ئەکادیمی و شارەزایانی بواری فیلمسازی لە هەرێمی کوردستان، باس لە هۆکارەکانی لاوازیی بواری سینەما دەکەن، کە گرنگترین هۆکارەکان بریتین لە نەبوونی بودجەی تایبەت بە سینەما، پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، به کلتورنەبوونی چوونە سینەما بۆ تەماشاکردنی فیلم.
لە دوای ڕاپەڕینی 1991 لە باشووری کوردستان، ژمارەیەک فیلمی سینەمایی کوردی بەرهەمهێنراون، بەڵام بەهۆی گرنگینەدانی پێویست بە سینەما، فیلمەکان بەگشتی لاواز بوون، ژمارەی ئه و فیلمە سینەماییە کوردییانەی لەدوای ڕاپەڕینەوە بەرهەمهێنراون، 66 کورتە فیلمی سینەمایی و شەش فیلمی سینەمایی درێژه، سەبارەت بە لاوازیی سینەما لە هەرێمی کوردستان، کەسانی ئەکادیمی و شارەزا لە بواری فیلمسازی بۆ ڕۆژنیوز دوان.
هەوراز محەمەد، فیلمساز، سەبارەت بە بەرهەمهێنانی فیلم لە باشوری کوردستان وتی:بەرهەمهێنانی فیلم لە باشوری کوردستان نوێیە و لە دوای ڕاپەڕینەوە دەستکراوە بە بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی، هەرچەندە بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی لە هەرێم نوێیە، بەڵام توانیویەتی پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێت و بەشداریی فێستیڤاڵەکان بکات، بەڵام بە بەراورد بە سینەمای وڵاتانی دیکە سینەمای کوردی هەژارە.
هەوراز ئاماژەی بەوەشکرد، کە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی فیلم سێ لایەنی سەرەکی دەگرێتەوە، ئەویش هونەری و پیشەسازی و بازرگانیە، بۆ هەریەک لەم لایەنانە لە هەرێمی کوردستان کەموکورتی هەیە، لە ئاستی بەرهەمهێنان وەک پێویست پێداویستییە تەکنیکییەکانمان لەبەردەست نیە و نەتوانراوە کادری باش بۆ پشتی کامێرا بەرهەمبهێنن، کێشیی لایەنە پیشەسازیەکەش ئەوەیە کە بە گروپ کار ناکرێت، لایەنە بازرگانیەکەش پەیوەندیی بە پەخش و بڵاوکردنەوە هەیە، زۆربەی فیلمە سینەماییە کوردییەکان کورتە فیلمن، بۆیە تەنها لە فێستیڤاڵەکان و سۆشیال میدیا پەخشدەکرێن.
ئەو فیلمسازە باسیشی لە پەخشکردنی فیلم و درامای وڵاتانی دیکە کرد، وتی: پەخشکردنی فیلمی وڵاتانی دیکە کاریگەریی لەسەر کلتوری کوردی هەیە، بەتایبەت ئێران و تورکیا دەیانەوێت بە سیاسەت کار لە کلتوری باشوری کوردستان بکەن، هەروەها بێئاگایی میدیا کوردییەکان لە پەخشکردنی ئەو دراما و فیلمانە کاریگەریی لەسەر بینەری کورد کردووە و ئالودەی بوون، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە باشور هەوڵنەدراوە گەشە بە دراما و فیلمی سینەمایی کوردی بدرێت، بۆیە بینەر ئالودەی فیلم و درامای وڵاتانی دیکە بووە.
کەی بەشی فیلمسازی لە زانکۆی #سلێمانی# کرایەوە؟
بەشی فیلمسازی لە زانکۆی سلێمانی لە ساڵی 2016-وە کراوەتەوە، پێنچ پسپۆڕیی له و بەشە دەخوێندرێن، نواندن، دەرهێنان، سیناریۆ، مۆنتاژ، سینەماتۆگرافی کە کامێرا دەگرێتەوە.
ژمارەی ئه و خوێندکارانەی له و بەشە دەخوێنن نزیکەی 200 خوێندکار دەبن، ئه و بەشە له سێ قۆناغ پێکدێت، لەکاتی دروستبوونیەوە بەشی فیلمسازی 41 کورتەفیلمی بەرهەمهێناوە، کە تایبەت بوون بە بوارەکانی 'جێندەر و کێشەکانی ژنان، جینۆساید' و چەندین بواری دیکە، کە بەهاوکاریی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان کاریان لەسەر کردووە، بەڵام ئەم بەشە لەڕووی ئامێری بەرهەمهێنانی فیلم کەموکورتییان زۆرە.
