لە کۆسرەت ڕەسولەوە بۆ هێز و لایەنە سیاسییەکان
بەناوی خوای گەوره و میهرەبان
خوشک و برایانم لە سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان
دوابەدوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە، سەرەڕای تێبینی و سەرنجەکانمان لەسەر پرۆسەکە، بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسە دیموکراتییە لە گەلی کوردستان و سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان پیرۆز دەکەم و سوپاسی خۆشمان ئاراستەی تاک بەتاکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە متمانەی خۆیان بە نوێنەرەکانی خۆیان بەخشیەوە.
لەم قۆناغە نوێیەدا و لەدوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، داوا لە سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان دەکەم قۆناغێکی نوێ دەست پێ بکەین و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان لاپەڕەیەکی تازە هەڵبدەینەوە، چونکە بەرژەوەندی گەلی کورد گەورەترە لە هەر لایەنێک کە خۆی لە قەزیەکە بە گەورەتر بزانێ.
گۆڕانکارییەکانی ناوچەکه و ئەگەرەکانی بەردەممان، ئەوە لە هەموومان دەخوازێ کە کاتی ئەوە هاتووە هەموومان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و بەشداربین لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان و کارکردنی زیاتر بۆ خزمەتی کوردستان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتیانمان، ئەوەش بە بەشداری هەموومان و وەلانانی ململانێکانمان دەکرێت.
هەروەک گرنگە هەموومان لە لایەنە کوردستانییەکان بتوانین پێکەوە یەک دەست و یەک تیم بەشداربین لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و سەندنی ئه و ئیستحقاقانەی بەر گەلەکەمان دەکەوێ لەپێناو بەشدارییەکی کاراتر لە بەغدا و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان.
#کۆسرەت ڕەسول عەلی#
جێگری سکرتێری گشتی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
#21-10-2018#