دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
بەدرێژایی ڕۆژی هەینی چەندین لافاوی بەهێز گوندەکانی بناری #قەندیل#ی لەسنوری شارۆچکەی پشدەر و قەزای ڕانیە لە ئیدارەی ڕاپەڕین گرتەوە کە زیاتر لە 15ماڵ و 10 پردی سەرەکی، دەیان ڕێگەوبان و سەدان دۆنم باخ و ڕەزیان وێرانکرد، لەئێستادا ڕێگەی هاتوچۆی چەندین گوند پەکی کەوتووە و تۆڕی ئاو و کارەبای دەیان گوندیش پچڕاوە.
زیانی دەیان ملیار دیناری لێکەوتۆتەوە
محەمەد حەسەن، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل بە دواڕۆژی وت: لە ڕۆژی هەینیدا لافاوێکی بەهێز بناری قەندیلی گرتەوە، لە دۆڵەکانی سورەدێ، ناودەشت و دۆڵی باڵێیان زیانێکی زۆری ماددی بەدوای خۆیدا هێناوە کە زیانەکانی بە دەیان ملیار دینار دەخەمڵێنرێت.
باسی لەوەشکرد: دەیان ماڵی هاووڵاتیان و چەندین ئۆتۆمبێل و سەدان دۆنم ڕەز و باخی کشتوکاڵی وچەندین خوێندگە و مزگەوت و پرد و ڕێگە و بان و پڕۆژەی بەخێوکردنی هەنگ بەتەواوی وێران بوون و تا ئێستاش ڕێگەی هاتوچۆی دەیان گوندی سنورەکە پەکی کەوتووە و سەدان خوێندکار ناتوانن بگەنە خوێندنگەکانیان.
ژێرخانی ئابوری دەیان گوند بە تەواوی وێران بووە
بەکر بایز قایمقامی قەزای پشدەر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لافاوەکەی 24 کاتژمێری ڕابردوو گەورەترین زیانی بە ژێرخانی ئابوری کەرتی کشتوکاڵی گوندەکانی پشدەر گەیاندووە و ڕەنجی دەیان ساڵی سەدان جوتیاری چەندین گوندی بە تەواوی لەناوبردووە کە لەماوەی دەیان ساڵی ڕابردوو هاوشێوەی نەبووە، ئەمە جگە لەوەی تۆڕی ئاو و کارەبای ئەو گوندانە بە تەواوی وێران بوون.
بەکر بایز ڕونیشیکردەوە: لافاوەکە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی بەرهەمهێنان و بەخێوکردنی پڕۆژەی ماسی سەلەمۆنی لە سنوری شارەدێی سەنگەسەر بەتەواوی لەناو بردووە، کە ماسی سەلەمۆنی هەناردەی سەرجەم بازاڕەکانی هەرێم دەکرد، کە بەگشتی زیانەکان بە دەیان ملیار دینار دەخەمڵێنرێت.
حوسێن عەبدوڵا وتەبێژی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین بۆ دواڕۆژ ڕایگەیاند: جگە لە گوندەکانی سنوری قەزای پشدەر، گوندەکانی دۆڵی شاورێ لە ناحیەی سەرکەپکانی قەزای ڕانیە زیانێکی ئابوری زۆریان بەرکەوتووە کە ڕەنگە دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی کەش و هەوا قەبارەی زیانەکان گەورەتر ببێت، بەوتەی ئەو، لەئێستادا لیژنەیەکی تایبەت سەردانی سنوری گوندەکانی دۆڵی شاورێیان کردووە بۆ لە نزیکەوە زانینی قەبارەی زیانەکان.
لیژنەیەکی تایبەت بۆ خەمڵاندی زیانەکان پێکهێنراوە
عومەر حاجی وتەبێژی ئیدارەی ڕاپەڕین بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ شەممە، لیژنەی تایبەت و تیمەکانمان سەردانی هەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە زیانیان بەرکەوتووە بەمەبەستی بەهانەوە چوون و خەمڵاندنی زیانەکانیان و چاککردنەوەی هەموو ئەو ڕێگاوبان و تۆڕی ئاو و کارەبایەی زیانیان بەرکەوتووە.
وتیشی: داوامان لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە بەمەبەستی بەهاناوە هاتن و دڵنیاییشدەدەین پاڵپشت و هاوکاری زیان لێکەوتووان دەبین تاوەکو قەرەبوو بکرێنەوە.[1]
#28-10-2018#