دکتۆر دڵشاد مستەفا، سەرۆکی بەشی فیلمسازی لە زانکۆی سلێمانی، سەبارەت بەوەی کە لە ئێستادا بینەران کەم ڕوو لە سینەما دەکەن، وتی: نەریتی چوونه سینەما لەساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوودا زۆر بووە، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەی ڕژێمی بەعس چوونەدەرەوەی لە شەواندا قەدەغە کرد، ئیتر چوونە سینەما لاواز بوو تاوەکو دوای ڕاپەڕین، بەڵام دوای ڕاپەڕینیش چوونە سینەما وەکو پێشتری لێنەهاتەووە، تاوەکو ئەم ساڵانەی دوایی کە لەشاری سلێمانی 'سینەما سالم' و 'سیتی سینەما' کرانەوە، پێشتر لە شاری سلێمانی سێ سینەما هەبوون 'سینەما ڕەشید، سینەما دڵشاد، سینەما سیروان'، بەڵام بەهۆی ئەوەی شوێنەکانیان موڵکی تایبەت بوون، بۆ بازرگانی بەکارهێنران و دووبارە نەکرانەوە بە سینەما.
دکتۆر دڵشاد پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای بە هۆکارێکی دیکە زانی کە خەڵک کەمتر ڕوو لە سینەماکان دەکەن، وتی، لەوڵاتانی دیکە سەرەڕای ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆجییانە، بەڵام هەر دەچنە سینەما بۆ سەیری فیلم، بەڵام لە هەرێم تا ئێستا چوونە سینەما نەبووەتە کلتور.
سەرۆکی بەشی فیلمسازی لە زانکۆی سلێمانی باسی لەوەشکرد، کە بەشی فلیمسازی لەگەڵ 'سینەما سالم' پڕۆژەیەکیان هەیە بەناوی 'بەکلتورکردنی سینەما'، پڕۆژەکە بۆ ئەوەیە کە بتوانن لە خوێندنی سەرەتاییەوە منداڵ فێری ئەوە بکرێت بچێتە سینەما، هەروەها سەردانی خوێندنگەکان دەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکانیان بچنە سینەما، ئەم پڕۆژەیەش بەمەبەستی ئەوەیە کە دووبارە چوونە سینەما ببێتەوە کلتور.
دکتۆر دڵشاد لە کۆتایی قسەکانیدا هۆکاری کەمیی فیلمی سینەمایی کوردیی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بودجەیەکی تەرخان نەکردووە بۆ سینەما، کەرتی تایبەتیش هیچ بڕوای بەوە نیە کە فیلم بفرۆشێتەوە، ئەرکی حکومەتە کەرتی هاوبەش دروستبکات بۆ سینەما، بەشێک لە بودجە و پێداویستییەکان خۆی تەرخانی بکات و بەشێکیش کەرتی تایبەت بیدات.
ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری سینەمای سلێمانی چیە؟
لەساڵی 2005–وه لە سلێمانی بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ هونەری سینەما دامەزراوە، ساڵانە لە ڕۆژی سینەمادا چالاکیی تایبەتی هەیە.
کاوە قادر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی هونەری سینەمای سلێمانی، باسی له و ئاستەنگانە کرد کە هاتووەتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، وتی: لە ئێستادا بودجە بۆ سینەما و بەڕیوەبەرایەتییەکانیان دابین ناکرێت، ئەمەش وایکردووە کە نەتوانرێت بەپێی پێویست کارەکانیان ئەنجام بدەن.
بەڕێوەبەری بەشی هونەری سینەمای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەڕێوەبەرایەتیی هونەری سینەمای سلێمانی هەمیشە هاوکاری سینەماکانی شاری سلێمانی بوون، هەروەها هاوکاریی هەر ڕێکخراو و کۆمپانیایەک دەکەن کە بیەوێت فیلمێکی سینەمایی کوردی بەرهەمبێنێت.
ڕێژەی چوونی خەڵک بۆ 'سینەما سالم' چۆنە؟
'سینەما سالم' یەکێکە لە سینەماکانی شاری سلێمانی، لە ساڵی 2016 دامەزراوە، ڕۆژانە لە چوار کاتی جیاوازدا فیلم نمایش دەکات، بەڵام بەوتەی خۆیان، بە هەر چوار کاتەکە تەنها 10 کەس سەردانی ئەم سینەمایە دەکەن، ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە.
یەکێک لە کارمەندانی سینەما سالم ئاشکرایکرد، کە ئەو کاتەنەی کە فیلمە سینەماییە کوردیەکان لە سینەماکە نمایشدەکرێت، ڕێژەی ئه و کەسانەی سەردانی سینەماکە دەکەن بۆ بینینی فیلمەکە زیاترە بەراورد بە کاتە ئاساییەکان.[1]
#07-11-2018#