دواڕۆژ، زریان محەمەد
بەهۆی زیادبوونی بەروبومی ناوخۆیی لە پەلەوەر و ئاژەڵ، ڕێژەی هاوردەکرن گۆشت کەمدەکرێتەوە، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی #سلێمانی#ش دەڵێت :وەبەرهێنان لە پڕۆژە پەلەوەریەکاندا ڕووی لە زیادبوون کردووە.
رزگار حەمەخدر، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند :لیژنەی دیاریکردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ قایمقامی سلێمانی کۆبووینەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بکرێت کە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەکرێن.
وتیشی :بەهۆی زۆربوونی پڕۆژە پەلەوەرییەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ، هەروەها بۆ پشتگیری خاوەن پرۆژەکان، هاوردەکردنی گۆشتی پەلەوەر کەمکراوەتەوە.
جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد :بەشێک لە وەبەرهێنەرەکانی شاری سلێمانی، ڕوویان لە کەرتی کشتوکاڵی کردووە، پڕۆژەی کشتوکاڵیان دامەزراندووە، بەهۆیەوە ئاستی بەرهەمی ناوخۆ لە بەروبوومی پەلەوەر (مریشک، ماسی و ئاژەڵ) لە بەرزبوونەوەدایە. بەزیادبوونەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکان-یش بەرووبوومە هاوردەکراوەکان بەراوورد بە مانگی ڕابردوو کەمتر دەکاتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو :لەبڕی بەروبومە هاوردەکراوەکان ڕەچاوی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ و کەمبوونەوەی بەکارهێنان لەوەرزەکاندا کراوە، بۆیە بڕیاردرا 800 تۆن ماسی، 500 تۆن مریشک و 600 تۆن گۆشتی سور و 510 تۆن هێلکە، ڕێگە بە هاوردەکردنی بۆ مانگی تشرینی دووەم دەدرێت.[1]
#26-10-2018#