یادەوەرییەکان
مستەفا چاوڕەش
ڕۆژێکیان لە قەرەداغ جەولەمان دەکرد. خۆم و شەهید ئازاد هەورامی و مام ڕۆستەم لەگەڵ هەندێک لە هەڤاڵەکانی تر، لە مەسۆییەوە بەره و سێوسێنان دەچووین. ماڵی دایکم و خاڵم لە مەسۆیی بوون، سەردەمێک لە ترسی گرتن لە شار ڕایان کردبوو. منیش جارجارە سەردانم دەکردن. دەبوایە کەسیش نەزانێت لەوێن، لەبەر ئەوەی خەبەریان لێنەدەن و حکومەت بێت بیانبات.
مام دەروێش ساڵح پێشمەرگەیەکی هەتا بڵێیت ئازا بوو، کۆنە شیوعی بوو لەگەڵ خۆم، لە زووەوە دەمناسی، شوکر ئێستاش هەرماوە. لەگەڵ هەڤاڵ حەمە قاشتی کە ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندە، یەکێک بوو لە کوڕە ئازاکانی هەرێمی ئەو کاتە، هەردووکیان فەرماندەی دەستە بوون. ڕۆژێکیان هاتن و مامۆستایەکی عەرەبیان هێنابوو لە دیوی شارەزوور لە زەڕ ایەن. زەڕایەن جاشی زۆر لێبوو، مۆڵگەکانیان لەوێ بوو، لە دیوی سیاره و چنارە لای دەربەندیخان لەسەر جادەی سلێمانی دەربەندیخان کەمینیان دانابوو. سەیارەی ئەم مامۆستایەی تێکەوتبوو، ئەم مامۆستایەش لێپرسراوی منەزەمەی بەعس بوو لە زەڕایەن. کاتی خۆی لە پیشەسازی سلێمانی مامۆستا بوو، ناوی ڕەشید مەجید محەمەد بوو، کەسێکی چوارشانه بوو. هێنایان بۆ لام. تازە به هۆی خیانەتەوە دکتۆر چیا کە کادێرمان بوو و کوڕێکی زۆر باش و ڕێکوپێک بوو، شەوی 17 لەسەر 18 مانگی 9 / 1981 شەهید کرابوو. کە هاتن، پاش سەلام و بەخێرهاتن تەسلیمیان کردم، منیش عەرەبیم دەزانی، خۆم فەقیر کرد، تۆزێک قسەم لەگەڵی کرد، لە کاتی قسەکردندا وتی کاکە ئانی زوجتی کوردیە، (من هاوسەرەکەم کوردە) کاک ڕۆستەم یەک زللەی مزری لێ دا، ئه و زەلامە گەورەیه کەوت!
وتی وادەزانم کوردەی خوشکم دەگێ وادەزانی پێمان خۆشە ژنەکەت کوردە؟! ئەو کاتە ی مامۆستا بووە لە پیشەسازی، ژنەکەی خوێندکاری خۆی بووە و هێنابووی، دەسەڵاتی هەبوو، کچی حاجی جەلال ناوێک بوو. قسەم لەگەڵی کرد کە ئەگەر پێشمەرگەی لەگەڵ بنێرم بۆ زەڕایەن بە شه و منەزەمەی تەسلیم بکات، من بۆ ئەوەی فێڵی لێبکەم. وتی زۆر باشە و ئاسانە، دیارە ئەویش دەیەوێ فێڵ لە من بکات بە خەیاڵی خۆی. وا دەزانێ گۆڕمان بۆ هەڵدەکەنێ وەک چۆن دکتۆر چیایان شەهید کرد.
لەگەڵ هەڤاڵان ئازاد هەورامی و مام ڕۆستەم بڕیارمان دا. دەستەیەک پێشمەرگەی شارەزای ئه و سنوورەم بانگ کرد، مۆرم دا لە بڕیارەکه و تەسلیم بە دەستەکەم کرد. لە خەیاڵی خوێدا دەیبەن بۆ زەڕایەن تەسلیمیان بکات، من له بەرچاوی ڕەشید به دەستەی پێشمەرگەکانم وت حورمەتی بگرن و لەگەڵی بچن بۆ زەڕایەن، منەزەمەتان تەسلیم دەکات و هەموو شتەکان بهێنن، بۆ ئەوەی وابزانێت به ڕاستمە. لێپرسراوی پێشمەرگەکانم بانگ کرد، بڕیارە ڕەسمییەکەم پێوت. بۆیە حەزمان کرد بچێتەوە لای زەڕایەن، چونکە لەوێ خەڵکی دەیناسن، بزانن تۆڵەی دکتۆر چیادا هەموو خائنێک ئەمە چارەنووسی دەبێ. ئەوان ڕۆیشتن، کابرای عەرەب دڵخۆش بوو، هەر شەوێ ئەمرەکەیان جێبەجێ کرد. زەڕایەن خەڵکی جاشی زۆر لێ کۆبووبووەوە، لە ڕێکخستنی خۆمان ناو زەڕایەن ئاگاداری هەموو جموجۆڵێکی دوژمن بووین. لەسەر ئەمە حکومەت کەسوکاری هەندێ پێشمەرگەی گرت، وەک باوکی حەمە قاشتی و کەسوکاری تری پێشمەرگەی ئه و سنوورە.