یەکێکە لەو ژەنیارو ئاوازدانەرە ناسراوانەی شاری #سنە# کە توانیویەتی لە چەندین ئەلبوومیدا جوانی ئەفسانەیی و ئەندێشەیی مەقامەکانی ئاوازە ڕەسەنەکانی کوردی لە شێوازی (سۆزی خانەقایی) وەک مەقامی (هەرا) و مەقامی (دەرەیی) بەشێوەیەکی بەرچاوو کارامانە بڵێتەوە، کەسێکە کە بە ئامێری (دیوان)ەوە حەوت دەزگای مۆسیقی ژەنیوە، کە ئەمەش لەسەر ئاستی مۆسیقای دنیا کارێکی هونەری ناوازەیە، شوێنی یەکتر ناسینمان لەسەر مەزاری پیرۆزی هونەرمەندی مەزن (#سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی#) بوو، کاتێک وەک شاندی پێشەنگای کتێبی کوردی لە سنە بەو زیارەتەش هەستاین، لە کاتی گەڕانەوەمان بۆ سنە لە گفتوگۆیەکیدا کە لە ناو پاسێکدا قسەی بۆ کردین، بەڕێزیان پێی وا بوو کە تا ئێستا بە شێوازگەلی تیۆریی، لەسەر ئاستی مۆسیقای مەقامیی هیچ جۆرە کارێکی گشتگیر ئەنجام نەدراوە، گەرچی بە پراکتیکی کاریش بۆ مەقامات کرابێت، مەقاماتی ناوچە کوردنشینەکانی کە مۆرکی ڕەسەنی کوردەوارییان پێوە دیارە، بۆ سێ چەشنی پۆلین کرد: یەکەمیان بە مۆسیقای ئاوازی و مەقامیی ناوی هێنان، دووەمیان میلۆدیی، سێیەمینیان ڕیتمە، وەک ڕیتمەکانی حەوت هەشتەمی (گەڕیان)، کە لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سوودیان لێ وەرگیراوەو بەڵام هەر بە مۆرکە کوردییەکەیەوە وەریانگرتووەتەوەو هەرچەندی کردبێتیان نەیانتوانیوە ئەو مۆرکە ڕەسەنەی بشێوێنن، (نەسیری) پێی وا بوو کە بۆ یەکەمین جاریش لە مێژووی مۆسیقای کوردیدا کاتێک مۆسیقای شاریی وەک تاقانە مۆسیقای کلاسیکی کوردی سەری هەڵدابێت، لە کاتی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی دەستی پێکردووە، ئیتر میلۆدییە باوەکانی کە بە نەگۆڕاوەیی تا ئێستا ماونەتەوە ئەوانە بۆ خۆیان بناغەیان لە مۆسیقای یارسانەوە هاتووە کە پێشینەیەکی هەزاران ساڵەی هەیەو ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر مۆسیقای فارسی و تورکی و عارەبیش داناوە، تەنانەت مۆسیقارە گەورەکانی کوردیش تا ئێستا نەیانتوانیوە هەموو سەرچاوەکانی ئەو میلۆدییانە کۆبکەنەوەو ئەمەشی لە چەند دیمانەیەکدا باس کردووەتەوە، پێی وابوو تەنیا کەسێک کە لە دیوی خۆرهەڵاتی کوردستان لە ئاستی ئامێریدا توانیبێتی سەرجەم مۆسیقای (تەموورە) بە بەرنامە کۆبکاتەوە (عەلی ئەکبەری مورادی)یەو لە ژێر ناوی مۆسیقای مەقامی کوردی ناسیونی، دواتر گرووپەکانی پوورنازری و کامکاران و عەندەلیبیەکان و مەزهەری خالقیش لە کۆکردنەوەی ئەو بەرهەمانەدا ڕۆڵی بەرچاویان هەیە، بەڵام پێی وایە ئەمەی کراوە وەک هەڵگۆزتنی گۆزە ئاوێکە لە زەریایەکی بێ بندا، نەسیری داخی لەوەش دەخوارد کە زۆربەی زۆری مۆسیقارە کوردییەکان مەقاماتی کوردی ناناسن، ئەوانەشیان کە چڕیویانە بە نیوە هومایوونی یان نیوە سێگاهی یان گۆشە نیگایەکیان لە مەقام هەبووەو کەم کەمانە خۆیان لە قەرەی داوە، لە کاتێکدا مەقام بناغەو بنەمای مۆسیقای کوردییە، تەنانەت ژەنیارەکانیش لە بواری ژەندنی مەقامە کوردییەکاندا لێهاتوو نین، بەڵام عەلی مەردانی وەک نموونە هێنایەوە کە توانیویەتی بە کامڵی مەقامەکانی پێشکەش بکات و سەید عەلی ئەسغەریش لە گۆرانیەکانی زەردەی خەزان و لە بەیاتی زەندا لەم بارەیەوە سەرکەوتوو بووە، هەروەها ئاماژەی دا بە دوو مەقامی موستەفاداداری مەهابادی کە مەقام بە ڕێکو پێکی دەڵێتەوە و شەهریبان یش وەک دەنگێکی ژنانە کە دەتوانێت کارامانە مەقامی لاوک بڵێتەوەو شوان پەروەریش لە مەقامی لاوک ئەدای باشە نەک لە ئەڵاوەیسی و ڕاست، نەسیری پێی وایە تا لاوک و حەیران و سیاچەمانەو هۆرە هاوشێوەی ئاوازی ئێرانی بە نۆت نەکرێن ئەوە هەر ئاستی مۆسیقای کوردی لە دابەزیندا دەبێت و بەرەو لە ناوچوون دەچێت.
دواجار بەڕێزیان گازندەو گلەیی خۆی ئاڕاستە کەناڵەئاسمانیەکان کرد کە ڕۆڵێکی ی یەکجار سامناک دەگێڕن بۆ شێواندن و لەباربردنی ڕەسەنایەتی و مۆرکی مۆسیقای کوردی و تێکدانی چێژی هونەری تەنانەت گلەیی لە کۆنسێرت و ڤیستیڤاڵەهونەرییەکانی باشووری کوردستانیش هەبوو کە لە کاتی داوەتنامەو بانگهێشتیان بێ بەرنامە کەسانێک لە خۆرهەڵاتەوە بانگ ناکەن کە لەم بوارانەی باسی کردن پرۆفیشناڵانەو لێهاتووبن و سوود بە هونەری ڕەسەن بگەیەنن.