دوێنێ (سێشەممە) 6/11/2018 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بۆ دەستگیرکردنی سێ ڕێبەرو شۆشگێڕی کورد، بەڕێزان #جەمیل بایک#، #موراد قەرەیلان# و #دوران کالکان# خەڵاتی پارەی داناوە. ئێمە ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا ڕەتئەکەینەوەو بە هەموو شێوەیەک لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستە ڕائەوەستین. ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە توندی ئەم هەڵویستە ڕیسواو شەرمەزار ئەکەین.
بەڕێزان جەمیل بایک و موراد قەرەیلان و دوران کالکان ئەوە 40 ساڵ زیاترە بە سەربەرزیی لە ڕیزی پێشەوەی شۆڕشی کوردستاندان. بەڕێزان جەمیل بایک و موراد قەرەیلان هەمانکات ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانن. ئەندامێتی ئەوان لە کۆنگرەدا بۆ ئێمە جێی شانازییە. ئەو سێ ڕێبەرو شۆڕشگێڕە هەموو تەمەنی خۆیان بە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بەخشیوە. ئێستاش شەو ڕۆژ بە خۆبەخشیی و بێ هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی هەر لەو خزمەتە بەردەوامن. ئەو مرۆڤانە لە هەموو ژیانی خۆیاندا لە دژی زۆرداریی و داگیرکاریی تێکۆشاون، مرۆڤایەتیان پاراستووەو لە بەرامبەر زۆرداری و نادادپەروەریدا لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بوون. پێویستە پەیکەری زێڕین بۆ ئەو مرۆڤانە درووست بکرێن، پێویستە ناوی ئەوان بە پیتی زێڕین بنووسرێن.
حکومەتی ئەمریکا بەو هەڵوێستە نادادپەروەرو ناڕاستەی ئەبێتە هاوبەشی زۆرداری و ملهوڕیی دەوڵەتی تورکیا. ئەم هەڵوێستە لە ئەخلا ق و ڕەفتاری مرۆڤایەتییەوە دوورە. ئەو بڕیارە وەک بڕیارەکانی پێشووتری لیستی تیرۆر و لیستی نارکۆتیکا لە ئەنجامی مامەڵەی قێزەوندا دراوە. بۆ ئەمریکا کوردی باش کوردی خراپ هەن. ئەوانەی لەدژی ڕژێمی سەدام، ڕژێمی ئێران و #داعش# تێئەکۆشن، کوردی باش بوون و کوردی باشن. ئەو کوردانەش لە بەرامبەر دەستدرێژی و داگیرکاریی دەولەتی تورکیادا تێئەکۆشن، کوردی خراپن. لە هەرپارچەیەکی کوردستاندا بێت، تێکۆشان دژی داگیرکاریی و لە پێناو ئازادیدایە. ئەو تێکۆشانەش هەر لە سەر زەویەوە تا ئاسمان پیرۆز و ڕەوایە. بە هەڵوێستی بەرژەوەدیخوازانەی هەندێک دەوڵەت ئەو تێکۆشانە کۆتایی نایەت.
بەو بۆنەیەوە ئێمە جارێکی تر ئەو بڕیارە شەرمەزار ئەکەین. بانگی حکومەتی ئەمریکا ئەکەین و ئەڵێن: دەست لەو هەڵوێستە دووفاقیی و ناڕەوایە هەڵگرن و ئەو لیستە نادادپەروەرانە بسڕنەوە.[1]
#07-11-2018#