بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی سەرکەوتنی لیستی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، سوپاسی بێ پایانی خۆم ئاراستەی جەماوەری خۆڕاگر و بە ئەمەکی کوردستان دەکەم. شانازییەکی مەزنە کە گەلی کوردستان متمانەی بە پارتی دیموکراتی کوردستان دایەوە. هەر ئەو متمانەیەشە کە بنەمای شەرعییەت و بەردەوامبوونە و، بەڵگە و شاهیدییەکی ڕوونە بۆ خەبات و دەستکەوت و ئامانجەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئەو سەرکەوتنە، سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی کوردستان و سەرکەوتنی #پێشمەرگە#یە، سەرکەوتنی ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمرە، سەرکەوتنی ئەو ڕێبازەیە کە قوربانییەکی بێ هەژمار و هەزاران شەهیدی داوە. سەرکەوتنی ئەو ڕێبازەیە کە هەرگیز مساوەمەی لەسەر مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان نەکردووە و ناشیکات. سەرکەوتنی ئەو ڕێبازەیە کە لەپێناو پێکەوەژیان و ئازادی و دیموکراسیدا خەباتی کردووە.
بەبۆنەی ئەو سەرکەوتنە مێژووییە، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و سەرکردایەتی و کادیر و ئەندام و لایەنگر و جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم و سوپاسیان دەکەم کە هیمەتیان کرد و لەپێناو بەدیهێنانی کوردستانێکی بەهێزدا پارتییان سەرخست. لە ئەنجامی ئەو سەرکەوتنەیش پشت بە خوای گەورە حکوومەتێکی بەهێز، بۆ کوردستانێکی بەهێز و، بۆ خزمەتکردنی گەل دادەمەزرێت.
هەر لێرەیشەوە ئەم وتەیەی بارزانیی نەمر وەبیر کادیر و لایەنگرانی پارتی دەهێنمەوە کە لە سەرکەوتندا مەغروور مەبن و، لە شکستیشدا نائومێد مەبن، ئەو ئامۆژگارییەی بارزانیی نەمر بکەنە سەرمەشقی خۆتان و نابێ سەرکەوتن مەغروورتان بکات چونکە ئەو سەرکەوتنە، سەرکەوتنی هەموو گەلی کوردستانە و بۆ خزمەتی کوردستانە.
ئێستایش کاتی ئەوە هاتووە کە هەموومان یەکڕیزی و یەکدەنگیی میللەتەکەمان بپارێزین و داوا لە هەموو لایەکیش دەکەم بەرژەوەندیی گەل و هاودەنگیی نیشتیمانی بکەنە ئەولەوییەت و لەسەرووی هەموو بابەتێکەوە دابنێن.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکان
#مەسعود بارزانی#
#21-10-2018#