شارەکانی عێراق، چیدی بازاڕێکی گەرم نین بۆ بازرگانانی هاوردنی کاڵا و خواردن، ئەویش بەهۆی ئەو بازگانەی بۆ وەرگرتنی گومرگ کە حکومەتی عێراق لە نێوان شارەکانی خۆی و هەرێمی کوردستان دایناون. بەرپرسێکی #وەزارەتی دارایی# دەڵێت بازگەکان کاریگەری خراپیان لەسەر جوڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان هەبووە، بۆیە هەوڵی لادانیان دەدەن.
لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، سوپا و #حەشدی شەعبی# پەلاماری شاری #کەرکووک#یان دا، لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵیشدا حکومەتی عێراق سێ خاڵی گومرگی لە نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق داناوە، ئەویش بە پاساوی ئەوەی جیاوازی هەیە لە نێوان وەرگرتنی پارەی گومرگ لە نێوان #هەولێر# و بەغدا.
ساماڵا عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە (رووداو)ی گوت: دانانی خاڵی گومرگی لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و وەرگرتنی باج لە بازرگانان، کاریگەریی نەرێنی لەسەر جوڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان داناوە.
ساماڵ عەبدولڕەحمان دەڵێت، بەپێی یاسای گومرکی ژمارە 23ی ساڵی 1984 دانانی ئەو خاڵە گومرگیانە نایاسایین و هەروەها بەپێی ماددە 24ی دەستووریش نادەستوورین، بۆیە لەسەر هەموو ئاستەکان هەوڵ دەدەن ئەو خاڵە گومرگیانە لابدەن.
بیانووی بەغدا بۆ دانانی ئەم خاڵە گومرگیانە جیاوازیی پێناسی گومرگی لە نێوان هەرێم و بەغدایە، بەڵام ساماڵا عەبدولڕەحمان، ئەم بیانووە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: ئێستا لێژنەی هاوبەش بۆ یەکخستنی پێناسی گومرگی و ڕێنماییەکان لەنێوان ئێمە ئەوان هەیە، کاری لێژنەکەش بەردەوامە، بۆیە دانانی ئەم خاڵانە پەیوەندیی بە جیاوازیی پێناسی گومرگییەوە نییە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون لە #وەزارەتی بازرگانی# و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان 94%ی ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ 15 وڵاتە، لەنێو ئەو 15 وڵاتەش 72%ی لەگەڵ چوار وڵات چڕبووەتەوە کە بریتین لە تورکیا، چین، ئێران و کۆریای باشوور.
بەپێی داتاکان، ساڵی 2016 بە بەهای نزیکەی 15 ملیار و 928 ملیۆن دۆلار و لە ساڵی ڕابردووش بە بەهای زیاتر لە 16 ملیار و 133 ملیۆن دۆلار کاڵا هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە، نزیکەی 75% ئەو کاڵایانەش جارێکی دیکە هەناردەی شارەکانی عێراق کراون.
جووتیار عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوڕەس بۆ بازرگانیی گشتی و هاوردەکردنی کاڵا دەڵێت: بەهۆی دانانی ئەم خاڵە گومرگیانە و گومرگکردنەوەی ئەو کاڵایانەی لە خاڵە گومرگییەکانی هەرێمەوە بەتایبەت لە خاڵی گومرگی ئیبراهیم خەلیل گومرگ کراون، هەناردەی کاڵا بۆ شارەکانی عێراق بەڕێژەی 50% کەمی کردووە، ئەگەر بەردەوامیش بێت لەوانەیە 25%ی دیکەش کەم ببێتەوە.
ئەو بازرگانە کە زیاتر نیسک، نۆک، برنج و فاسۆلیا و کاڵا خۆراکییەکانی دیکە لە ئوکراینا، ڕووسیا و هیندوستان و مەکسیک و وڵاتانی دیکە دەکڕێت و لە تورکیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستانی دەکات، بەشێک لە بەرهەمەکانی لە #زاخۆ# و هەولێر بە بازرگانانی عەرەب دەفرۆشێت.
جووتیار نموونە بە فرۆشی نیسک دێنێتەوە کە پێشتر مانگانە 1000 تۆن نیسکی فرۆشتووە و بەشی زۆری هەناردەی عێراق کراوە، بەڵام ئێستا مانگانە 300 تاوەکو 400 تۆن دەفرۆشێ کە زۆربەی لە ناوخۆدا ساغدەکرێتەوە.
