لە بەرواری 12ی تشرینی دووەمی 2018، کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و گفتوگۆیەکی چڕو پڕی بە گیانێکی شۆرشگێرانە و هاورێیانە ئەنجامدا لە بارەی هەڵومەرج و گۆرانکاری سیاسی لە ئاستی ناوخۆیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان بە پاڵپشت بە ڕاپۆرتە ئامادەکراوەکان.
ئەمانەی خوارەوە هەڵوێستی حزبی شیوعی کوردستانە :
لە بارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی عێراقدا ئەوەی لەم بوارەدا ڕووبەرووی حزبمان دەبێتەوە جەختکردنە لەسەر ئەوەی کە ئه و حکومەتانەی لە سەر بنەمای بەشبەشێنە و مەرجەکانی مەرجعیەتی ئاینی و دەستێوەردانی ئێران و ئەمریکا پێک دەهێنرێت، توانای چارەسەرکردنی کیشەکانی خەڵک و دابینکردنی سادەترین پێداویستەکانی ژیانی پڕ کەرامەت بۆ خەڵکی زەحمەتکیش نییە. لە هەمان کاتدا کێشەی عێراق قەیرانی بنیات وهیکەلیەتی دەوڵەتە و کێشەکانی #هەولێر# و بەغدا لە بازنەیەکی داخراودا دەسورێتەوە، و پرسیاری گەورەش پەیوەندی بە شوناسی ئەم دەوڵەتە هەیە کە هاوکاتە کە لەگەڵ بنبەستی ئه و پرۆسە سیاسییەی کە لە 2003وە دوای ڕوخاندنی ڕژیمی فاشی بەعس دەستی پێکردوە و دوای زیاتر لە پانزە ساڵ، عێراق نەبۆتە دیموکراسی و نە فدرالیەتی حەقیقی جێبەجێ کراوە، ئەمە جگە لەوەی لەرەوتی دەوڵەتی مەدەنیش لایداوە.
لەبارەی وەزعی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ناکۆکی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامە و چاوەڕی دەکرێ لە داهاتودا گوشاری ئابوری لەسەر ئیران و سزاکان زیاد بکرێت کە پێمان وایە لێکەوتی خراپی لەسەر ژیانی کرێکاران و هاوڵاتیانی دانیشتوی ئێران دەبێت. ئەم سزا ئابورییانەی ئێستا هەڵبەتە قورسترە لە وانەی پێشوو تر و نرخی تومەنی ئێجگار دابەزیەوە بەڵام لە بواری سیاسی هەموو ئەگەرێک لە ئارادایە بە ئەگەری سازشبوونی ئێران و ئەمەریکا.
حکومەتی ئۆردوگان قەشە ئەمەریکیەکەی ئازاد کرد بەڵام تا ئێستا پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا لە حالەتێکی باش دا نییە. هەندێ گۆرانکاری لە سر نرخی لیرە دەبێت بەڵام وەکو جاران توانای خۆی بدەس ناهێنێتەوە. ئۆردگان قەیرانە ناوخۆییەکانی ئاراستەی دەرەوە دەکات. مەسەلی کورد لە تورکی لە جێگای چارەسەرکردن زیندان و گرتوخانەکان لە تورکیا پڕ بوونە لە خەڵک. هەرەشەکانی ئۆردۆگان بۆ کوردانی ڕۆژئاوا بەردەوامە و ئەمەریکا بوونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی فورات سەقامگیر کردوە و بە وێستگەیەکی چارەنوسازی خۆی دادەنێت بۆ ئەوەی بەشداری لە سەر چارەسەری سیاسی وەزعی سوریا بێت.
ناکۆکی نێوان تورکیا و پەیەدە زیادیکردوە. تورکیا هەرەشە لە ڕۆژهەڵاتی فورات دەکات. تا ئێستاش ئەمریکا و ڕوسیا نەگەیشتونەتە ڕێکەوتنێک سەبارەت بەم ناوچەیە. پەیەدە بە هۆی هەڕەشەی تورکیا شاڵاوی سەربازی لە دیرالزور ڕاگرت.، هاوکات کۆمیتەی ناوەندی حزب، بەهەستیارییەوە دەڕوانێتە گۆڕانکاریی لە دۆسیەکانی بەرژەوەندی ئەمریکا لەناوچەکەداو یەکێک لەنیشانەکانی ئەم گۆڕانکارییانەش، چاوپۆشیە لەدەستێوەردان و تۆپبارانی تورکیایە بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان و هەورەها بریاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە بەدانانی بەخششی پارە بۆ سیخوڕیکردن لەسەر سەرکردەکانی #پەکەکە#یە واتای ئەوەیە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا جیاوازی ناکات لە نێوان تێکۆشان بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی لەگەڵ کاری تیرۆری ئیسلامی سیاسی توندرەو، کۆمیتەی ناوەندی بەتوندی ئیدانەی ئه و سیاسەتەی ئەمریکا دەکات.
