دواڕۆژ، سیروان حەسەن
بەبڕیاری پەروەردەی گشتی پارێزگای دیالە، خوێندنگە کوردییەکانی #خانەقین# کەمدەکرێنەوە، بەوتەی بەرپرسی خوێندنی کوردی ناوچەکەش: هۆکارەکەی بۆ چوونی ژمارەیەک خوێندکاری خوێندنگە کوردییەکان بۆ خوێندنی عەرەبی دەگەڕێتەوە.
شەریف وەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە خانەقین بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: لە دوای ڕووداەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە خوێندنگە کوردییەکانی خانەقین کە سەر بە پەرورەردەی دیالەن بەشێکیان تێکەڵاوکراون و کەمکرانەتەوە و بیانووشیان ئەوەیە گوایە بەشێک له و خوێندنگایانە لە لادێکانن و خوێندکاریان کەمە بۆیە کەمکراونەتەوە.
وتیشی: لەبەر ڕەوشی ناوچەکە و هەروەها پشتگوێخستنی خوێندنی کوردی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە تایبەتی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە، ژمارەیەک لە خوێندکارانی خوێندنگە کوردییەکانی سەر بە هەرێم ڕویان لە خوێندنگە کوردییەکان سەر بە دیالە کردووە، ژمارەیەک خوێندکارێکیش چونەتە خوێندنی عەرەبی، بەڵام ڕیژەکەیان زۆر کەمە و بەوشێوەیە نییە کە لەلایەن خەڵکەوە باسدەکرێت.
شەریف وەلی باسی لەوەشکرد: لە خانەقین 31 خوێندنگەی کوردی سەر بە حکومەتی هەرێم هەن کە 25-یان بنەڕەتییە و شەش خوێندنگەی ئامادەییش هەیە، له و ژمارەیەش تەنیا سێ خوێندنگەیان بیناکەی سەر بە حکومەتی هەرێمە و ئەوانی تر سەر بە دیالەن، بەڵام لە ڕێگەی پەیوەندییەکانمانەوە توانیومانە بەکاریبهێنن بۆ خوێندنی کوردی سەر بەحکومەتی هەرێم.
لەو بارەیەوە سەلام عەبدوڵا، چالاکوانی مەدەنی لە خانەقین بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: پرۆسەی خوێندنی کوردی لە خانەقین پێویستی بە ئاوڕدانەوە هەیە و سیستمی دابەشکردنی مامۆستاش بەسەر خوێندنگەکانادا زۆر بێ سەروبەری پێوەدیارە و لە هەندێ قوتابخانە مامۆستا زیاد لە پێویسته و لە هەندێ شوێنی دیکەش پێچەوانەیە.
وتیشی: حاڵەتی گواستنەوەی خوێندکار لە خوێندنگەی کوردییەوە بۆ عەرەبی دروست بووە و پێویستی بە کاری باشە بۆ ئەوەی ڕێگەی لێبگیرێت، چونکە لە کۆتایدا ئەوەی بنیاتنراوە لە خوێندنی کوردی لەناودەچێت و بە زیان بۆ کوردستانی بوونی خانەقین دەشکێتەوە.
هاوکات نەسرین حەمید، مامۆستا لە ئامادەیی تاڤگەی کچان بۆ دواڕۆژی ڕونکردەوە: بە داخەوە هیچ کەس و لایەنێک ئامادەنییە خزمەتی خوێندنگە کوردییەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان بکات، ئەمەش بۆتە هۆی دەیان کێشە و گرفت و خوێندنی کوردی لە ئاستێکی خراپدایە و پێویستە حکومەتی هەرێم چارەسەری بەپەلە بۆ کێشەکان بکات.[1]
#29-10-2018#