سەمیر ئۆکاشا
لە ئینگلیزیەوە: #حسێن حسێنی#
زانست چییە؟
زانست چییە؟ لەوانەیە وابزانی وەڵامی ئەم پرسیارە سادەیە: ڕوونە زانست یانی بابەتگەلێکی وەکو فیزیا، کیمیا و زیندەناسی. بواری وەکو هونەر، موزیک و ئایینناسی زانست نین. بەڵام کاتێک فەیلەسووفێک دەپرسێت زانست چییە، ئەم جۆرە لە وەڵامی ناوێت. ئەوەی فەیلەسووف دەیەوێت تە نها زنجیرەیەک چالاکی نییە کە بەگشتی پێی دەگوترێت زانست. بەڵکو ئەو بەدوای خسڵەتی هاوبەشی ئەم چالاکییانەوەیە، واتە بەدوای ئەو تایبەتمەندییەوەیە کە ئێمە بەپێی ئەو شتێک بە زانست دادەنین. هەر بۆیە پرسیارەکەی ئێمە پرسیارێکی هەروایی و سادە نییە.
بەڵام خوێنەر هێشتا لەوانەیە وابزانێت، بەهەرحاڵ ئەمە پرسیارێکی سادە و بێ گرێیە و وەڵامە ڕاست و دروستەکەشی بریتییە لەوەی زانست هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەو جیهانەی کە تێێدا دەژین، ڕوون کردنەوەی ئەم جیهانە و پێشبێنی ڕووداوەکانی. بێگومان ئەم وەڵامە ژیرانەیە. بەڵام ئایا ئەمە هەموو چیرۆکەکەیە؟ ئایینە جۆراجۆرەکانیش هەوڵیان بۆ ئەوەیە لەم جیهانە تێبگەین و ڕوونی بکەنەوە، بەڵام ئێمە بەگشتی ئایین بە لقێک لە زانست دانانین. ئەستێرەگەر و بەخت بینەکانیش هەوڵیان ئەوەیە پێشبێنی داهاتوو بکەن. بەڵام زۆربەی خەڵک ئەم کارە بە زانست دانانێن. هەر بەوشێوەش مێژوو. مێژووناسان هەوڵدەدەن ئەوەی ڕووی داوە تێیبگەن و هۆکاری ڕووداوەکان دیاری بکەن، بەڵام بەگشتی مێژوو لە ڕیزی زانستی پەتی دانانرێت. بەڵکو بە ڵقێک لە ئەدەب و زانستی مرۆیی دادەنرێت. کەوابوو، وەکو زۆر پرسیاری فەلسەفی تر زانست چییە؟' ئاڵۆزتر لەوەیە کە لەسەرەتاوە دەبینرا.
زۆر کەس لەسەر ئەو باوەڕەن کە جیاوازی نێوان زانست و نازانست دەبێت لە میتۆدە تایبەتانەدا کە زانایان بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە جیهان بەکاری دەهێنن. ئەم قسەش بەتەواوەتی ژیرانەیە، چونکە لە زۆر زانستدا بۆ لێکۆڵینەوە هەندێک میتۆدی تایبەتی بەکاردەهێنرێت، کە لە بوارە نازانستییەکاندا بوونی نییە. نموونەیەکی زەقی جیاوازی لە مێتۆددا، بە کارهێنانی تاقیکردنەوەیە. لە مێژووی گۆڕانکاری زانستدا بەکارهێنانی تاقیکردنەوە وەکو خاڵێکی وەرچەرخان دادەنرێت. هەڵبەت بواری زانستیش هەن کە تاقیکردنەوە تێیدا بەکارناهێنرێت. ڕوونە ئەستێرە ناس ناتوانێت ئاسمان بکات بە بابەتی تاقیکردنەوە بۆ خۆی. ئەو لێرەدا تەنها دەبێت پشت ببەستێت بە ڕوانگەکردنی وردی ئاسمان. زۆر لە لقەکانی زانستی کۆمەڵایەتیش دەچنە ئەم چوارچێوەوە......
ئەم کتێبە پێکدێت لەم بەشانە
بەشی 1: زانست چییە؟
بەشی 2:بەڵگەبێژیی زانستی(Scientific Reasoning)
بەشی 3: لێکدانەوە لە زانستدا
بەشی 4: ڕیاڵیسم و دژەڕیالیسم
بەشی 5: گۆڕانکاریی زانستی و شۆڕشی زانستی
بەشی 6:پرسە فەلسەفییەکانی فیزیا، زیندەناسی و دەروونناسی
بەشی 7: زانست و ڕەخنەگرەکانی
ئەم کتێبە ئێستا لە ناوەندی غەزەڵنوس و هاوکات لە پێشانگای نیودەوڵەتی کتێبی هەولێر لە بەردەستە.
کتێبێک هەم زانستی و هەم فەلسەفی بەزمانی سادە. [1]