لە بارەی بارودۆخی سیاسی و هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستاندا سەبارت بە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دوای دواکەواتێکی زۆر کە بەپێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکانی هەڵبژاردنە، کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی، ئەنجامە گشتییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، و ئەمەی خوارەوە هەڵوێستی حزبی شیوعی کوردستانە:
حزبی شیوعی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا یەک کورسی بەدەست هێناوە. هەڵبەتە ئەم دەرئەنجامەش بە بەراوورد کردن لەگەڵ تێکۆشانی شیوعییەکان و قوربانیدانیان، ئێجگار کەمە. لێرەدا سەڕەڕای هۆکاری بابەتی پەیوەست بە توانا و یەکسانی فرسەتەکان لە نێو کۆمەڵدا، و ئه و بابەتانەی پەیوەندی بە بەرێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەیە کە تێکرای ئەم حاڵەتانە ڕێگرە لە بەردەم کاراکردنی وزە و توانای حزبمان، هۆکاری سەرەکی کەمی دەنگەکانمان بۆ کەمەکوڕی خودی کارو چالاکی حزبیمان و ئەدای سەرکردایەتی و پەیوەندی ڕۆژانەی بە جەماوەر دەگەرێتەوە. بۆیە یەکەمین کار کە وەکو ئەرکێک ڕووبەرووی حزب دەبێتەوە کاراکردنی چالاکی حزبی و سەرجەم ئۆرگانەکانی حزبە و چارەسەرکردنی کەموکورییەکانی ژیانی حزبیمانە، و گەیاندنی ڕوون و ڕاستەوخۆی گوتاری سیاسی حزبە و له و بارەیەشەوە بریاری پێویست وەرگیرا.
لیستی ئازادی لەم هەڵبژاردنە یەک کورسی بەدەست هێناوە، و ئەمەش بە هەوڵ و کۆششی ئەندام و ڕێکخراوەکانی حزب و سەرجەم کاندیدەکانی لیستەکەیە کە بە کۆ، و بەگیانی لە خۆبردووییان توانرا ئەم کورسییە مسۆگەر بکرێ. لە هەمان کاتدا دۆست و لایەنگرانی حزب و چەندین لایەن و کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەم هەڵبژاردنە پشتگیری لیستی ئازادی بوون. حزبمان سوپاسی ئه و دەنگانە دەکات کە بوونە هۆی بوونی لیستی ئازادی لە پەرلەماندا. هەر بۆیە پەرلەمانتاری لیستی ئازادی لە پەرلەماندا دەنگی ڕەسن و ڕاستەقینەی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان، دەنگی هێزە چەپەکانی کوردستان دەبێت، و حزب تێکۆشانی پەرلەمانی بە تێکۆشانی جەماوەری و تێکۆشانی شەقام گرێ دەدات، و سەرجەم هەڵوێستە سیاسییەکانی لە چوارچێوەی ئیلتزامکردن بە بەرنامەی لیستی ئازادییەوە دەبێت.
پێش ئەنجامدانی پرۆسەی هەلبژاردن و لە کاتی پرۆسەکەشدا کۆمەلێک پێشلکاری گەورە ڕوویان دا کە سەرجەمیان پیشێلکردنی دیموکراسییە و بەشێکە له و گزی و تەزویرە کە بەداخەوە لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا ئەنجام دەدرێن. هەر لەسەرەتاوە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە سەر بنەمای بەشبەشێنە حزبی نێوان پێنچ لایەنی حزبی دابەشکرا، و خولیای حزبی لەسەرجەم کارەکان و هەڵوێست و بریارەرەکانی ڕەنگی دایەوە. هەرچەندە کۆمسیۆن دەنگەکانی 98 بنکەی دەنگدان کە دەگاتە 119 هەزار دەنگ پووچەڵکردەوە، بەڵام دیاردەکانی تزویر کە پێشوەخت ئامادەکاری بۆ کرابوو، دیاردەیەکی زەقی ئەم هەڵبژاردنە بوو، و لە کۆتاییشدا ئەنجومەنی کۆمسیاران بە زۆربەی پێنج بەرامبەر چوار دەنگ ئەنجامەکانیان ڕاگەیاند.
بۆ چوارساڵی داهاتووی کارمان، کۆمیتەی ناوەندی بریاری دا بەشداری کابینەی تازەی نەکاتن و دەنگی پێ نەدات بەهۆی جیاوازی دیدمان دژ بە پەیرەوکردنی سیاسەتی نیولیبرالیزمی سەرمایەداری هێزە براوەکان، پێمان وایە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەژاری وبێکاری و بەشداری سیاسی و چین و توێژە پەراوێزخراوەکانی نابێت. بەشدارینەکردن لە حکومەتی هەرێم مانای ئەوەیە کە خۆمان وەک حزبێکی بەرهەڵستکار ڕادەگەیەنین، بەڵام بەرهەڵستکارێک لە ڕوانگەی بەرنامەیەکی چەپی نیشتمانی دیمەکراتیخواز. حزبمان تێکۆشانی پەرلەمانی وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ جەختکردنەوە لەسەر هەڵویستی خۆی سەبارەت بە داکۆکیکردن لە مەسەلە نیشتمانییەکوردستانییەکان، و مەسەلەی داواکاری ڕەوای جەماوەر لە دابینکردنی بژێوییەکی پڕ کەرامەت، دەکاتەوە، و سەرلەنوێ جەخت لەسەر هەڵوێستی خۆی بۆ دژایەتیکردنی سیاسەتی ئابوری، و ئاراستەی بەتایبەتکردنی چالاکی ئابوری دەکاتەوە، لە هۆڵی پەرلەماندا دژ و به و جۆرە سیاسەتانە دەبێت کە خزمەتی بۆرژوای بیروکرات و مشەخۆر دەکات.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا چەندین بریاری پێویست بۆ چاککردنی دۆخی ناوەخۆیی و حزب وەرگیرا لە ئاستە جیاجاکانی ژیانی حزبی لە بەستنی کۆنفرانسی تایبەت و هەڵبژاردنەوە و گۆرانکاریکردن لە دەستە باڵاکانی حزبی لە چوار چێوەی خۆ ئامادەکردن بۆ ڕۆڵبینینی کاریگەر وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی چەپی دیموکرات.
کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان
#12-11-2018#