هونەرمەندانی بواری شانۆ و دراما و سینەما لە #گەرمیان#، گلەییان لە نەبوونی هۆڵ و پێداویستییەکانی تایبەت به بەرهەمهێنانی کاری شانۆیی و دراما و سینەما هەیە، بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیریی گەرمیان-یش دەڵێت: هیچ بودجەیەکی تایبەتمان بۆ چالاکیی هونەریی نییە.
لەگەرمیان نزیکەی 30 گروپی شانۆ و ژمارەیەکی بەرچاو هونەرمەندی بواری دراما و سینەما هەن، بەڵام هۆڵێکی تایبەت بۆ نمایشکردن و کارکردنیان نییە، هەرچەندە پێشتر له #کەلار# هۆڵی هونەرمەندان هەبوو، بەڵام نزیکەی 10 ئەو هۆڵەش نەماوە، ئەمەش کێشەی بۆ هونەرمەندانی ناوچەکە دروستکردووە، لەوبارەیەشەوە بەشێک لە هونەرمەندانی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دوان.
شوان جەلال، شانۆکار، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە لە گەرمیان هێز و توانا و گەنجی بەهرەمەندی بواری شانۆ هەن، بەڵام هاوکاریی ماددیی بۆ بەرهەمهێنان و بەرەو پێشبردنی شانۆ و کاری سینەمایی زۆر کەمە.
هەروەها، عومەر عەبدوڵا، ئەکتەری بواری دراما و سینەما، گرفتی دیکەی بەردەم بەرهەمهێنانی دراما و فیلمسازیی باسکرد، وتی: کێشەی گەورەی هونەرمەندانی گەرمیان نەبوونی هۆڵێکی تایبەت به شانۆ و سینەمایە، سینەما و فیلمسازی شوێنی تایبەتی دەوێت و ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی نەتوانن به و شێوەیەی کە پێویستە کاری فیلمسازی بکەن.
ئەو ئەکتەرە ئاماژەی بەوەشدا، چەند ساڵە هەوڵ دەدەن و کاردەکەن بۆ گەڕانەوەی بەهای هونەر و فیلمسازی بۆ هەرێمی کوردستان و گەرمیان، بەڵام کێشەکان هەر بەردەوامن، بۆیە بەپێویستی زانی، کە حکومەتی هەرێم و ڕێکخراوەکانی بواری هونەر هەنگاوی جدیی بنێن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان.
لە بەرامبەردا، ئاکۆ هۆرێنی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و لاوانی گەرمیان، باسی لەوە کرتد، کە هەوڵیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، بەڵام وەک پێویست نییە، وتیشی:پێش قەیرانی دارایی بودجەی باش هەبووە، بەڵام لە شوێنی خۆیدا خەرج نەکراوە و نەتواندراوە هۆڵێکی تایبەت بە شانۆ و سینەما دروستبکرێت.
سەبارەت بە بودجەی بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیریی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و لاوانی گەرمیان، وتی: هیچ بودجەیەکی تایبەتمان نییە بۆ چالاکیی هونەریی، ئەوەی هەیە مانگانە دوو ملێون دینارمان هەیە وەک نەسریە بۆ 12فەرمانگەی سەر بە بەڕێوبەرایتیمان شە بەڕێوەبەرایەتیشەوە، کە بەشی پێداویستی ڕۆژانە ناکات، ئەمەش وایکردووە چالاکییەکانمان بە پێی خواستی ئێمە و هونەرمەندانی بواری شانۆ و فیلم نەبێت.
ئاکۆ هۆرێنی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە نەبوونی هۆڵ نەبووەتە هۆی ڕاگرتنی کاری شانۆیی و وتی:ئێمە بایەخی تەواومان بە شانۆی سەرشەقام داوە و چەندین کارمان کردووە، تەنانەت گروپی شانۆییمان لە دەرەوەی کەلار هێناوەتە ناوچەکە و لەکاتی دەستبەکاربوونی منیشەوە تا ئێستا یاد و مەراسیمی نەتەوەیی نەبووە شانۆمان نەبووبێت.
لە هەرێمی کوردستان وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، کە چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیی سەر بە وەزارەتەکە هەن، لەو چوارچێوەیەشدا بواری ڕۆشنبیری و هونەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تایبەت بە خۆی هەیە و کارە لەسەر ئەو بوارە دەکات.[1]
#01-11-2018#