گرانی نرخ و دابەشنەکردنی نەوتی سپی لەلایەن حکومەتەوە، وایکردووە دیسان هاونیشتمانیان پەنایان برنەبەر بڕینی دارە خۆڕسکەکان و ڕۆژانە بە دەیان بارهەڵگر داری مازو و بەڕوو دەبڕدرێت.
وەک ساڵانی ڕابردووش حکومەت ڕێگری لە بڕینی دار ناکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی نزیکەی 150 هەزار دینارە و پارێزگاری #هەولێر# دەڵێت، بەغدا ئه و برە نانێرێت کە بتوانن لەسەر پرۆسەی دابەشکردنی سووتەمەنی بەردەوام بن.
جاسم برادۆستی، یەکێک لەو هاونیشتمانییانەی دار دەبڕێتەوە بۆ سووتەمەنی وەرزی سەرما بە ڕووداوی ڕاگەیاند: لەناچاری پەنا بۆ بەر بڕینی دار دەبەین، جەرگم ژان دەکات کاتێک دارێکی تەڕ بەردەدەمەوە بەڵام ناچاریە، حکومەتیش هۆکاری سەرەکییە چونکە نەوتمان ناداتێ و چاودێری نرخیشی ناکات کە چەندە گرانە.
باڵەکایەتی و برادۆست، دوو لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی داری خۆڕسکن، ئه و دارستانانەی ڕێگرن لە گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زیاتری گۆی زەوی، کەچی ساڵانە ڕووبەریان بچوکتر دەبێتەوە.
جابر وەسمان، هاونیشتمانییەکی دیکە ڕایگەیاند: ڕۆژانە بەدەیان لۆری داری تەڕ دەبڕدرێت و بە بەرچاوی حکومەتەوە دەبڕدرێتەوە، دەبینن ساڵ دوای ساڵ ڕووبەری سەوزایی کەمتر دەبێتەوە بەهۆی بڕینی دارەکانەوە.
ناوچەکە هێزی تایبەت بە ژینگە پارێزی هەیە، بەڵام کەس لەسەر بڕینی دار ڕێگری لێ ناکرێ. ئیسماعیل وەرتی، بەرپرسی هێزی ژینگەی #چۆمان# بە ڕووداوی ڕاگەیاند: لەگەڵ شەڕی #داعش# - #پێشمەرگە#کانی ژینگە بردراوینەتە بەرەکانی جەنگ و تاوەکو ئێستا نەگەڕاوینەتەوە سەر ئەرکی پێشوومان کە ژینگە پارێزی بوو، ئێستا ناتوانین ڕێگری بەردەم تێکدانی ژینگەبین.
بۆ ئەمساڵ بەشێک لە ناوچە شاخاویەکان، هەرماڵێک بەرمیلێک نەوتی پێ دراوە، ئه و بڕەش بەشی چەند ڕۆژێکیان ناکات.
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر بە ڕووداوی ڕاگەیاند: لە 2014وە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی نەماوە، چونکە بەغدا بڕێکی زۆر کەم نەوت دەنێرێت و پاڵاوگەکانی ناوخۆش توانای بەرهەمهێنانی بڕی پێویستیان نییە، ئەوەشی کە ناردوویەتی ئێمە دابەشمان کردووە.
نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی سپی لە بازاڕەکاندا بەپێی جۆرەکەی 120 هەزار دیناره و دەستپێدەکات تا 150 هەزار دینار، لەکاتێکدا هەر مالێکی ناوچەکە زیاتر لە 6 بەرمیلی پێویستە.[1]
#28-10-2018#