دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو لە گوندی ناودەشتی سنوری شارەدێی #بنگرد#ی شارۆچکەی #دوکان#، گۆڕێکی مێژوویی کۆنی ئیسلامی هەڵدەدرێتەوە، خەڵکی ناوچەکە گومان دەکەن هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەمەبەستی گەڕان و دۆزینەوەی پارچەی شوێنەواری بوبێت و بەڕێوبەری ناحیەی بنگردیش دەڵێت: لەسەر هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە ئاسایشی ناحییەکە دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوەی وورد.
ئەو گۆڕە بۆ گوندنشینانی سنورەکە شوێنێکی پیرۆز بووە و ڕۆژانە خەڵک سەردانی کردووە
عومەر حسێن ئەنجومەنی گوندی ناودەشت بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: گۆڕی شێخ کۆرپە، یەکێکە لە ناوچە شوێنەوارییە گرنگەکان کە پیرۆزی و تایبەتمەندی خۆی هەیە لای دانیشتوانی گوندەکانی بناری ئاسۆس و ڕۆژانە هاوڵاتیان سەردانی ئەو گۆڕەیان دەکرد، بەڵام بە داخەوە لە ماوەی 2 ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن چەند کەسێکی نەناسراوە گۆڕەکە هەڵدراوەتەوە.
وتیشی: ئەوان گومان دەکەن ئەو کەسانە بە مەبەستی دۆزینەوە و دەرهێنانی پارچەی شوێنەواری و گەڕان بۆ دۆزینەوەی پەیکەری مۆمیاکراو و گۆڕەکەیان هەڵدابێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو گۆڕە هیچ ئاسەوارێکی مێژوویی تێدانیە و تەنیا گۆڕێکی ئیسلامی سەردەمی کۆنە.
لە ڕێگای هەڵکەندی چاڵێکی قوڵەوە ڕووفاتی گۆڕەکە هەڵدراوەتەوە
عەلی قادر چالاکوانی شوێنەواری و بەرپرسی ڕێکخراوی دینکا بۆ پاراستنی ناوچە شوێنەواریەکان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: گۆڕی شێخ کۆرپە یەکێکە لەناوچە شوێنەوارییە گرنگ و بەناوبانگەکانی بناری ئاسۆس، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هاتنی سوپای ئیسلام بۆ سنورەکە لانیکەم تەمەنی ئەو گۆڕە هەزار ساڵ دەبێت، هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە لە کاتێکدایە کە چەندین ناوچەی تری شوێنەواری لە سنوری بناری ئاسۆس و دەڤەر بیتوێن و پشدەر ڕووبەڕوی هەمان جۆرە هێرش بوونەتەوە.
عەلی قادر ئەوەشی ووت گۆڕەکە بە جۆرێک هەڵدراوەتەوە کە تا سەر ئیسک و پروسکی ڕووفاتی ناو گۆڕەکە دەرکەوتووە، کارکەش لە ڕێگای هەڵکەندنی چاڵێکی قۆڵەوە ئەنجام دراوە. بەڵام ڕووفاتی ئیسک و پروسکی گۆڕەکە لە جێگای خۆی ماوە، مەبەستیش لەم کارە بۆ دۆزینەوەی پارچەی شوێنەواری بەهادار بووە، بەداخەوە بەهۆی کەمتەر خەمی حکومەت دەیان نمونەیان لەبەر دەستە بە بەڵگەوە کە ناوچەی شوێنەواری گرنگ لەناوچون و حکومەتی هەرێم و فەرمانگەکانی شوێنەوار گرنگیان پێ نەداوە
ئاسایشی ناحیەی بنگرد دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە
محەمەد عەبولڕەحمان بەڕێوبەری ناحیەی بنگرد بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لەگەڵ بیستنی هەواڵی هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تشرینی یەکەم لیژنەیەک لە ئاسایشی ناحیەکە سەردانی ئەو گوندەیان کردووە و دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوەی وورد لەسەر دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو کارە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.[1]
#23-10-2018#