#وەزارەتی خوێندنی باڵا# و توێژینەوەی زانستی وەرگرتنی (15763) خوێندکاری تر لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەنجامی سکاڵاکانیان ڕادەگەیەنێت، هەروەها (4091) خوێدکاری دیکەش کە داوای شوێن گۆڕینیان کردبوو بەپێی داواکارییەکانیان شوێنەکانیان بۆ گۆڕاوە.
عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: دوای ئەوەی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و، ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ دەرچوانی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی، پلانی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی خوێندنی (2018-2019) زیاد کراو دەرگای پێشکەشکردنی سکاڵا بۆ دەرچووانی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی کرایەوە، لە ئێستادا وەزارەتەکەمان ئەنجامی سکاڵاکان ڕادەگەیەنێت کە بەم شێوەیەی خورارەوەیە:
1- لەئەنجامی پێشکەشکردنی سکاڵادا (19854) دەرچووی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی بەهەردوو خول سکاڵایان تۆمارکردووە. لەو ژمارەیەدا (15763) خوێندکار ئەوانەن کەناویان لەهیچ شوێنێک نەهاتبۆوە، (4091) خوێندکاری دیکەش کە داوای گۆڕینی شوێنیان کردبوو شوێنەکانیان بۆ گۆڕدراوە.
2- وەرگرتنی (15763) خوێندکاری تر لە زانکۆ و پەیمانگەکان، کە پێشتر ناویان لە هیچ شوێن دەرنەچووبوو بەپێی ئەنجامی سکاڵاکان ناویان لەم شوێنانە گەڕاوەتەوە کە خۆیان داواکارییان بۆی پێشکەش کردبوو. لەم ژمارەیەدا (674) خوێندکار لە دەرچووانی خولی یەکەمن.
3- ئەنجامدانی شوێن گۆڕین بۆ (4091) خوێندکار کە داوی شوێن گۆڕینیان کردبوو، بۆیە بەپێی داواکارییەکانیان شوێن گۆڕینیان بۆ کراوە.
4- لە ئێستادا کۆی گشتی وەرگیراوان بۆ ساڵی خوێندنی (2018-2019) بریتییە لە (43426) چل و سێ هەزار و چوار سەدو بیست و شەش وەرگیراوی خولی یەکەم و دووەمی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی.
5- لە وەرگرتنی (15763) خوێندکار بڕیاری وەزارەت بۆ جیاوازی کەمترین کۆنمرەی وەرگرتن لەنێوان خولی یەکەم و خولی دووەم کە لە (3) نمرە تێپەڕی نەبێت ڕەچاوکراوە.
6- دەرچووانی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی دەرچووانی خولی یەکەم و خولی دووەم ئەوانەی سکاڵایان تۆمارکردووە دەتوانن سەعات 9ی سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەوە ڕێکەوتی (3/11/2018) بەهەمان وشەی تێپەڕ و وشەی نهێنی (پاسۆرد و یوزەرنەیم) ئەنجامی وەرگرتیان لە زانکۆو پەیمانگەکان لە وێبسایتی (www.regayzanko.com) بەشێوەی ئۆنلاین وەربگرنەوە.
7- وەرگیراوان لەزانکۆ و پەیمانگەکان پێویستە دوای وەرگرتنەوەی ئەنجامەکان پەیوەندی بە بەش و کۆلێژەکان بکەن بۆ خۆتۆمارکردن و مامەڵەکانیان بۆ دەستکردن بە پرۆسەی خوێندن.
عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی لەسەر ئەوە کردووە وەک چۆن لەماوەی ڕابردوو دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیمان دڵنیاکردەوە، کە ستافی وەزارەت لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ فەراهەمکردنی دەرفەتی خوێندن و چارەسەرکردنی هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەندارن بە وەرگرتنی قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆکان، لە ئێستاشدا خەمخۆری و پەرۆشیی وەزارەت وەک لایەنی سەرەکی ئەم پرۆسەیە بۆ دەرچووان بە تەواوی ڕوونبۆتەوە.[1]
#03-11-2018#