ماچم بکە... بەرلەوەی جەنگێکی تر هەڵگیرسێت،ماچم بکە بەر لەرژانی دڵۆپێکی تری خوێن بەر لە چاولێکنانی سەربازێک بەدەم دوا گوللەیەوە، ماچم بکە.
زمان لەم کتێبەدا سادەیە و وشەی زۆر فەرهەنگی لەناودا بەکارنەهاتوە، ئەوە ڕوونە کە نووسەر ڕۆشەنبیربونی خۆی و بڕوانامەکانی بەسەر خوێنەرەکانیدا نافرۆشیتەوە. ئەمەش دڵخۆشکەرە..