جووتیار گوتی: جیاوازییەکی زۆر لە بڕی ڕەسمی گومرگی لەنێوان هەرێم بەغدا هەیە، بۆ نموونە لەبەرامبەر هاوردەکردنی تۆنێک نۆک یان نیسک یان فاسۆڵیا لە تورکیا، لە گومرگی ئیبراهیم خەلیل 15 دۆلار وەردەگرن، بەڵام لە خاڵە گومرگییەکانی عێراق 100 دۆلار وەردەگرن، نزیکەی 30 دۆلاریش تێچووی گواستنەوە دەچێتە سەر.
ئێستا بەهۆی جیاوازیی نرخ و هەرزانیی تێچووی گواستنەوە لە ڕێگەی بەندەری بەسرە، بەشێک لە بازرگانان پەنایان بۆ ئەو بەندەرە بردووە و لەوێوە کاڵا هاوردەی شارەکانی عێراق دەکەن. جووتیار دەڵێت: ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەوڵی لابردنی ئەم بازگانە نەدەن، گومرگی ئیبراهیم خەلیل ڕۆڵی جارانی نامێنێ.
لە داتاکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیدا ڕۆڵی خاڵی گومرگی ئیبراهیم خەلیل بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی بەڕوونی دەردەکەوێت. بۆ نموونە لەکۆی 7.6 ملیار دۆلار هاوردەی عێراق لە تورکیاوە لە ساڵی 2016دا، 7.5 ملیار دۆلاری لە خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە بووە.
بەهەمانشێوە لە داتاکانی ساڵی 2017ی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی هەرێمیشدا ڕۆڵی ئیبراهیم خەلیل بە ڕوونی دیارە، بەجۆرێک لەو ساڵەدا لە ڕێگەی 2065 مۆڵەتی بازرگانییەوە، بایی 3 ترلیۆن و 647 ملیار و 662 ملیۆن دینار کاڵا هاوردە کراوە.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی دەڵێت: حکومەتی عێراق بۆ لاوازکردنی جوڵەی بازرگانی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئەم خاڵە گومرگیانەی داناوە و دووبارە گومرگ لە بازرگانان وەدەگرێت، ئەمەش نرخی کاڵاکانی لە شارەکانی عێراق زیاد کردووە، بەو هۆیەشەوە بازرگانان کاڵای کەمتر هەناردەی عێراق دەکەن.
گوتیشی: بازگەکان لەبەر ئەوەی بەنایاسایی دانراون، بۆیە هەرجارە و بەجۆرێک گومرگ لە بازرگانان وەردەگرن، هەندێجار تەنیا جیاوازیی گومرگ وەردەگرن، هەندێجاریش تەواوی گومرگ و هەندێجاریش بەخەمڵاندن گومرگ وەردەگرن.
تورکیا نیگەرانە
بە قسەی نەوزاد ئەدهەم تورکیاش لە دانانی ئەو خاڵە گومرگیانە نیگەرانە، چونکە دووبارە وەرگرتنەوەی باج کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی هەناردەی کاڵای تورکی بۆ عێراق هەبووە بۆیە هەردوولا ڕێککەوتن خاڵێکی سنووریی نوێ لە دەرەوەی خاکی هەرێمی کوردستان دابنێن، ئامانجی هەردوولاش لاوازکردنی جوڵەی بازرگانی کوردستان بوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
جگە لە وەرگرتنی گومرگ لەو کاڵایانەی لە دەرەوە لەڕێی خاڵە گومرگییەکان بۆ عێراق هاوردە دەکرێن، ئەو خاڵە گومرگیانە گومرگ لەو کاڵایانەش وەردەگرن کە لە کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێن و هەناردەی شارەکانی عێراق دەکرێن.
جووتیار عومەر دەڵێ: بەرهەمەکە یان کاڵاکە لە دەرەوە هاوردەکرابێت یان لە کوردستان بەرهەمهێنرابێت ئەوان گومرگی خۆیان دەوێت، تەنیا گومرگ لە بەرهەمی ئەو کارگانە وەرناگرن کە مۆڵەتی حکومەتی عێراقیان هەیە.[1]
#02-11-2018#