بانگەوازییەکی ئاوارتەی نەتەوەیی – خاوەندارێتی لە کۆبانێ بکەن
هێشتا کۆبوونەوەی چوارقۆڵی نێوان فەرەنساو ئەڵمانیاو ڕوسیاو تورکیا لە 27ی ئۆکتۆبەر لە ئەستەمبوڵ بەردەوام بوو، کە تورکیا بە تۆپ و فڕۆکە دەستی بە بۆردومان کرد. هێرشی دەوڵەتی تورکیا لەسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە کاتێکا دەستی پێکرد کە تورکیا لەسەر مەسەلەی ئیدلب گوشارەکانی چڕ دەکردەوە.
تورکیا بەردەوام هەڕەشە و هێرشەکانی لەسەر کۆبانێ و ڕۆژاوای کوردستان پەرە پێئەدات. لە ڕاستیدا ئەو بەو هێرشانە ئەیەوێ ئەو ڕۆحی بەرخۆدان و ورەیەی کوردان بشکێنێ کە لە شەڕی پاراستنی کۆبانێدا بەدەست هاتبوو. هەرچەند هێرشەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی بە چەکی هەمەجۆریش بێت، بەڵام بەشێکی زۆری بریتییە لە شەڕێکی دەروونی لە دژی ورەی سەرکەوتنی کوردان لە کۆبانێدا. تورکیا بە هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەیەوێ تۆڵەی 2014 بکاتەوە.
گەلی کوردستان بە پێشەنگی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری 2014دا، بە قارەمانێتی داعشی داردەستی تورکیای تێکشکاند. سەرکەوتنی کۆبانێ لە 2014دا، هەمانکات تێکشکانی داعش و تورکیا بوو. لە دوای ئەوە ئیتر نە داعش خۆی و نە بەیارمەتی تورکیاش نەیتوانێ بێتەوە سەرخۆی و ببێتەوە هێزەکەی جاران. دەوڵەتی تورکیاش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو داڕزان و هەڵوەشان ئەچێت. لە ئێستادا لە دۆخێکی زۆر خراپدایە.
پێویستە کورد بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ وەڵامێکی مێژوویی بە ئەردۆگان بدەنەوە، چونکە ئەو ئەیەوێ هەموو دەستکەوتەکانی کوردان لە باشوورو ڕۆژاوا لەناوبەرێت. کۆبانێ بە خوێنێ کوردانی باکور، ڕۆژهەڵات، باشوورو ڕۆژاوا ڕزگارکرا. بە سەدان شۆڕشگێڕی جیهانی و مرۆڤدۆست بە هاواری کۆبانێوە هاتن و شەهیدیش بوون.
لە بەرخۆدانی کۆبانێدا، ژنی کورد لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی بوونە خاوەن ناوێک سەربڵند. هەموو دنیا لە بەرخۆدانی کۆبانێدا توانو ویستی ژنانی کوریان ناسی. کوردان بەو بەرخۆدانە لەسەر زەوی ڕێکەوتنی سایکس پیکۆ و لۆزانیان هەڵوەشاندەوە و بوون بە یەک پارچە. سەرکەوتنی کۆبانێ بوو بە سەرکەوتن و سەربەرزی و شانازیی هەموو کوردان. بەرخۆدانی کۆبانێ بوو بە پردی نێوان کوردان خۆیان و جیهان و دەرگای دۆستایەتی گەلانی لەگەڵ کورد واڵا کرد. بەهۆی بەرخۆدان و سەرکەوتنی کۆبانێوە زلهێزەکانی دنیا ناچاربوون لەگەڵ کوردان دانوستان بکەن و کوردان ببینن.
دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی بمێنێتەوە پێویستی بەوە بوو هێرش بکاتە سەر ناوەندەی ڕۆح و باوەڕە نەتەوەییەی کوردان کە کۆبانێیە. هەر بۆیە لە ساڵوەگەڕی ڕزگارکردنی کۆبانێدا هێرشەکانی دەست پێئەکات. هەروەک چۆن تورکیا شکانی خۆی لە 2014دا لە بیرنەکردووە. پێویستە کوردانیش سەرکەوتنی خۆیان لەو ساڵەدا لەبیر نەکەن.
ئەگەر ئێمە چالاکی و هەولەکانی خۆمان لە دژی ئەو دەستدرێژیانە بەهێز نەکەین، ئەوا تورکیا هێرشەکانی خۆی توندتر ئەکات و خەونی داگیرکردنی کۆبانێ کە لە 2014دا نەهاتە دی، ئەمجارە دەیکا بە واقیع. لەو چوارچێوەیەدا پێویستە هیچ لایەنێکی کوردی لە دژی ئەو هێرشانە بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبێت. هێرشەکانی سوپای تورکیا مەسەلەیەکی نەتەوەیی جدییە و پێویستە لەو ئاستەدا سەیربکرێت.
ئێمە بانگی گەلی کورد، پارت و ڕێکخراوی کوردستانی دەکەین لە هەر شوێنێک بن، بە ڕۆحی بەرخۆدانی 2014ی کۆبانێ لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیادا بوەستن. پێویستە کۆبانێ جارێکی دی ببێتە مەڵبەندی تێکشکانی ئەردۆگان و سوپاکەی. ئەمەش وەک دوێنێ لە دەستی خۆماندایە.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
01.11.2018