ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر ڕوودانی بومەلەرزە وێرانکەرەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کە بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون، هەروەها نزیکەی 80 هەزار کەس ئاوارەبوون، بەڵام هێشتا ئەو ناوچانە ئاوادەن نەکراونەتەوە و ئاوارەکان لەناو چادر و کابینەدا دەژین.
کاتژمێر 9:48 خولەکی شەوی 12 تشرینی دووەمی ساڵی 2017 بومەلەرزەیەکی بە هێز، کە پلەکەی لەنێوان 7.3 پلەی ڕێختەردا بوو، شاری #کرماشان#-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەوروبەری هەژاند، کە زیانی گیانی و مادی زۆری لێکەوتەوە.
ئەو بومەلەرزەیە هێندە بەهێز بوو، کە نەتەنیا کرماشان و پارێزگاکانی دەوروبەری هەژاند، بەڵکو لە هەموو کوردستان و ئێران بە گشتی و وڵاتانی عێراق، تورکیا و کوەیت و چەند وڵاتی دیکە هەستی پێکرا.
ناوەندی ئەو بومەرزە بەهێزە، شارۆچکەی ئزگڵە بوو لە پارێزگای کرماشان، کە دەکەوێتە نزیکی شاری سەرپێڵی زەهاو، بەڵام لە شارەکانی قەسری شیرین، گیلانی ڕۆژئاوا، شاباد (ئیسڵامئاوای ڕۆژئاوا)، کرن، سومار، نەفتشار، #جوانڕۆ#، ڕەوانسەر، #پاوە# لە پارێزگای کرماشان و #دەربەندیخان# و #هەڵەبجە#ی باشوری کوردستانیش بووبە هۆی زیانی گیانی و ماددی.
ژمارەی ڕاستی کوژراو و بریندارەکانی ئەو کارەساتە هەتا ئێستاش بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە، ئەو ئامارە فەرمییانەی لەلایەن حکومەتی ئێران-ەوە بڵاوکرانەوە، باس لە گیان لە دەست دانی 623 کەس و برینداربوونی 9 هەزار و 388 کەس دەکات، بەڵام سەرچاوە هەرێمیەکان بە پشتبەستن بە کۆکردنەوەی داتا مەیدانییەکان، کە شاربەشار و گوندبەگوند کۆکراوەتەوە، ئاماژە بەوەدەکەن، کە ژمارەی کوژراوەکان زیاتر لە هەزار و 700 کەس بووە و بریندارەکانیش بە زیاتر لە 15 هەزار کەس ئەژمارکراوە و، زیاتر لە 80 هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
ساڵێک گوزەراوە و سەرەڕای هەموو بەڵێنەکانی کاربەدەستانی حکومەتی ئێران، بەڵام نەتەنیا خانووەکان نۆژەن نەکراونەتەوە، بەڵکوو هێشتا زۆرێک لە ئاوارەکانی ئەو بومەلەرەیە لە ناو کابینە و چادر-دا دەژین.
حکومەتی ئێران، کە خاوەنی سامانێکی زۆری سەرزەوی و ژێرزەوییە و بە گوێرەی پسپۆرانی بواری ئابووری یەکێک لە هەرە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان، لە ڕووی سامانی سروشتی و کانزایی-یەوە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە کێشەی شارێک چارەسەر بکات.
بەهۆی دۆخی نالەباری ژیانی ئاوارەکان و ئەو کەسانەی کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە ماڵ و سامانیان لەدەستداوە، زۆرجار هەواڵی خۆکوشتنی ئاوارەکان دەبیسترێت، بەڵام ئەو هەواڵانە هیچ کات کاربەدەستانی حکومەتی ئێران ڕاناچڵەکێنێت.
سەرنجڕاکێشترین ڕوداو لە دوای کارەساتی بومەلەرزەکە، یارمەتی خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران بوو، کە بە شێوازێکی بەرچاو توانییان بەشیک لە برینەکانی ئەو کارەساتە سارێژ بکەن و کاربەدەستانی دەوڵەتی تێبگەینێت، کە خەڵک چاوەڕی فەرمانی ئەوان نابن و خۆیان برینەکانی خۆیان دەبەستن.[1]
#12-11-2018#