بەپێی توێژینەوەیەک، کە مامۆستایەکی #زانکۆی سەڵاحەدین# ئەنجامیداوە، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 50 ژن خۆیاندەکوژن، 170 ژنیش خۆیان دەسوتێنن، چەندین هۆکاریش باسکران، کە دەبنە هۆی خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ژنان.
لە دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی کۆمەڵایەتیی کوردستان لە زانکۆی #سلێمانی#، پانێڵێکی تایبەت بە کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بەڕێوەچوو، تیایدا ئەنجامی توێژینەوەی 'ئاری ڕەفیق' مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین، خرایەڕوو، بەپێی توێژینەوەکە ساڵانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 50 ژن خۆیان دەکوژن، 170 ژنیش خۆیان دەسوتێنن.
توێژینەوەکە کۆمەڵێک هۆکاری بۆ خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ژنان خستبووە ڕوو، لەوانە، دابونەریتی کۆمەڵگە، بێکاری و دەستبەتاڵی، زۆر بەکارهێنانی ئامێرە تەکنەلۆژییەکان، هەروەها کلتوری لاساییکردنەوە لە کۆمەڵگەدا.
توێژەر، کۆمەڵێک ڕاسپاردەی خستەڕوو بۆ کەمکردنەوەی خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ژنان، لەوانە، #وەزارەتی پەروەردە# پڕۆگرامێک دابنێت بە ناوی ژن ناسی و پیاو ناسی، هەروەها پەرلەمانی هەرێمی کوردستان چاودێری چۆنێتی جێبەجێکردنی یاساکانی تایبەت بە ژنان بکات، ئەمە جگە لە ئەنجامدانی سیمینار لەلایەن زانکۆکانەوە بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەی گەنجان.
هەر لەو پانێڵەدا، حاکم ڕزگار محەمەد ئەمین، سەبارەت بەو یاسایانەی تایبەتن بە کوشتن و خۆکوشتنی ژنان، باسی لەوه کرد، کە لە یاسای عێراقیدا بەپێی ماددەی 408ی یاسای سزادانی عیراق، خۆکوشتن تاوان نییە، بەڵام یارمەتیدانی کەسێک بۆ خۆکوشتن تاوانە و سزا دەدرێت.
دواتر هەڵوێست عەبدوڵا، چالاکوانی مەدەنی، لە پانێڵەکەدا بابەتێکی سەبارەت بە هەراسانکردنی سێکسی پێشکەشکرد، وتی: ژنان و پیاوان ڕووبەڕووی هەراسانکردنی سێکسی دەبنەوە، بەڵام ڕێژەی ژنان زیاترە، بەتایبەت لە شوێنی کارکردنیان، بۆیە بەپێویستی زانی پێناسەی هەراسانکردنی سێکسی بکرێت و یاسای تایبەت دەربکرێت، کارمەندان هۆشیار بکرێنەوە دەربارەی هەراسانکردنی سێکسی، هەروەها ژینگەیەکی تەندروست بۆ کارمەندان دروستبکرێت.
دووەمین کۆڕبەندی کۆمەڵایەتیی کوردستان بە هاوبەشیی هەریەکە لە زانکۆی سلێمانی و کۆڕبەندی کۆمەڵایەتیی عێراق و کوردستان، لەژێر دروشمی 'کوردستانێکی تر لە توانا هەیە' بەڕێوەچوو،لەم کۆڕبەندەدا قەسە لەسەر ڕەوشی ئاوارەکان، ئازادی ڕادەربڕین، بەشداری ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار، پاراستنی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکرێن، پلانی هاوبەشیش دادەنرێن لە نێوان لایەنەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئه و دامەزراوانەی بەشداربوون لە کۆڕبەندەکه، بۆ کارکردن لەسەر ئەو پرسانەی کۆڕبەندەکە تاوتوێی کردوون.[1]
#25-10-2018#