چیرۆکی مردنی بەکۆمەڵی ماسییەکانی ڕووباری فورات، هەروا بەزوویی لە بیری هاونیشتیمانییان ناچێتەوە و، وای کردووە خواست لەسەر ماسییەکانی باشووری عێراق کەمببێتەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، هاوردەکردنی ماسی لە باشووری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخە بکات، چونکە زیانی تەندروسی بۆ سەر هاونیشتیمانیان دەبێت.
ماسی حەوزەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا 30%ی پێداویستیی ناوخۆ پڕدەکەنەوە، لە 70%ی ماسی بەکارهاتووش لە هەرێمی کوردستان هاوردەکراوە، بەجۆرێک 30%ی ماسی هاوردەکراو لە عێراقەوە دێت و 70%ی لە ئێرانەوە.
لە نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ماسی باشووری عێراق داواکاری زۆری لە سەربوو، چونکە ماسییەکی بەتام و چەورە بەراورد بە ماسی ئێرانی، بەڵام ئێستا ئەو بازاڕەی جارانی نەماوە و، خەڵک دەترسن، بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ قەدەخەکردنی هاوردەکردنی، ترسی زۆری لە کڕینی ئەوجۆرە ماسییە لای هاونیشتمانییان دروستکردووە.
لە پارێزگای #سلێمانی# مانگانە 200 تۆن ماسی بەرهەمدێت، ئەو بڕەش پێداویستی پارێزگای سلێمانی پڕناکاتەوە، چونکە ڕۆژانە 15 تۆن ماسی دەفرۆشرێت، واتا مانگانە پارێزگاکە پێویستی بە 450 تۆن ماسییە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی.
لەبەر خواستی زۆر لەسەر ماسی، حکومەت ڕێگەیدابوو ماسی لە ئێران و باشووری عێراق هاوردەبکرێت، کە مانگانە بڕی 600 تۆن ماسی دێتە پارێزگای سلێمانی، بەڵام لەمەودوا حکومەت ناچارە ئەو پێداویستییە تەنیا بە ئێران و بەرهەمی نێوخۆیی پڕبکاتەوە.[1]
#10-11-2018#