دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد ڕابی
ئەمڕۆ دووشەممە قۆناغی دووەمی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەرپرسی ڕاگەیاندنی مەرزی نێودەوڵەتی #حاجی ئۆمەران#یش دەڵێت: جموجوڵی بازرگانی لە مەرزەکە تائێستا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتوووە، تەنیا ئەوە نەبێت نزیکەی مانگێکە ڕێگە نادات 20 ماددەی جۆراوجۆر هاوردەی هەرێم بکرێت.
سیروان حسێن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی گومرگی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بەدواڕۆژی وت: تائێستا جموجۆڵی بازرگانی و مەدەنی لەمەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ئاساییە و هیچ شتێک نەگۆڕاوە.
لەبارەی داخستنی مەرزەکەشەوە دوای سزاکانی سەر ئێران، سیروان وتی: تائێستا هیچ ڕێنمایی و نوسراوێک بۆ ئێمە نەهاتووە کە ئاماژە بێت بۆ داخستنی مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی گومرگی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران باسی لەوەشکرد: ئێران تەنیا ئه و خۆراک و سەوزانە ناهێڵیت هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێن کە لە ناوخۆی وڵاتەکەی پێویستی پێیەتی و نزیکەی مانگێکە ڕێگە نادات 20 ماددەی جۆراوجۆر هاوردەی هەرێم بکرێت.
بەپێی وتەی چەند بارهەڵگرێت، هەرچەندە جموجۆڵی بازرگانی لە مەرزەکە ڕانەگیراوە، بەڵام ئەمڕۆ بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو جموجوڵ تیایدا سستبووە.
ئەو بارهەڵگرانە دەشڵێن: تاکو پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەنیا یەک بارهەڵگر بە بارەوە لە ئێرانەوە هاتۆتە هەرێمی کوردستان، بە پێچەوانەوە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی ئێران لەمەزری حاجی ئۆمەران ڕیزیان بەستبوو بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان.
لە مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، ساڵانە بڕی 12 ملیۆن تەن شمەک ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت، له و ڕێژەیەش 97% کەلوپەلەکان هاوردەن و بە ڕێژەی 3% هەناردە دەکرێن.[1]
#05-11-2018#