دواڕۆژ، هۆگر کەمال
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی #سلێمانی# ئاشکرای دەکات: لەماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە 15 هەزار قوتابی و خوێندکار وازیان لە خوێندن هێناوە لە سنورەکەیان، بەڵام ئاماری ڕاستەقینەی ئه و حاڵەتە ڕەنگە دوو هەزار خوێندکاربێت، دەشڵێت: دەبێت ورد بین له و بابەتە و ئامارێکی دەقیقمان لەبەردەستبێت، چونکە هەموویان وازیان نەهێناوە بەشێکیان خێزانەکانیان چوونەتە دەرەوەی وڵات و بەشێکیشیان ئاوارەبوون و ڕۆشتوونەتەوە وڵاتی خۆیان.
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی، بە دواڕۆژی وت: ساڵی (2016-2017) لە سنوری پەروەردەی گشتی سلێمانی پێنج هەزار و 74 قوتابی و خوێندکار وازیان لە خوێندن هێناوە، بەڵام ساڵی (2017- 2018) نزیکەی 10 هەزار قوتابی و خوێندکار وازیان لە خوێندن هێنا.
وتیشی: ئەمە هۆکاری زۆرە، یەکەم ئێمە کاتێک ئاماری ئاوارە و سورییەکان وەردەگرین دەبێتە ئامار لای ئێمە، بەڵام کاتێک دەڕۆنەوە شار و وڵاتی خۆیان بە وازهێنراو لەقەڵەم دەدرێن، هەشیانە کە دەزانن داخڵی تاقیکردنەوەی وەزاری نابن خۆیان وازدەهێنن و دەڕۆن، بۆیە دەبێت وردبین له و بابەتە، چونکە بەهۆی ئەوەی بودجەمان لەبەردەست نەبوو نەماتوانی ئامارێکی ورد و دەقیق بکەین.
دڵشاد عومەر، ئاماژەی بەوەشدا: ئامارێکی دەقیق ئەوەیە ڕەنگە دوو هەزار قوتابی و خوێندکار بە جددی وازیان لە خوێندن هێنابێ بەهۆکاری دارایی و سەربازی لە ناوچەکە، جگەلەوەش چەندین خێزان بۆ ژیان چوونەتە دەرەوەی وڵات و لەوێ منداڵەکانیان دەخوێنن ئەمە بە وازهێنراو لەقەڵەم نادرێن، یاخود هەیە بەشێک لە قوتابی و خوێندکار خوێندنەکەی گواستۆتەوە بۆ پارێزگایەکی تر، ئەمەش بە وازهێنراو هەژمارناکرێت، بۆیە پێویستە زۆر ورد و دەقیق بین لە باسکردنی وازهێنانی خوێندکار لە خوێندن.
جەختیشی کردەوە: بۆ ئەم حاڵەتە هەتا لێکۆڵینەوەیەکی ورد نەکەین ناکرێت بەمەبەست عەیبەیەک بخرێتەسەر #وەزارەتی پەروەردە# و بوترێت ئەوەندە قوتابی و خوێندکار وازیان لە خوێندن هێناوە.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو: وەک ئەوەی خوێندن لەم وڵاتە بێبەرامبەرە، بەڵام تائێستا حکومەت نەیتوانیوە دایکان و باوکان ئیجبار بکات بەوەی دەبێت منداڵەکەی هەر بخوێنێت و بۆیان نەبێت دەریبێنن لە خوێندن، دەبێت وەزارەتی پەروەردە ئەوەبکات بەهۆی بارودۆخی داراییەوە نەمانتوانییوە ئەوەبکەین.[1]
#03-11-2018#