فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنی بەناوی کینیات، ڕاپۆرتێکیان لەبارەی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانەوە بڵاوکردەوە و داوایان کرد، کە بکەرانی ئەو تاوانە دادگایی بکرێن.
ئەمڕۆ فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی کینیات بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی هاوبەش ڕایانگەیاند، کە پاش داگیرکردنی #موسڵ# لە حوزەیرانی 2014دا چەتەکانی #داعش# لەدژی هاوڵاتیانی ئێزدی پاکتاوی نەژادی و ئاینییان ئەنجامداوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە ئێزدییەکان لەلایەن چەتەکانەوە بە زۆر کراون بە موسڵمان یان کوژراون، ژنان و منداڵانی ئێزدی لەلایەن چەتەکانەوە ڕفێندراون و لە کامپەکانی سوریا پەروەردەی ئاینی و سەربازی دراون و بۆ مەبەستی شەڕ بەکارهێندراون.
پاتریک بائودۆئین، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە: کە ئەو چەتانەی بەشداری کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان بوون دەبێت بە خێراترین کات دادگایی بکرێن، زۆربەی ئەو چەتانەی لەو کۆمەڵکوژییەدا ڕۆڵیان هەبووە، ئێستا لە 33 وڵاتدا جێگربوون، کە زۆربەیان وڵاتانی ڕۆژئاوایین.
لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە دراوە: لەناو ئەو چەتانەی بازرگانییان بە ژنانی ئێزدی کردووە، هاوڵاتیانی سعودی، لیبیایی. لوبنانی، ئوردنی، یەمەنی، فەلەستینی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ئەمریکی و چینی هەبوون.
ئەوەش ئاشکراوە، کە تەنها بۆ سوریا سێ هەزار ژنی شەنگالی ڕفێندران، بەگشتی شەش هەزار و 800 ژنی ئێزدی ڕفێندراون، لەو نێوانەدا چوار هەزار و 300 لەوان بە دانی پارە لەلایەن چەتەکانەوە ئازادکراون.
لەکۆتاییشدا هاتووە، کە ئەو چەتانە نەک تەنیا بەهۆی تیرۆریزمەوە، بەڵکو دەبێت بە تاوانی پاکتاوی ئاینی و نەژادی و هەروەها کۆمەڵکوژ دادگایی بکرێن.[1]
#26-10-2018#