یادەوەرییەکان
مستەفا چاوڕەش
لەسەر بڕیاری سەرکردایەتی بڕیاری دروستکردنی چەند مەڵبەندێک درا، .
مەڵبەندی یەکی سلێمانی بارەگاکەی لە حاجی مامەند بوو،
مەڵبەندی دووی کەرکووک بارەگاکەی لە سەرگەڵوو بوو،
مەڵبەندی سێ بارەگاکەی له سما قووڵی بوو،
مەڵبەندی چوار لە بادینان بوو.
بۆ مەڵبەندی دوو بڕیاریان دا من ببمە لێپرسراوی سەربازیی مەڵبەندی دوو و بارەگاکەی لە سەرگەڵوو بێت، پێکهاتەی مەڵبەندی دوو بەم شێوەیە دیاری کرابوو:
1- عەلی بچکۆل لێپرسراوی مەڵبەند.
2- مستەفا چاوڕەش لێپرسراوی سەربازیی مەڵبەند.
3- شێخ دارای شێخ جەلال حەفید لێپرسراوی دارایی.
4- شێخ محەمەدی شێخ مەحموود لێپرسراوی کۆمەڵایەتی.
5- ئاوات عەبدولغەفور لێپرسراوی سیاسی.
6- شێخ عەبدولکەریم حاجی کاکەی شەدەڵە لێپرسراوی ئیداری.
ئێمە لە نێوزەنگ بووین لە بارەگای سەرکردایەتی. زستانی ساڵی 1982 بوو، هاتینە خوارەوە بەره و سەرگەڵوو، شوێن دیاری بۆ مەڵبەند کرا. لە ڕێگەی بێوران پشتی سەردەشتەوە بەره و دۆلەگەرم سەرکەوتین بەسەر شاخی زەردەدا، بۆ بێتوش شۆڕ بووینەوه. پاش دوو سێ ڕۆژ ڕێگە گەیشتنە سەرگەڵوو، بەڵام بۆ بڕیاری کردنەوەی مەڵبەند نە بارەگامان هەبوو نە ئیمکانیات.
ئەم تیپانەش سەر بە مەڵبەند بوون، من خۆم لێپرسراوی ڕاستەوخۆی تیپەکان بووم.
1- تیپی 47ی پیرەمەگرون، سنووری چالاکیی: کارێزە و گاپیڵۆن و شاری سلێمانی و دەوری دۆڵەڕووت، چەند بتوانێ چالاکی بکات.
2- تیپی 23ی سوورداش، ئەویش لە دوکانەوە بۆ سلێمانی.
3- تیپی 57ی سەگرمە لەبەری قەرەداغ بوو.
4- تیپی 21ی کەرکووک، مام ڕۆستەم.
5- تیپی 25ی خاڵخالان، کاک نەبەز.
6- تیپی 43ی ئاسۆس، عەبدولڕەحیم.
7- تیپی 44ی چەکوچ، شێخ سەدرەدین.
8- تیپی 68ی مامەندە، قادری مامەند ئاغا.
9- تیپی 63ی جوتیاران، محەمەد ڕازانی.
10- تیپی مەڵبەند، فاتح شوانی.
11- تیپی 65ی بلفەت، مەولود هێرویی.
12- تیپی کوڕەکاژاو، هۆمەر ئاغا.
هەریەکه و سنووری جوگرافیای خۆی جیاواز بوو، سنووریان دیاریکراو بوو. خۆشمان ئەمانزانی، هەموو تیپێک ڕابەری سیاسی هەبوو، شانەشانە ڕێکخستنی تێدا بوو، لە ڕووی سەربازیشەوە کەرت و مەفرەزەکان دیاری کرابوون و لێپرسراوی خۆیان هەبوو.