بسم الله الرحمن الرحیم
رۆژی پێنج شەممە 25/10/2018 ئەنجومەنی گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە شاری #دهۆک# بە ئامادەبوونی سەرکردە و کادر و بەرپرسی مەکتەب و دەزگا و ئۆرگان و نوێنەری مەڵبەندەکان، لە ژێر ناونیشانی (بەخۆداچوونەوە و پلان بۆ ئایندەیەکی نوێ) کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی گرێ دا.
لە دەستپێکی کۆبونەوەی گشتیدا بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕاپۆرتێکی پێشکەش کردوو، تیایدا وێرای ئاماژە بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و دەرکەوتە نێگەتیڤەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی 30/9 هەموو ئه و ساختەکاری و تەزویرانەی کە دەسەڵات کردی بەرامبەر بەپرۆسەی هەڵبژاردن و بێ ئومێدکردنی هاوڵاتیان لە گۆڕانکاری ڕاستەقینە لەم هەرێمەدا.
هەروەها ئەنجومەنی گشتی تیشکی خستەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێڕاق، هەموو ئه و چاوەڕوانیانەی کە لەسەریەتی بۆ سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوه و جێبەجێکردنی ماددەی 140 بەناوچە دابڕێندراوەکان و ئاسایی کردنەوەی ئه و ناوچانە کە کەوتۆتە بەر شتڵاوی هێزی سەربازی و بەدەست نائارامیەوە دەناڵێنن، وەهەروەها تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی حزب و گرفتە بنەڕەتیەکان و هۆکاری ئەوپاشەکشێیەی کە لەدەنگەکاندا ڕەچاوکرا.
بەرێزیان بەوردی دەستنیشانی خاڵە لاوازەکانی کرد و داوای پێشنیاری زۆربەی ئۆرگانەکانی بۆ ئەنجومەنی گشتی خستە ڕوو، ئاماژەشی بەوەدا کەدەرئەنجامەکان ڕاچڵەکانیان دروستکردووە و دەزگاکانی حزب پێویستیان بە پلاندانان هەیە بۆ چارەسەر و هەستانەوە.
پاشان ڕاپۆرتی دەستەی باڵای چاودێریی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنەکانی سیاسی و ناوخۆ و بانگەواز و دامەزراوەکان و توێژەکان خوێندرانەوە.
دوا بەدوای ڕاپۆرتەکان بەشدارانی کۆنفرانس بە پێی ئۆرگان و پسپۆڕیی ئامادەبووان دابەشبوون بە سەر (10) گروپدا و بەشێوەی وۆرک شۆپ تاوتوێی ئەو خاڵ و داوا و پێشنیارانەیان کرد کە لە ڕاپۆرتەکاندا هاتوون.
ئەندامانی گروپەکان بە تێر و تەسەلی تەواوی ڕەهەندنە سیاسی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و بانگخوازیی و ڕێکخراوەیی و ئۆرگانییەکانیان تاوتوێ کرد و پاش هەڵسەنگاندن و دەستنیشانکردنی کەلێن و کەم و کورتییەکانی ناوخۆی حزب، ژمارەیەکی زۆر داوا و ڕاسپاردەیان کۆکردەوە و ئاراستەی سەرکردایەتییان کرد، بە مەبەستی کار لەسەرکردنیان بۆ ساڵانی داهاتوو، بەهیوای هەنگاونان بەرەو چاکسازیی ناوخۆییی.
هەرچەند ئەم کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی گشتی کۆبوونەوەیەکی ئاسایی خۆی بوو، بەڵام هاوکات بوو لەگەڵ دەرهاویشتەکانی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول و دەرکەوتەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جەماوەریی یەکگرتوو، بۆیە تەرخان کرا بۆ دەستخستنە سەر کەم و کورتییەکان و دروشمی (بەخۆداچوونەوە و پلاندانان)ی هەڵبژارد.
لە کۆتایدا ئەنجومەنی گشتی پشتگیری بۆ بڕیاری سەرکردایەتی تایبەت بە بەشداریی نەکردن لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و هەڵبژاردنی بژاردەی ئۆپۆزیسیۆنبوون دووپاتکردەوە و هیوای خواست کە سەرکردایەتی و ئەنجومەنی جێبەجێکردن و تەواوی ئۆرگانەکان لەسەر داخوازیی ڕێکخستنەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەن لە گروپەکان هەڵوێستەی جدی بکەن و نەخشە ڕێگای کردەیی دانێن بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری پێویست لە قۆناغی داهاتوودا بەمەبەستی هەڵسانەوە و خۆ نوێکردنەوە.
ئەنجومەنی گشتی
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
دهۆک
#25-10-2018#